گەرم بوونی زەپۆش

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-21:19:00 - کۆدی بابەت: 4224
گەرم بوونی زەپۆش

ناوه‌ڕۆك

گەرم بوونی زەپۆش

وادابنێ تۆ لە ناو باخچەیەکی گشتیدا لێی راکشاوی و هەردوو چاوت نووقاندووە، لەناکاو هەست دەکەی گەرمی تیشکی خۆرەکە ڕات دەچەڵەکێنێ و لەوانەیە بە ڕاستی تووشی ئەم حاڵەیە بووبی، ئایا ڕۆژێک لە ڕۆژان بیرت لەوە کردۆتەوە کە ئەو وزەیەی دای لە دەم و چاوت زیاتر لە هەشت خوولەک دەخایەنێت بۆ ئەوەی لە ئەستێرەیەکەوە بگوازرێتەوە کە دوورییەکەی 149000000 km . 

ڕێگاکانی گواستنەوەی وزەی گەرمی لە بەرگە هەوادا

گواستنەوە بە تیشکدانەوە: گواستنەوەی وزە بە هۆی شەپۆلەوە

زەوی وزەی خۆری دەست دەکەوێت بە هۆی تیشکدانەوە واتە گواستنەوەی وزە بە هۆی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانەوە، هەرچەندە خۆر بڕێکی زۆر لە وزە ڕەوانە دەکات بەڵام زەوی تەنها دووبەش لە ملیارێکی ئەو وزەیەی بەردەکەوێت، ئەو بڕە وزە کەمەش بەسە بۆ بەردەوامی سوڕی کەش و دواتریش بۆ بەردەوامی ژیان. هەریەکە لە بەرگەهەوا و وشکانی و ئاو وزەی خۆر دەمژن و دەگۆڕێ بۆ وزەی گەرمی، هەور و هەوا نزیکەی ٢٥٪ی وزەی خۆر لەناو دەبەن و دەیدەنەوە، ئۆزۆن و هەور و گازەکانی بەرگەهەوا نزیکەی لە ٢٠٪ی وزەی خۆر دەمژێ. ڕووی زەوی نزیکەی ٥٠٪ـی وزەی خۆر دەمژێ و نزیکەی ٥٪ـی وزەی خۆر دەداتەوە.

گواستنەوە بە گەیاندن: گواستنەوەی وزە بە بەریەک کەوتن

 

ئەگەر پێشتر دەستت لە شتێکی گەرم دابێت ئەوا تۆ کرداری گەیاندنت تاقی کردۆتەوە. گەیاندنی گەرمی بریتییە لە کرداری گواستنەوەی وزەی گەرمی بەناو ماددەیەکدا، وزەی گەرمی بەردەوام لە ناوچە گەرمەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوچە ساردەکان، هەر کاتێک گەردەکانی هەوا ڕاستەوخۆ بەر ڕووی گەرمی زەوی بکەون ئەوا وزەی گەرمی دەگوازرێتەوە بۆ بەرگەهەوا.

گواستنەوە بە هەڵگرتن: گواستنەوەی وزە بە بڵاوبوونەوە

ئەگەر چاودێری ئاوت کردبێت کە لە ناو دەفرێکدا دەکوڵێت ئەوا تۆ کرداری هەڵگرتنت تێبینی کردووە، هەڵگرتن بریتییە لە کرداری گواستنەوەی وزەی گەرمی بە سوڕآنەوەی گازێک یان شلەیەک، زۆربەی وزەی گەرمی لەناو بەرگەهەوادا بەهۆی گەیاندنەوە دەگوازرێتەوە، بۆ نموونە ئەو هەوایەی کە بەر ڕووی زەوی دەکەوێت بە کرداری گەیاندن گەرم دەبێت و بەمەش چڕییەکەی کەم دەبێت و بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەوای سارد چڕییەکەی زۆر لە کاتی دابەزیندا و پاڵ بە هەوا گەرمەکەوە دەنێت بۆ سەرەوە، پاشان ئەو هەوا ساردەی بەر زەوی کەوتووە دووبارە گەرم دەبێتەوە و دیسان بەرەو سەرەوە دەڕوات، کەواتە ئەم سووڕی بەرزبوونەوەی هەوای گەرم و دابەزینی هەوا ساردە جووڵەیەکی بازنەیی لە هەوادا دروست دەکات و پێی دەڵێن تەوژمی هەڵگرتن. تیشکدانەوە: گواستنەوەی وزەیە بە هۆی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانەوە، هەوای نزیک ڕووی زەوی گەرم دەبێتەوە بە هۆی گەیاندنی گەرمییەوە، تەوژمەکانی هەڵگرتن پەیدادەبێت لەکاتی بەرزبوونەوەی هەوای گەرم و دابەزینی هەوای سارد.

