سیستمی ئابووریی تێکەڵاو

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-22-23:23:00 - کۆدی بابەت: 3848
سیستمی ئابووریی تێکەڵاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیستەمی ئابووری تێکەڵاو (بە ئینگلیزی: Mixed Economic System، بە عەرەبی: نظام اقتصادي مختلط) سیستمێکی ئابوورییە، بریتییە لە یەکگرتنی هەردوو سیستمی سەرمایەداری و سۆسیالیزم، سیستمی ئابووری تێکەڵاو موڵکی تایبەت دەپارێزێت و ڕێگە بە ئاستێک لە ئازادی ئابووری دەدات لە بەکارهێنانی سەرمایە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە بە حکوومەتەکان دەدات کە دەستێوەردان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.

تێگەیشتن لە سیستمی ئابووریی تێکەڵاو

زۆربەی ئابوورییە مۆدێرنەکان تایبەتمەندی دوو سیستمی ئابووری یان زیاتریان تێدایە، کەرتی گشتی شانبەشانی کەرتی تایبەت کاردەکات، بەڵام لەوانەیە کێبەرکێ لەسەر هەمان سەرچاوە سنووردارەکان بکەن.

سیستمی ئابووریی تێکەڵاو ڕێگری لە کەرتی تایبەت لە قازانجکردندا ناکات، بەڵکوو بازرگانی ڕێکدەخات و پیشەسازییەکی گشتی ئەنجام بدەن و کاڵایەکی گشتی بخەنە بازاڕەوە.

بۆ نموونە ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێکەڵاوە، خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زۆربەی لە دەستی تایبەتدایە، بەڵام یارمەتیدان بۆ کشتوکاڵ، ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، خاوەندارێتی گشتی بەشێک یان تەواوی هەندێک لە پیشەسازییەکانی وەکوو گەیاندنی نامە و بەرگری نیشتیمانی لە دەستی گشتیدایە.

جیاوازی سیستمی ئابووریی تێکەڵاو و بازاڕی ئازاد یان سەرمایەداری

بازاڕی ئازاد سیستمێکی بێ دەستێوەردانە، بەڵام سیستمی ئابووریی تێکەڵاو سیستمێکی بێ دەستێوەردان نییە، چونکە حکوومەت بەشدارە لە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی هەندێک سەرچاوە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بازرگانی کەرتی تایبەت بکات. لەوانەیە حکوومەتەکان هەوڵی دابەشکردنەوەی سامان بدەن بە دانانی باج لەسەر کەرتی تایبەت و بەکارهێنانی باجەکان بۆ پێشخستنی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان.

پاراستنی بازرگانی، یارمەتی دارایی، قەرزی باجی دەرفەتی کار، هاندانی دارایی و هاوبەشی گشتی و تایبەت (ڕێکخستنێکی درێژخایەن لەنێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت) نموونەی باوی دەستێوەردانی حکوومەتە لە ئابوورییە تێکەڵاوەکاندا.

جیاوازی ئابووریی تێکەڵاو و سۆسیالیزم

لایەنگرانی سۆسیالیزم پێیان وایە پلاندانانی ناوەندی دەتوانێت کاڵای زیاتر بۆ ژمارەیەکی زیاتری خەڵک دابین بکات. سۆسیالیزم زیاتر بە نیشتیمانیکردنی هەموو پیشەسازیی، دەستبەسەرداگرتنی خاوەندارێتی تایبەت، وەکوو کاڵای کۆتایی و زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان دەکات، بەڵام ئابوورییە تێکەڵاوەکان بە دەگمەن دەچنە ئەم توندڕەوییەوە. 

خەسڵەتەکانی سیستمی ئابووری تێکەڵاو

  • بوونی کەرتی گشتی شآن بە شانی کەرتی تایبەت.
  • بوونی پلاندانان یان ئاڕاستەکردنی لەلایەن میرییەوە.
  • ڕۆڵی دەوڵەت لە چاودێریکردنی کەرتی تایبەت.
  • دڵنیایی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی کار و کرێکاران دژ بە بێکاری.
  • دانانی سنوورێک بۆ قۆرخکاری.

