ئەحمەد کایا

له‌لایه‌ن: - لیزا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-12-14:20:00 - کۆدی بابەت: 764
ئەحمەد کایا

ناوه‌ڕۆك

ئەحمەد کایا کێیە؟

ئەحمەد کایا (Ahmet Kaya) گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بە ڕەگەز کوردی دانیشتووی تورکیایە، لە ساڵی ١٩٥٧ لە مەلاتیای تورکیا لەدایکبووە وەک پێنجەم منداڵی باوکێکی کورد و دایکێکی تورک و لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا لە پاریس، فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە. 

باوکی لە کارگەی چنینی حوکمی کاریکردووە و خێزانەکەیان لە تەنھا ژوورێکدا ژیاون تاوەکو ساڵی ١٩٥٩، ئەوەش ئەو ساڵەبوو کە کارگەکە بەرھەمی باشتری بەرھەمدەھێنا و پارەی باشتری بە کرێکارەکان دەدا، خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە بەڵام بارودۆخی خێزانەکەی ڕێگای نەداوە بەردەوامبێت و لە ساڵی ١٩٧٧ـدا نیشتەجێی ئیستەنبووڵ بوون، ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ تێکەڵی سیاسەت دەبێت، لەگەڵ سیاسەتیش خۆی فێرە مۆسیقا دەکا، شیعر دەنووسێت و لە پێناوی بژێوی ژیانیشیدا ھەموو جۆرە کارێک دەکا؛ دەبێتە شۆفێری لۆری و فرۆشیاری گەڕۆک و کرێکاریش، یەکەم پەیوەندی ئەحمەد و مۆسیقا ئەوکاتە دروستبوو کە سەردانی دۆست و خزمەکانی دەکرد لە لادێکەی خۆیان، خاڵی (یوسف) گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن بوو، کە کاریگەری لەسەر ئەحمەد ھەبوو تاوەکو خۆی فێری ژەنینی ساز بکات.

ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بەرلین کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی بازرگانانی کوردەوە رێکخرابوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆنسێرتەکە لەلایەن رۆژنامەی حورییەتەوە، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی ئیستەنبوڵەوە دۆسیەیەکی لەسەر کرایەوە، دادگاکە کایای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "هانی دوژمنایەتی و رقی داوە، دەستی لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ کردووە و هاوکاری کردوون." لەسەر ئەم تۆمەتانە دوو دۆسییەی لەسەر کرایەوە و داوا کرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت.

ھەروەھا سەرەتای دەستپێکردنی کاری مۆسیقای بۆ باوکی دەگەڕێتەوە کاتێک سازێکی بە دیاری بۆ کڕیووە، دوای ئەوە ئەحمەد چەندین کۆنسێرتی بچووکی ئەنجامداوە بۆ کرێکارەکانی ھاوڕێی باوکی و خزمەکانی، ھەروەھا یەکەم کۆنسێرتی فەرمی لە تەمموزی ساڵی ١٩٩٦ـدا بووە لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا، ھەموو بازنەی تەمەنی بە دەوری مۆسیقا و گۆرانییەوە بوو و دوای چەند ساڵێک لە فرۆشگایەکی تۆماری سی دی دەستی بە کارکردن کرد دوای چوون بۆ قوتابخانە. 

ناو ئەحمەد کایا 
لەدایکبوون ٢٨ـی ١٠ـی ساڵی ١٩٥٧
کۆچی دوایی ١٦ـی ١١ـی ساڵی ٢٠٠٠ لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا مردووە
ئارامگا Père Lachaise - فەڕەنسا
چەشنی گۆرانییەکانی مۆسیقای تورکی و مۆسیقای کوردی 
پیشە شاعیر و مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژ 
ئەو ئامێرانەی دەیژەنێت ساز
ساڵانی ھەبوونی چالاکی
١٩٨٥-٢٠٠٠ 

ژیانی مۆسیقی

لە باندی فەردی تەیفوور وەک مۆسیقاژەن کاری کردووە، لەوێوە سەرکردەیەکی مافیای ناسیوە بەناوی کورت ئیدریس، پاشان وانەی فێربوونی ژەنینی سازی بە کوڕەکەی وتووەتەوە، پاشان بەھۆی چەکێکەوە کە لە نووسینگەی ئەو مافیایەدا دۆزراوەتەوە بۆ ماوەی ٣٠ مانگ دەستگیرکراوە، پاش ھاتنەدەرەوەی لە زیندان لەگەڵ حسێن دەمیڕاڵ کۆنسێرتی ڕێکخستووە و پێکەوە بەردەوام لە پەیوەندییەکی بەھێزدابوون، پاشان بەھۆی ژنی دووەمییەوە ئەحمەد کایا باری دارایی و کارەکەشی بەرەو باشتر ڕۆشتووە، پاش ئەوەی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێناوە بووە بە جێی سەرنجی ھەموو ڕەخنگران، کایا ھەمیشە ڕۆحێکی یاخیگەرانەی ھەبووە و گۆرانییەکانی شۆڕشگێرانە و مۆرکی یاخیبوونی پێوە دیاربووە، حوکمەتی تورکیا لەسەر ئەو یاخیبوونەی زۆر کێشەی بۆ درووستکردووە و بەربەستێکی گەورەبووە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکانی، کایا ھەمیشە بە گۆرانییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردەکانی تورکیای کردووە کە بووەتە ھۆی زیندانیکردنی و ڕێگای گۆرانی وتنی لێ قەدەغەکراوە.

