شی هوانگ تی 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-12-23:11:00 - کۆدی بابەت: 2208
شی هوانگ تی 

ناوه‌ڕۆك

شی هوانگ تی 

٢٥٩پ ز - ٢١٠پ ز

ئیمپراتۆری مەزنی چین (شی هوانگ تی)... بەزەبری چەک و خاسکاری توانی سەرانسەری چین یەک بخات، ئەم خاسکارییە بووە کارێکی سەرەکی لە یەکگرتنی ڕۆشنبیری چینی کە هەر لەو دەمەوە پارێزراوە تاکو ئێستا.
شی هوانگ تی ساڵی ٢٥٩پ ز لەدایک بووە و ساڵی ٢١٠ پ ز مردووە. جا گرنگی ئەم مەردە گەر بزانین پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی دێرین بدەینەوە. شی هوانگ تی لە لە دواساڵانی شانشینی بنەماڵەی (شوا) لەدایک بووە. ئەم بنەچەیە لە نزیکەی ساڵانی ١١٠٠ پ ز وە دامەزراوە. بەر لە هاتنی بنەماڵەی (شوا) باری ئەم بنەچەیە زۆر بەربادبوو بەرەو پووکانەوە دەچوو، جاری خۆ چین کرابوو بە چەند بەگنشینێکەوە، ئەمانە هەمیشە لەبەرەنگاری و جەنگ و ناکۆکی دا بوون، وایان لێهاتبوو هەریەکە بەتوانای خۆی پەلاماری ئەویتری دەدا و بەرە بەرە بەگنشینە بچوکەکانیش لە نێوانیاندا بەرگەیان نەدەگرد، سەکوت دەبوون و دەتوانەوە. 

گەورەترین و بەهێزترین بەگنشین لە نێوانیاندا (تشین) بوو کە کەوتبووە بەشی ڕۆژئاوای ووڵاتەوە، ئەم بەگنشینە گەشەی کرد، هەر بە پێی شوینی جوگرافی و لێهاتووی فەرمانڕانەکانی بووە بەهێزترین بەگنشین، بە تایبەتی لەو دەمەی کە تشنگ تیادا لەدایک بوو بوو.

تشنگ واتە (شی هوانگ تی) لە ساڵی ٢٣٨ پ.ز دا دەسەڵاتی درایە دەست لەلایەن ئەم بنەچەیەوە. لەو ماوەی دەسەڵاتەیدا چەند سەرکردەیەکی گورد و لێهاتووی لە خۆی کۆکردەوە. ئەمجا جەنگیکی سەختی گێرا لە دژی بەگنشینەکانی دەوروبەری، دوابەگنشینینش کە مابووبوەوە لە ساڵی ٢٢١پ.ز ڕوخاندی، لەو ساڵەیش دا خۆی کردە شی هوانگ تی واتە (شاشانی یەکەم) .

هەر کە کاروباری گرتە ئەستۆ دەسبەجێ هەستا بە چەند خاسکارییەک کە زۆر گرنگ و شێیاوی نووسینە کە مێژوودا. یەکەم هەنگاوی بڕیاریدا بە نە‌هێشتنی ڕژێمی دەرەبەگایەتی و شێوازەکانی لە  دەوڵەتدا، ڕژێمێکی سازکرد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ووڵات بەناوی هەرێمنشینی. میری ئەم هەرێمنشینە نەدەبوو میرزاییانە هەرێم بەڕێوەبەرێت (واتە بە ڕژێمی وەچەزانی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بگرێتە سەدت). ئینجا دەستی کردە گواستنەوە و جێ گۆڕکێی بیرەکان. ئەم کارەیشی بۆیە دەرکرد تاکو ترسی لەوە نەبێت یەکێکیان جێی خۆی خۆش بکات و خزم و ناسیاو لەخۆی کۆبکاتەوە و تەختی ئیمپراتۆریەتەکەی پێلێژ بکات. نەخشەی ڕێگاوبانی والێکرد کە پایتەختی هەرێمەکان بەیەکەوە ببەستێت. مەڵبەندێکی دروستکرد بۆ خاسکردنی کێشانەو پێوانە و دراو، سەرپەرشتی کرد لە دروستکردنی ڕێگە و خۆگە و دراو، هەروەها لە سازکردنی قانون و زمانی نووسیندا. لەو شاکارانەی کە لە نزیکەی سالی ٢١٣ پ.ز دا نە ئەنجامی دا بریتی بوو لە سووتاندنی هەرچی نووسراو هەیە لە چیندا بێجگە لەو نووسینانەی کە ڕشتەی تەکنیک و کشتوکاڵ و پزیشکی تێدایە. ئەو یاداشتانەی بنەماڵەی (تشین) و کارە فەلسەفییەکانی قانونسازەکان. لەمانە بەولاوە ئیتر هیچی نەهێشتەوە. هەندێک نووسراوی تریشی سووتاند وەک نوسراوەکانی کۆنفۆشیۆس و هەموو ئەو نووسراوە فەلسەفییانەی کە لە خوێندگاکاندا دەخوێنرا.
لە سیاسەتی دەرەوەی ووڵاتیشدا، هەستا بە چەند هێرشێک بۆ باشووری ووڵات و چەند ناوچەیەک، توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. بەڵام لە باکووردا نایتوانی گەلانی ئەو ناوچانە ببەزێنێت لەبەر ئەو هەستا بە دروستکردنی دیواربەندێک بە شێوەیەکی وا کە هەرچی دیواربەندە ناوخۆییەکان هەبوو کە درووستی کردبوو پێکەوە ببەسترێن. وای لەم دیواربەندە کرد کە زۆر گەورە و دوور و درێژبێت تاکو بتوانێت بەربەستی ئەو هێڕشانە بکای کە دەکرێنە سەری لە باکوورەوە. تا ئێشتاش شوێنەواری ئەم دیواربەندە مەزنە هەرماوە. دروستکردنی ئەم دیوارە زنجیرە جەنگێکی دەرەکی نەچاری کرد کە میرانەیەکی زۆر بخاتە سەر گەلەکەی بەڕادەیەک کە لە توانای گەل چووبووە دەرەوە. جگە لەوەیش کە دەنگی بێزارییان لێ بەرزبووەوە لە دژی. خۆهەرچی سەرپێچییەکیش بکرایە لە دژی ڕژێمە ئاسنینەکەی.. هەر بە زووی سەرکوت دەکرایەوە. چەند جار پیلانگێڕرا بە نیازی کوشتنی بەڵام هەمووی شکستی هینا تاکو لە ساڵی ٢١٠ پ.ز بە مردنێکی سروشتی کۆتایی پێهات.
لەو کاتەی کە یادی دەسکەوتە مێژووییەکانی شی هوانگ تی دەکەینەوە، بایەتە (لی سو) یش لە یادنەکەین، چونکە لە ڕاستیدا گرنگی (لی سو)ی شالیاری زرنگ و بلیمەت هیچی لە ئیمپراتۆر کەمتر نەبوو، نابێت ناوی یەکێکیان بێ ئەوی تریان ببەین. ئەو هاریکاریە پتەوەییەی نێوانیان پاڵهێزێک بوو بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا. زۆر لە مێژووناسە ڕۆژئاواییەکان شی- هوانگ- تی دەخەنە ڕیزی ناپلیۆن پۆناپارتەوە.


سەرچاوەکان



522 بینین