تایبەتمەندییەکانی ئابووری تێکەڵاو

ئابوورییەکی تێکەڵاو بە شێوەیەکی گشتی تایبەتمەندییەکانی ئابوورییەکی بنەمادار بە بازاڕ و هەروەها کەرتی گشتییەوە تێکەڵ دەکات. زۆربەی نرخەکان بە پێی خواست و خستنەڕوو دیاریدەکرێن بەڵام ڕەنگە حکوومەت دەستێوەردانی تێدا بکات. نموونەی باوی سیاسەتی ئابووریی تێکەڵاو بریتین لە:

بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی: لە زۆربەی ئابوورییە تێکەڵاوەکاندا کۆمەکی ئەو کەسانە دەکەن کە لە هێڵی هەژاری یان نزیک هێڵی هەژاریدان، وەکوو یارمەتی کاتی بۆ خێزانە پێویستەکان، یارمەتی خۆراکی و یارمەتی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەم دەرامەت و چەندانی تر. زۆرێک لە وڵاتان چاودێری کۆمەڵایەتی لەڕادەبەدەر بەخشندەیان هەیە و چاودێری تەندروستی لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش دەکرێت.

کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان: نرخەکان بە گشتی لە ئابووری تێکەڵاودا لەلایەن هێزی بازاڕەوە دیاری دەکرێن، بەڵام ڕەنگە حکوومەت دەستێوەردان بکات بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان بۆ هەندێک کاڵا بۆ ئاستێکی دیاریکراو. بۆ نموونە زۆربەی ئابوورییە تێکەڵاوەکان یاسای کەمترین مووچەیان هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی هێزی کار.

ڕێکخستنی بەهێزی بازرگانی: لەکاتێکدا زۆربەی چالاکییە بازرگانییەکان لەلایەن بازاڕی ئازادەوە ڕێبەری دەکرێن، حکوومەت لەوانەیە ڕێکخستنەکان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی خەڵک لە بەرهەمە مەترسیدارەکان، پیسبوون یان کارە بازرگانییە قۆرخکارییەکان. زۆرێک لە ئابوورییە تێکەڵاوەکان یاسای دژەپاوان (دژە قۆرخکردن) بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی بازاڕ لە کێبەرکێدا دەمێنێتەوە.

سوودەکانی ئابووریی تێکەڵاو

ئابووریی تێکەڵاو چەندین سوودی هەیە، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئابووری، بریتین لە:

هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەتوانن بە یەکسانی بەشداربن: ئابووری تێکەڵاو بژاردەیەکی باشتر پێشکەش دەکات نەک تەنها بۆ گەشەی بازرگانی تایبەت، بەڵکوو کەرتە گشتیەکانیش بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن. 

کەرتە گشتیەکانی وەک وزەی ئەتۆمی، پەیوەندیکردن و بەرگری و زۆری تر بە تەواوی لەلایەن حکوومەتەوە بەڕێوەدەبرێن، کەرتی تایبەت بە تەنیا کارەکانیان بەڕێوەدەبەن بەبێ هیچ دەستوەردانێکی حکوومەت. حکوومەت لە هەندێک باردا ئاسانکارییان بۆ دەکات بە مەبەستی دروستبوونی ئابوورییەکی بەهێز.

دەسەڵاتی بەکارهێنەر دەپارێزێت: بەکارهێنەر دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی هەر کاڵایەک یان بەرهەمێک بە ئارەزووی خۆی و پێویستی خۆی بکڕێت. ئەم کاڵایانەش تەنها لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەتوانرێت بەرهەمبهێنرێن بەپێی پێویستی بەکارهێنەران.

هاندان بۆ داهێنان و شێوازی بەرهەمهێنان: داهێنانی زیاتر و بەرهەمی کاراتر لە بازاڕی ئازاددا بەرهەم دەهێنرێت، لە ئەنجامدا بەکاربەر باشترین بەرهەم بەدەست دەهێنێت. لە بازاڕێکی ئازاددا کە کێبەرکێی تێدایە، ئەو کۆمپانیایانە کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاراتر بەرهەم بهێنن قازانجی زیاتر دەکەن. بەم شێوەیە کۆمپانیاکان پاڵنەریان بۆ دروست دەبێت بۆ تەرخانکردنی سەرمایە بۆ بەدەستهێنانی داهێنان و کارایی بەرهەمهێنان.

