سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-16-22:47:00 - کۆدی بابەت: 1813
سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سوڕی مانگانە چییە؟

خوێنبەربوونە بەهۆی هاتنە خوارەوەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان، کە بەشێوەی خوێن لەڕێگەی زێی خانمەکەوە دێتە دەرەوە

بۆچی سوڕی مانگانە ڕوودەدات؟

لە هەر سوڕێکدا، جەستەی خانمان ئامادە دەبێت بۆ دووگیانی، لە سەرەتادا یەک یان چەند دانەیەک لە هێلکە بەرەڵا دەکرێن و بەرەو منداڵدان دەڕۆن، ئەگەر سپێرم بگات بە هێلکەکە لەڕێگای ڕۆشتندایە بەرەو منداڵدان و بیپیتێنێت ئەوا پیتێن ڕوودەدات و کۆرپەلە  دروست دەبێت، هێلکە پیتێنراوەکە دوای گەیشتن بە منداڵدان دەلکێت بە دیواری منداڵدانەوە تاکوو منداڵدان پارێزگاری لێبکات و خۆراکی پێبدات، تەنها خانەکانی ئەو هێلکەیەی کە پیتێنراوە دەتوانن دەست بە گەشەکردن بکەن و هێلکەکە جێگای خۆی بکاتەوە لە منداڵداندا و ببێتە کۆرپەلە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو کۆرپەلەیە بکرێت منداڵدان چەندین گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەگەر پیتێن ڕوونەدات و هێلکەی پیتێنراو نەتوانێت بگاتە منداڵدان ئەوا ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان لەگەشە دەوەستێت و بەشێوەی خوێن دێتە خوارەوە بەمە دەوترێت سوڕی مانگانە.

بە دیاریکراوی چ شتێک دەبێتە هۆی خوێنبەربوونەکە؟

هۆکاری سەرەکی سوڕی مانگانە هۆڕمۆنەکانە، ئەم هۆڕمۆنانەن کە گۆڕانکاری لە ئەندامەکانی تری جەستەشدا دەکەن:

  • هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کاتی هێلکەدانان فەرمان دەدات بە ناوەوەی منداڵدان کە پارێزگاری لە هێلکەی پیتێنراو بکەن
  • دوای ئازادبوونی هێلکەکە، هێلکەدان هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن دروست دەکات، پڕۆجیسترۆنیش یارمەتی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان دەکات و یارمەتی دەدات تاکوو پارێزگاری لە هێلکە پیتێنراوەکە بکەن.
  • ئەگەر هێلکە نەپیتێنرا ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن و ئیسترۆجین کەم دەکات و دوای کەمبوونەوەی ئەم دوو هۆڕمۆنە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بەشێوەی خوێن دێتە خوارەوە.
  • دوای ئەوە پڕۆستاگلاندینەکان دروست دەبن کە دەبنە هۆی دەستپێکردنی سوڕی مانگانە و گرژبوونی منداڵدان و ئازاری سک و پشت و سکچوون و گۆڕانکاری دەروونی.

بڕی توندی و ماوەی سوڕی مانگانە

لەو کچانەی کە منداڵن و تازە دەکەونە سوڕی مانگانەوە، سوڕەکەیان گۆڕانکاری تێدایە و ڕێک نییە و مەرج نییە هەموو کات لەکاتی خۆیدا ڕووبدات بەڵام دوای چەند ساڵێک سوڕی مانگانە ڕێڕەوی خۆی دەگرێت و جێگیر دەبێت، هەروەها ئەو خانمانەشی کە نزیک دەبنەوە لە تەمەنی نائومێدی بە هەمان شێوە و لەوانەیە چەند مانگێک خوێن نەبینن یاخود خوێنبەربوونێکی توند و بێزارکەر بێت، دەبێت لە هەر سوڕێکدا ڕێژەی خوێنەکە و ماوەکەی یەکسان بێت.

هەرچەندە مەرج نییە هەمیشە وابێت چونکە پەیوەندی هەیە بە هۆڕمۆنەکانەوە ئەگەر گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا ڕووبدات سوڕی مانگانەش تێکدەچێت و هەروەها کات و ڕێژەی خوێنەکەش دەگۆڕدرێت.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

  • وەرزش و کاری قورس
  • خۆراک و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان
  • کیسی هێلکەدان

چ جۆرە سوڕی مانگانەیەک ئاساییە؟

  • سوڕی مانگانەی ئاسایی  لەنێوان (٣٨-٢٤) ڕۆژدایە، واتە دەبێت کەوتنە سەر خوێن لەم ماوەیەدا ڕووبدات و خوێنبەربوونیش لەنێوان (٧-٤) ڕۆژدا ئاساییە.
  • بڕی ئەو خوێنەی کە لە جەستە دەڕوات ئەگەر لەنێوان ٥٠ بۆ ٨٠ میلیلتردا بێت واتە بەلایەنی زۆرەوە شەش کەوچکی چێشت خواردن بێت ئەوا ئاساییه
  • ڕێژەی خوێنبەربوونی مامناوەند لەنێوان ٢ بۆ ٣ بێت واتە (٤٠-٣٥) میلیلیتر.
  • ئەو خانمانەی کە زیاتر لە ٥ بۆ ٦ کەوچکی چێشت خوێنیان هەیە لە ڕۆژێکدا ئەوا (خوێنبەربوونی توند)ـیان هەیە
    خانمان ڕۆژانە دەبێت هەر چوار کاتژمێر جارێک سانتی بگۆڕن و مەرج نییە خوێنەکە زۆربوو زوو زوو بیگۆڕن ئەگەریش کەم بوو پێویست دەکات کە بیگۆڕن تاکوو پاکوخاوێن بن و دووربن لە هەوکردن. 
  • بینینی کڵۆ خوێن بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی کە خوێنبەربوونەکەت زۆرە ئاساییە.
  • گۆڕانی ڕەنگی خوێنەکە بەدرێژای سوڕەکە ئاساییە و کاتێک کە خوێنەکەت زۆرە ڕەنگێکی سوری ئاڵی هەیە و کاتێکیش کە کەمە ڕەنگێکی تاریک و ڕەشی هەیە.


سەرچاوەکان

1004 بینین