دارستانی ئەمازۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-01:59:00 - کۆدی بابەت: 2240
دارستانی ئەمازۆن

ناوه‌ڕۆك

دارستانەكانی ئەمازۆن

ناوچەی ئەمازۆن بە گەورەترین دارستانی كەمەرەیی باراناوی دادەنرێت لە جیهاندا، كە ڕووبەرەكەی نۆ وڵاتی گرتوەتەوە ئەوانیش : (بەڕازیل و بۆلیڤیا و پیرۆ و ئیكوادۆر و كۆڵۆمبیا و فەنزوێلا و غیانا و سورێنام و غیانای فەڕەنسی(بەشێكە لە فەڕەنسا)،ئەم دارستانانە لە ژمارەیەكی زۆر درەخت و ڕووبار و ئاژەڵی كێوی پێكدێن كە لە شوێنێكی دیكەی جیهاندا نین، هەروەها لە جۆری زەوی جیاواز پێكدێت، وەك ناوچە دەشتییەكان و گۆماو و زۆنگەكان.

ژمارەی دانیشتوانی نیشتەجێبوو و ئەو خێڵانەی لە ئەمازۆن دەژیان لە ساڵی 1560 بریتیبوو لە 90 ملیۆن كەس، بەڵام ئێستا ژمارەیان 250 هەزار كەسە كە دابەشبوون لەنێو چەند خێڵ و هۆزێكی جیاوازدا، هەروەها بە زیاتر لە 170 زمانی جیاواز قسەدەكەن كە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ڕاستەقینەی خێڵە ڕاستییەكانی ئەمازۆن.

بەو پێیەی باسدەكرێ تا ئێستا هێشتا 500 هۆز هەن كە هێشتا نازانن جیهانی دەرەوەی ئەمازۆن هەیە.

فراوانبوونی ژمارەی دانیشتوان و هێنانی بڕێكی زۆر لە ئامێری كشتوكاڵی، و ڕیشەكێشكردنی خەیر و بەرەكەتی ئابووری ئەمازۆن هۆكارە بۆ لەناوبردنی یەك ملیۆن هێكتار و 400 هەزار دارستانی ناوچەكە لە ساڵی 1970ی زایینی، بەڵام لە دواتردا ڕێكخراوەكانی پاراستنی ژینگە ئەو چالاكییانەیان ڕاگرت، هەروەها ئەو كەسانەی هۆكاری ئەو لەناوچوونە بوون ڕووبەڕووی غەرامەیەكی زۆر و سزای توند بوونەوە.

زانیاری لەسەر دارستانی ئەمازۆن

  • مێژووی دارستانی ئەمازۆن دەگەڕێتەوە بۆ 55 ملیۆن ساڵ، و هەندێك لەو گیاندارانەی لەوێ هەن لە هیچ شوێنێكی دیكەی دونیادا بوونیان نییە، دارستانەكە شوێنێكی باراناوی و شێداری گەڵا پانە.
  • یەك لەسەر سێی دارستانەكە دەكەوێتە وڵاتی بەڕازیل
  • ئەمازۆن گەورەترین دارستانە باراناوییەكانی سەر زەوییە، چونكە نیوەی دارستانە باراناوییەكانی زەوی پێكدەهێنێت، هەروەها دارستانی باراناوی كۆنگۆ و ئیندۆنیزیا لەدوای ئەو دێت بە هەمان بڕ.
  • ڕووبەری دارستانەكانی ئەمازۆن 60 ملیۆن و 900 هەزار كیلۆمەتری دووجایە، كە ئەوەش 48 جار ئەوەندەی ڕووبەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، و 40%ی كیشوەری ئەمریكای باشوور داگیر دەكات.
  • گەورەترین ڕووباری جیهانی تێدایە كە ناوی ڕووباری ئەمازۆنە.
  • 16 هەزار جۆری جیاواز لە درەخت لە دارستانەكانی ئەمازۆن هەن، و ژمارەی هەموویان 390 ملیار درەختە، هەروەها زیاتر لە 40 هەزار جۆری جیاواز لە ڕووەكەكان، كە ئەوەش دەكاتە نزیكەی 3000 جۆری جیاواز لە میوەی جۆراوجۆر كە بۆ خواردن بە كەڵك دێن.
  • زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 جۆری جیاواز لە مێرووی تێدایە.
  • لە سەدا حەفتای ئەو ڕووەكانەی كە دژی نەخۆشی شێرپەنجەن لە دارستانەكانی ئەمازۆنن، هەروەها 90%ـیان هێشتا لە تاقیگە بەشێوەیەكی ڕەسمی توێژینەوەی لەسەر نەكراوە.
  • مەترسیدارترین جۆری مارەكان و جاڵجاڵۆكەكان لەوێ هەیە، هەروەها ئەوێ لانەی ماری ئەناكۆندای مەزنە، و شوێنی زۆرترین ڕێژەی شەمشەمەكوێرەی خوێنمژ و بۆقی ژەهراوییە.
  • دەنگی باڵندەی "تەوقان" بە بەرزترین دەنگی ئاژەڵ دادەنرێت لەنێو تەواوی گیاندارانی ناو دارستانەكە، كە دەتوانین دەنگەكەی لە نیو میل دوورییەوە ببیستین.
  • لە كاتی باران بارین گەیشتنی دڵۆپەكانی باران بە ڕووی زەوی دارستانەكە پێویستی بە 10 خولەك هەیە بەهۆی پانی گەڵای درەختەكانەوە، هەروەها گەڵاكان ڕێگا لە تیشكی خۆریش دەگرن كە بگات بە ڕووەكە كورتەكان لە ژێرەوە.


سەرچاوەکان



3843 بینین