کۆنتڕۆڵی حکوومەت لەسەر خاوەندارێتی: هەندێک جار خاوەن بازرگانی تایبەت قازانجی زیاتر بەدەست دەهێنێت، نرخی کاڵاکان زیاد دەکات، بەڵام بەرهەمی پێویست ناخەنەڕوو ئەمەش واتە کاڵاکان هەڵدەگرن، دواتر بە نرخی زیاتر دەیخەنەڕوو، ئەمەش لە بەرژەوەندی کڕیاران نییە. ئەم جۆرە قۆرخکارییە لەلایەن حکوومەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بە کڕیاران بگەیەنێت.

ئاسانکاری بۆ کەرتە لاوازترەکان: هەندێک جار پیشەسازییەکان بەشێکی لاوازتری کۆمەڵگا دەقۆزنەوە و پشتی پێ دەبەستن، کارکردنی ڕۆژانە بە کرێکاران و کرێی کەم و نەشیاو حکوومەت ناچار دەکات دەستێوەردان بکات، ئەو کرێ نەشیاو و نادادپەروەرانەیە ڕاست بکاتەوە.

ناهاوسەنگی ئابووری کەم دەبێتەوە: حکوومەت هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ هاوسەنگکردنی نایەکسانیی ئابووری، لە کۆمەڵگادا کەرتە لاوازەکانیش بە هۆی دەستێوەردانی حکوومەتەوە هەلی کاریان دەست دەکەوێت.

تەرخانکردنی کارامەی سەرچاوەکان: سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کارا بۆ ئەو شوێنانە تەرخان دەکرێن کە پێویستن لە کەرتی تایبەتدا، دەتوانرێت باشتر پێداویستییەکانی کڕیاران دابین بکرێت.

 زیانەکانی ئابووریی تێکەڵاو

ئابووریی تێکەڵاو سەرەڕای سوودەکانی چەندین زیانیشی هەیە، کە بریتین لە:

کۆنترۆڵی ناڕوونی حکوومەت: ئامانجی کەرتی تایبەت ئەوەیە کە زۆرترین قازانج لە کارەکانیان بکەن، کە هەندێکجار دژی پلانی سیستمی پلاندانانی نیشتمانییە کە حکوومەت ئەنجامی دەدات. بەڵام پێدەچێت زۆربەی ئابوورییەکان لە بەرژەوەندی کەرتە تایبەتەکان بن کە یارمەتییان دەدات قازانجی زیاتر بکەن.

ترس لە کەرتە تایبەتەکان: بەگشتی خەڵک ترسیان هەیە کەرتە تایبەتەکان بەهۆی پێکهاتەی سیستمی ئابووری بچنە کەرتە گشتیەکانەوە، لە کاتێکدا ئابووری نیشتمانی کە مەیلی ئەوەی هەیە لە بەرژەوەندی کەرتی تایبەت بێت.

سەختییەکانی کەرتی گشتی: پێکهاتەی ئابووری نیشتمانی بۆ کەرتی گشتی بە جوانی پلانی بۆ دانراوە، بەڵام دواتر شکست دەهێنێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکان، بەم شێوەیە کەرتە تایبەتەکان سوودی زیاتر دەکەن.

ڕەخنەکان لە سیستمی ئابووریی تێکەڵاو

ڕەخنەی زۆر لە سیستەمی ئابووری تێکەڵاو گیراوە، یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە قوتابخانەی ئابووری نەمسا باس لەوە دەکات هەر دەستێوەردانێکی حکوومەت دەبێتە هۆی دەرئەنجامە نەخوازراوەکان کە پێویستی بە دەستێوەردانی زیاتر هەیە.

بۆ نموونە کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمی خستنەڕوو، لەو کاتەدا حکوومەت پێویستی بە هەنگاوی زیادە هەیە بۆ هاندانی بەرهەمهێنان. بۆیە ئابووری تێکەڵاو ناسەقامگیرە و مەیلی بەرەو سۆسیالیزم هەیە.

ڕەخنەیەکی تر لە ئابووریناسانی گشتیەوەیە ئەوەیە کە، دەڵێن کارلێکی بازاڕەکان و داڕێژەرانی سیاسەتی حکوومەت و گرووپە بەرژەوەندخوازە ئابوورییەکان سیاسەتەکە لە بەرژەوەندی گشتی دووردەخەنەوە، گرووپە بەرژەوەندخوازەکان هەندێک سەرچاوە لە چالاکییە بەرهەمدارەکان دەبەن و بەکاریان دەهێنن بۆ کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی ئابووری بۆ بەرژەوەندی خۆیان.


سەرچاوەکان



3774 بینین