کاریگەرییەکانی پەنگ خواردنەوەی گەرمی لە ژیانی سەر ڕووی زەوی 

نزیکەی ٧٠٪ـی ئەو تیشکەی دێتە ناو بەرگە هەوای زەوییەوە لەلایەن هەور و ڕووی زەویەوە دەمژرێت و دەگۆڕدرێت بۆ وزەی گەرمی و هەسارەکەمان گەرمتر دەکاتەوە، بە دەربڕینێکی دیکە، کرداری مژینی ڕووناکی بینراو بە شێوازی شەپۆلە کورتەکان دەبێت بەڵام بڵاوکردنەوەی بۆ ناو بەرگە هەوا بە شێوازی شەپۆلە درێژەکانی وزەی گەرمی دەبێت، بۆ ئەو وزە گەرمییە دووبارە ناگەڕێتەوە بۆ ناو بۆشایی ئاسمان، بە کردار زۆربەی دەگەڕێتەوە بەڵام بەرگە هەوا بڕێکی باش لەو وزەیە گل دەداتەوە و قەتیسی دەکات تا ڕووی زەوی بە کەڵکی ژیان بێت، ئەم کردارەش بە پەنگ خواردنەوەی گەرمی یاخود دیاردەی شووشەبەندەکان یان ماڵە سەوزەکان، بریتییە لەو کردارەی کە بە هۆیەوە گازەکانی بەرگە هەوا بە تایبەت هەڵمی ئاو و دوانۆئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەستن بە مژینی وزەی گەرمی و دووبارە گەڕانەوەی بۆ زەوی، هۆی ناولێنانی ئەو کردارەش بە کاریگەری شووشەبەندەکان یان ماڵە سەوزەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕۆڵی گازەکانی بەرگە هەوا وەکو ڕۆڵئ دیوارەکان و سەقفی شووشەبەندەکانە کە ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی وزەی خۆر دەدات بەڵام ناهێڵێت وزەی گەرمییەکە بچێتە دەرەوە.

هاوسەنگی تیشکدان (ووزەی تێچوو، ووزەی دەرچوو)

بۆ ئەوەی گۆی زەوی وەک شوێنێکی گونجار بۆ ژیان بمێنێتەوە، پێویستە بڕی ئەو وزەیەی کە زەوی لە خۆرەوە وەریدەگرێت یەکسان بێت لەگەڵ بڕی ئەو وزەیەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ناو بۆشایی ئاسمان، بێگومان ڕۆژانە زەوی بڕێکی زۆر لە وزەی خۆر وەردەگرێ و پاشان خودی زەوی و بەرگە هەواکەی هەڵدەستن بە گەڕاندنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم وزە گەرمییە بۆ ناو بۆشایی ئاسمان، بەم پێیە هاوسەنگی تیشکدان بریتییە لە هاوسەنگی نێوان وزەی هاتوو (تێچوو) بۆ  وزەی دەرچوو لە زەوی.

پەنگ خواردنەوەی گەرمی و گەرم داهاتنی جیهانی 

زۆربەی زانایانی جیهان تووشی جۆرە دڵەڕآوکێیەک بوونە دەربارەی ئەو ئاماژانەی کە دەری دەخات تێکڕای پلەی گەرمی جیهان لەم سەد ساڵەی ڕابردوو زیادیکردووە خودی ئەو زیادبوونەش ناودەبرێت بە گەرم بوونی جیهانی (Global warming)، هەندێک لە زاناکان هەڵسان بە نمایشکردنی گریمانەیەک کە دەڵێن؛ بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازەکانی پەنگ خواردەنەوەی گەرمی لە بەرگە هەوادا هۆکارێکە بۆ ڕوودانی گەرم بوونی جیهانی، چونکە گازەکانی پەنگ خواردنی گەرمی ئەو گازانەن کە وزەی گەرمی لە بەرگە هەوادا دەمژن، لەوانەیە چالاکییەکانی مرۆڤ وەکو بەکارهێنانی سووتەمەنتە هەڵکەنراوەژان و بڕینەوەی دارستانەکان بەرپرس بن لە زیادبوونی گازەکانی پەنگ خواردنی گەرمی بە تایبەتی گازی دوانۆئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوادا، ئەگەر ئەو بۆچوونەی زانایان ڕاست بێت ئەوا زیادبوونی ئاستەکانی ڕێژەی گازەکانی پەنگ خواردنی گەرمی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی جیهان بەبەردەوامی، ئەگەر گەرم بوونی جیهانیش بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە هۆی تێکچوونی باری کەش و ئاو  و هەوای جیهان، هەروەها ئەو ڕووەک و گیانەوەرانەی خۆیان لەگەڵ ژیانی کەش و ئاو و هەوا و سەقایەکی دیاریکراودا گونجاندووە ئەوانیش باری ژیانیان تێک دەچێت، هەرچەندە خوێندنی ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا زۆر ئاڵۆزە بەڵام هەتا ئەم چرکەیەش زاناکان هەر لە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەدان دەربارەی گەرم بوونی جیهانی.


سەرچاوەکان

160 بینین