بەرگی گازی زەوی

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-10-23:58:00 - کۆدی بابەت: 639
بەرگی گازی زەوی

ناوه‌ڕۆك

پێکهاتەی بەرگی گاز

هەوا پێکدێت لە تێکەڵەیەک لە گازەکان و ماددەی دیکه (خڵتە-شوائب)، کە چڕبوونەوەو کۆبونەوەیان لە چینی خوارەوە (نزیک ڕووی زەوی)زۆرە، ئەمەش بەهۆی هێزی کێشکردنی زەویەوەیە، نزیکەی (٥٠٪)ی هەوا دەکەوێتە (٦کم)ی خوارەوەی بەرگی گازی، پێکهاتەی هەوای پاک و وشک نزیکەی(٧٨٪)ی نایترۆجینە و(٢١٪)ی ئۆکسجینەو (٠٫٩٣٪)ئارگۆنە، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم (تەنک)لەگازەکانی تری وەک(دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجین و هیلیۆم و ئۆزۆن و هتد)ڕێژەی گازەکانی بەرگی گازی زەوی جیاوازە لە ڕێژەی گازەکانی بەرگی هەسارەکانی دیکە، وەک (مەریخ-زوهرە) کە ڕێژەی گازیکانیان نزیکەی(٩٥٪) دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و نزیکەی (٣٪) لە نایترۆجین و ڕێژەیەکی زور کەمیش لە ئۆکسجین و هەڵمی ئاو پێکدێت، بەم هۆیەوە ژیان لەسەر زەوی بوونی هەیە، بەڵام هەسارەکانی دیکە هیچ شێوەیەکی ژیانیان تێدا نیە، نایترۆجین گازێکی سوک و بێزیانە، وە ئۆکسجین بنەمای ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵەکانە.
نزیکەی (٩٩٫٩٪)ی پێکهاتەی بەرگی گازی بریتیە لە (نایترۆجین ، ئۆکسجین ، ئارگۆن)کە ئەم گازانە بێ زیانن و ڕێژەکەیان نەگۆڕە، بەڵام گازەکانی دیکە ڕێژەیان
دەگۆڕێت، وە بڕی هەڵمی ئاو لەهەوادا گۆڕانکاری بەسەردا دێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
لەهەوای سارد و ناوچە جەمسەریەکاندا هەڵمی ئاو بەدی ناکرێت، بەڵام لەهەوای شێداری ناوچەی یەکساندا دەگاتە نزیکەی (٤٪)، ئەم گۆڕانکاریانەش بەتێکڕای(١٫٤٪)
بێگومان بوونی هەڵمی ئاو پێویستە بۆ دروست بوونی دیاردە کەشیە ئاویەکانی وەک (تەم-شەختە-شەونم باران-بەفر-تەرزە)، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری هەیە لەسەر هەڵمژینی بەشێک لە تیشکی گەرمی شەپۆل درێژ، بەم هۆیەوە بەشداری دەکات لەگەرم بوونی هەوا.
ئەم گازە جۆر بەجۆرانە بەهۆی زیادبوونی پیسی هەواوە چڕیان زیاد دەکات، کە ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ژینگەو ژیانی مرۆڤ.
ئەو گازانەی کەزیاد دەکەن بریتین لە ( دووەم ئۆکسیدی کاربۆن-ئۆزۆن-ئۆکسیدی نیترۆز و میسان و هتد)، ئەم گازانەش بەگازی خانووە شوشەییەکان دادەنرێت،وە دیاردەی خانوی شوشەیی (Green House) تایبەتمەندی بەرگی گازی هەیە و بەشداری دەکات لە کەمکردنەوەو نەهێشتنی سەرپەڕی پلەکانی گەرما لەسەر ڕووی زەوی، وە ئەو گازانە ڕێگە دەدەن بە تێپەڕبوونی تیشکی خۆری شەپۆل کورت، بەڵام ئەو تیشکانە هەڵدەمژن (تیشکی شەپۆل درێژی زەوی) کە هەڵدەگەڕێنەوە بۆ بۆشای ئاسمان، وە بەزیادبوونی چڕبونەوەی گازە خانووە شوشەیەکان لە ڕێگەی پیس بونەوە، ئەو وزەیەی کە کەوتوەتە خوارەوەی بەرگی گازی زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گەرم بوونی هەواو بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی زەوی بەم هۆیەشەوە ئاو و هەوا دەگۆڕێت، کە کاریگەری هەیە لەسەر ژینگەو ژیانی مرۆڤ.
ناوچە پیشەسازیەکان شوێنەکانی دەوروبەری گرفتی ترشە بارانیان هەیە(Acid Rain)، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کارلێک کردنی هەڵمی ئاو لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن یان دووەم ئۆکسیدی کبریت، کە گرفتی ترشێتی دروست دەکات، وە ترشی کاربۆنیکی سوک، ترشە باران کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر زۆر لە دەوڵەتەکان لە ڕووی پیس بوونی دارستانەکان و لەناوچوونی درەختەکانەوە، وە زیادبوونی ترشێتی ئاوی دەریاچەکان
