ئەگزیما

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2021-01-03-00:46:00 - کۆدی بابەت: 1066
ئەگزیما

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەگزیما (بە عەرەبی: التهاب الجلد التأتبي (الإكزيما)، بە ئینگلیزی: Eczema) ناسراو بە بیرۆ حاڵەتێکی هەستیارییە تووشی پێست دەبێت دووچاری سووربوونەوە و خوراندنی دەکات، ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەر هەڵدەداتەوە، هەندێک جاریش تەنگەنەفەسی و تا لەگەڵ ئەگزیماکەدا دەردەکەوێت.

نیشانەکان

نیشانەکانی بیرۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ئەم نیشانانە دەگرێتەوە:

  • وشکبوونەوەی پێست.
  • پێستی بەخوروو کە لە شەودا توندتر دەبێت.
  • پەڵەی سوور یان قاوەیی یان خۆڵەمێشی باو لە دەست و قاچ و مەچەک و پاژنەی پێ و سەر سینگ و پێڵووی چاو و پشت ئانیشک و ئەژنۆکان، هەروەها لە کۆرپەشدا لە ڕوخسار و بێخی سەردا دەردەکەوێت.
  • بڵقی بچووک کە لە کاتی خوراندندا توێخی لێ دەبێتەوە.
  • ئەستووربوون و لێبوونەوەی پێست.
  • هەستیاربوون و هەڵئاوسانی پێست.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لەم بارودۆخانەدا پێویستە منداڵ ببرێت بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی پێست:

  • ئەگەر بەهۆی ئەگزیماکەوە دووچاری نائاسوودەیی بوو هەروەها کاری کردە سەر خەوتن و چالاکییەکانی ڕۆژانەی منداڵەکە.
  • لە کاتی هەوکردنی پێست و دەرکەوتنی هێڵی سوور و کێم و توێخی برین لە شوێنی تووشبوو.
  • لە کاتی درێژەکێشانی نیشانەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی منداڵەکە.

هۆکارەکان

پێستێکی تەندروست پارێزگاری دەکات لە شێداری، هەروەها لە بەکتریا و ئەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری و هەوکردن، ئەگزیما کار دەکاتە سەر جینەکان ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای پێستەکە و پاراستنی لە هۆکارە ژینگەییەکان، لە منداڵاندا هەستیاری یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە ئەگزیما.

هۆکارە مەترسیدارەکان

ئەو کەسانەی لە مێژووی خێزانەکەیاندا تووشبووی ئەگزیما و هەستیاری و تەنگەنەفەسی هەیە مەترسی تووشبوون بە ئەگزیما تێیاندا زیاترە.

لێکەوتەکانی ئەگزیما

لە کاتی ئاڵۆزبوونی ئەگزیما ئەم لێکەوتانە دەردەکەوێت:

  • زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانەی تووشی ئەگزیما دەبن تەنگەنەفەسی و تای هەستیارییان تووش دەبێت.
  • خورانی پێست بۆ ماوەیەکی درێژ، لێ بوونەوەی توێخی پێست.
  • هەوکردنی پێست بەهۆی خوراندنی پێستەکەوە دەبێتە هۆی شەقبوونی پێستەکە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی زیاتر دەکات.
  • هەوکردنێکی توند لە دەستەکاندا بە تایبەت لەو کەسانەی کە ماددەکانی وەک سابوون و تاید و پاککەرەوە دژە میکرۆبییەکان بەکار دەهێنن.
  • کەمبوونەوەی خەو و بێزاربوون بەهۆی ئاڵۆشی خورانی پێستەکە.

ڕێگریکردن و چارەسەرەکان

تا ئێستا هیچ دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەگزیما بکات، بەڵام بەکارهێنانی هەندێک مەڵهەم و دەرمانی دژە هەوکردن و دژە هەستیاری یارمەتی کەمکردنەوە و تەشەنەسەندنی حاڵەتەکەی داوە، نوێترین توێژینەوەکان هەوڵ دەدەن حاڵەتە توندەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دژەتەنەکانەوە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمە تەکنیکێکی زۆر گرانبەهایە، خۆپاراستنیش گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتەکە و بڵاونەبوونەوەی، پابەندبوون بەم خاڵانەوە تا ڕادەیەکی باش سەرهەڵدانەوەی ئەگزیمای کەمکردووەتەوە:

  1. شێدارکردنەوەی پێست دووجار لە ڕۆژێکدا، هەڵبژاردنی کرێم و مەڵهەمی گونجاو ڕێگری دەکەن لە وشکبوونەوەی پێست.
  2. دوورکەوتنەوە لەو شتانەی حاڵەتەکە خراپتر دەکەن وەک ئارەقکردنەوە، پەستانی دەروونی، قەڵەوی، پاککەرەوەکان، تەپوتۆز، دەنکە هەڵاڵە و ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی هەستیاری لە کەسەکەدا.
  3. کەمکردنەوەی کاتی گەرماوکردن، بەکارهێنانی ئاوی گەرم لە کاتی گەرماوکردندا.
  4. خۆ وشککردنەوە لە دوای گەرماوکردن بە خاولییەکی نەرم و بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بۆ هەموو جەستە.
  5. بەکارهێنانی ئەو سابوونانەی کە نەرمن لەسەر پێست هەروەها دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سابوونی دژە بەکتریا چونکە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست، ئەمانەش تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتیدەرن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئەگزیما.


سەرچاوەکان

3086 بینین