ژیانی تایبەتی 

کایا لە ساڵی ١٩٧٩ ھاوسەرگیری کردووە و جیابووەتەوە، پاشان ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن خەیاڵئۆغڵۆدا کردووە، پاش ئەم ھاوسەرگیرییە کایا زیاتر دەچێتە بواری مۆسیقاوە چونکە ئاشنا بە برای گولتەن دەبێت بەناوی یوسف، کە زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا لە ھۆنراوەی یوسف خەیاڵئۆغۆن، ھەروەھا کایا خاوەنی دوو کچە بەناوی مێلیس و چیدەم. 

شەوی خەڵاتەکە

لە ١٠ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە مەڕسیمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترین مۆسیقاژەنی ساڵ کایا بە باشترین دەستنیشانکرا، لەکاتی وتارداندا کایا ڕایگەیاند کە نوێترین بەرھەمی بە زمانی شیرینی خۆی (کوردی) بەناوی کاروان لەناو ئەلبوومە تازەکەیدا دەبێت و دوای ئەم ڕاگەیاندنە ڕووبەڕووی چەندین تانە و تەشەر و ھەڕەشەی کوشتن بووەوە لەلایەن ڕەگەزپەرستەکانی تورک و ئەوانەی لەوێ ئامادەبوون، لەلایەن چەندین کەسی تورکەوە ھێرش کرایەسەری و ناچاربوون لەوێ بیبەنە دەرەوە، دوای سێ مانگ لەو ڕووداوە کایا بەرەو وڵاتی فەڕەنسا کۆچیکرد بەھۆی ئەو ھەڕەشە و داوا و شکاتانەی تووشیبووەوە لەلایەن تورک و سیاسەتمەدارە تورکەکانەوە، پاشان دادگای نیشتیمانی تورکیا لە مانگی نیساندا تۆمەتی ناپاکیان خستەپاڵی و لە ھەموو تورکیاوە ھێرشی لەسەربوو، کە ھەندێکیان داوایان دەکرد لە سێدارە بدرێت، ئەمانەش بووە ھۆی ئەوەی چەندین قسەی تری بۆ ھەڵببەسترێت و لە ڕۆژنامەی حوڕییەت بڵاویکردەوە کە کایا بە کۆنسێرت پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە و یارمەتیداون، لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کایادا، خۆی ئامادەبوو و ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە درابوونە پاڵی لە ماوەی دانیشتنەکانی دادگا کایا لە وڵاتی فەڕەنسابوو و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا درا.

کۆچی دوایی

پاشان لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ـدا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا و گۆڕەکەی ھەر لە مەزارگەیەکی وڵاتی فەڕەنسایە و گولتەنی خێزانی وتوویەتی "تاوەکو لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێت ئەمەوێت گۆڕەکەی ھەر لە فەڕەنسا بێت".

دوای مردنی کایا، خێزانەکەی ئەلبومە تەواونەکراوەکەی تەواوکردووە و بڵاوی کردووەتەوە بەناوی (گوێبگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم). 

ڕێزلێنانی ئەردۆغان

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەکرێت ئەو ڕۆژە بۆ زیندان دەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی «ئاوازی شەبەق» دەڵێت و دەڵێت «ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و دەچنە زیندان»، بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکوم ئەوەی لە یاد بووە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت. لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، وتەی «ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون» بڵاوبوەوە کاتێک ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی دەکرد کە دەیانوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.

خەڵاتی سەرۆکایەتیی تورکیا

عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی «گەورە»ـی بەخشییە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا. یەکێک لەو ھۆیانەی دەکرێت ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێت ئەوەیە کە سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.

ئەلبوومەکانی

خاوەنی ٢٧ ئەلبوومە و خاوەنی پڕفرۆشترین ئەلبووم بووە

  • مەگری کۆرپەلەکەم ١٩٥٨ 
  • تێکئاڵان بە ئازار ١٩٨٥
  • ئاوازی شەبەق ١٩٨٦ 
  • کاتێ دێ ١٩٨٦
  • دیموکراتی ماندوو ١٩٨٧
  • سەربەرزدەکەمەوە ١٩٨٨
  • خوێندنەوە-١ ١٩٨٩
  • گوڵێکی نییەت چاک ١٩٨٩
  • خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
  • دیواری خۆشەویستی ١٩٩٠
  • تووشی بەڵا بووم ١٩٩١
  • بەرم مەکەوە ئەسوتێی ١٩٩٢
  • ناجێگیر ١٩٩٣
  • گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە ١٩٩٤
  • بمدۆزەوە ١٩٩٥
  • ئەستێرە و مانگاشەو ١٩٩٦
  • بەرامبەر دۆست و دوژمن ١٩٩٨

ئەو ئەلبوومانەی دوای مردنی بڵاوکراونەتەوە

  • خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
  • تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
  • با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
  • فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
  • بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)


سەرچاوەکان



2991 بینین