کە تایبەتن بە بەخێوکردنی ماسی، وە لەگەڵ ئەوەشدا ترشە باران ڕۆڵی هەیە لە چالاکبونی کەشکاری کیمیای و
داخورانی بەردەکان.
داخورانی گازی ئۆزۆن لەچینی ستراتۆسفێردا گرفتێکی جیهانیە، چەندین کۆنگرەی نێودەوڵەتی بەستراوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی یان نەهێشتنی هۆکارەکانی کەمبونەوەی (تەنکبوون و لەناوچوونی) ئوزۆن. بەتایبەت دوای ئەوەی کە سەلمێندرا کە چالاکیە مرۆیەکان ڕۆڵیان هەیە لەدروستکردنی ئەم گرفتەدا، بەکارهێنانی تێکەڵەی کلۆرۆ فلۆرۆ کاربۆن(CFCS)و هەندێ گازی دیکە،کە بۆ کالێک کردن لەگەڵ ئۆزۆن پێویستی بە یەک گەردیلەی ئۆکسجین هەیە وەک برۆم، هۆکاری سەرەکی داخورانی ئۆزۆنە،CFCsتێکەڵەیەکی سوک و بێزیانە و بەکاردێت لەساردکەرەوەو هەواگۆڕەکان و ڕشێنەری هەندێ ماددە کە بەکاردێت لە قەڵاچۆکردنی مێرو و چەندین ئامێری دیکە، کە ئەم تێکەڵەیەش لە خوارەوەی بەرگی گا‌زدا لە ناودەچێت، بەڵکو سەردەکەوێت بۆ چینە بەرزەکانی هەواو لێکهەڵدەوەشێت لەکاتی کارلێک کردنی کلۆر لەگەڵ ئۆزۆندا شی دەبێتەوە، بەکەم بوونی ئۆزۆن بڕێکی زیاتر لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیان بەخش دەگاتە سەر ڕووی زەوی، بەم هۆیەشەوە هەندێ لەنەخۆشیەکانی پێست زیتر بڵاو دەبنەوە، وەک (سرطان و نەخۆشیکانی چاو و هتد) وە زاناکان بۆیان دەرکەوتوە کە گەورەترین کورت هێنان لە چینی ئۆزۆندا لەسەر کیشوەری جەمسەری باشوردایە ناودەبرێت بە کونی ئۆزۆن، وە هەروەها دەرکەوتوە کە کەمبوونەوەو تەنکبونی ئۆزۆن لەسەرجەم ناوچەکاندا بوونی هەیە، بەڵام بەڕێژەی جیاواز.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گازانەی کە بەرگە هەوایان پێکهێناوه بڕێکی زۆر لەخڵتەیان تێدایە، کە بریتین لە گەردیلەی بچوک و بەشێوەی دوکەڵ و گەرد خۆڵ و تۆز و خۆڵەمێش لە هەوادا هەڵواسراون، ئەم ماددانەش هۆکارێکی گرنگن بۆ چالاککردنی کرداری چڕبونەوەی هەڵمی ئاو دروست بوونی دیاردە کەشیە ئاویەکان، زیادبوونی ڕێژەی خڵتە و پیسکەرە کەشیەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کەتیشکی تیشکی خۆر بڕێکی زیاتری لێ بڵاوبێتە، بەم هۆیەشەوە بڕێکی کەم لە تیشکی خۆر دەگاتە سەر ڕووی زەوی و لە ئەنجامدا پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە، وە زیاتر کۆبوونەوەی ئەم ماددانە کاریگەری دەبێت لە لاوازکردنی باری تەندروستی بونەوەرە زیندوەکان و توانای بەرگریان بەرامبەر نەخۆشیەکان کەمدەکاتەوە، وەک نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە.
ئەو گازانەی کە لە هەوادا هەن بەوە جیادەکرێنەوە کە دەکرێت توشی پەستاوتن ببن و لەم ڕووەوە چەندین یاسای فیزیایی داندراوە کە باس لە پەیوەندی نێوان قەبارەو پەستان و چڕی و پلەی گەرمی دەکات(پەستان٭قەبارە=پلەی گەرمی٭ژمارەی (ڕێژەی) نەگۆڕ، پەیوەندیەکانیشی بریتین لە:
 ١-یاسای یەکەمی بیول:لەگەڵ جێگیربوونی پلەکانی گەریمدا پاڵە پەستۆ پێچەوانە دەبێت لەگەڵ قەبارەی هەوادا.
 ٢-یاسای شارلز: لەگەڵ جێگیربوونی قەبارەدا پاڵەپەستۆی هەوا ڕاستەوانە دەبێت لەگەڵ پلەکانی گەرمیدا.
 ٣-یاسای لوساک و شارلز: لەگەڵ جێگیربوونی پەستاندا قەبارە ڕاستەوانە دەبێت لەگەڵ پلەی گەرمی هەوادا. 
 ٤-یاسای دووەمی بویل: پاڵەپەستۆی هەوا ڕاستەوانە
دەبێت لەگەڵ چڕی هەوادا، بەگریمانەی جێگیری ڕەگەزەکانی دیکە.


سەرچاوەکان

878 بینین