پڕۆتستان - protestant ethic

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-25-04:37:00 - کۆدی بابەت: 4834
پڕۆتستان - protestant ethic

ناوه‌ڕۆك

ڕەوشتی پڕۆتستان چییە؟

پڕۆتستان بەو کڵێسایانە دەڵێن کە لە سەدەی شازدەهەمدا بە دابڕان و جیابوونەوە لە دەسەڵاتی پاپا هاتنە کایەوە، پڕۆتستانە سەرەتاییەکان خۆیان بەم ناوە ناونەدەبرد، بەڵکوو بە خۆیان دەگووت (ئینجیلی). ئەم زاراوەیە لە کۆنترین واتایدا ئاماژەیە بە بەرهەڵستی سیاسی لە هەمبەر ئیپڕاتۆری پیرۆزی ڕۆم لە ساڵی ١٥٢٩ دا دەکا کە لەلایەن شازادە ئەڵمانییەکانەوە دەست پێکرا و گوێیان بە کلێسای ڕۆم نەدەدا.

ماکس ڤیبێر (١٨٦٤-١٩٢٠) لە ساڵی ١٩٠٤ بۆ ١٩٠٥ وتارێکی تێر و تەسەلی لە ژێر ناوی ڕەوشتی پڕۆتستان و گیانی سەرمایەداری لە گۆڤاری ئەرشیفی زانستە کۆمەڵاییەتییەکان و ڕامیاری کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە و گرنگییەکی شایانە دایە ئەم زاراوەیە، ڤیبێر سەرنجی دایە ئەو هەلومەرجەی کە لە ئەوروپا سەرمایەداری لە بیچمی سەرەتایی خۆیدا لەسەر بنەمای بنکەیەکی ئابووریدا گەشەی سەندبوو، بەم بۆنەوە دەستی دا بە هێنانەوەی پەیوەندی نێوان ئەم گەشەسەندنە (گەشەسەندنی سەرمایەداری بنکەیی) و تایبەتمەندی دەروونی کەسایەتی پڕۆتستان بە سەرنجدان بە گەشەی کالۆنیستی لۆتەری (واتە شێوازێکی هزری کە کاری دونیای بە پیشەی دینی دەزانێ).

لەم ڕووەوە بیردۆزی ڕەوشتی پڕۆتستان دەڵێ کە ئاکار و خواناسی ئایینی کاڵۆن، وەکو سندانێک بوو کە کەسایەتی پڕۆتستان لە سەریدا کوتراوەتەوە، کاڵۆنسیتی نموونە زۆر بە پەرۆش بوو کە بکەوێتە بەر نەفرەت و نزاو و لەحنەتی پەروەردگار و نائومێدانە هەڵوەدای دیتنەوەی هەڵبژێردران لە لایەن خوداوە بوو. لەسەدەی حەڤدەیەمدا کاڵۆنیستەکان سەرکەوتن لە دونیایان بە نیشانەی هەڵبژێردران لە لایەن خواوە دەزانێ، ئەمانە ئەوەندە توونیو و تامەزرۆی هەڵبژێردران بوون کە بە سەختی کاریان دەکرد تا گەیشتن بەم پلە و پایە کە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. دین لەلایەن ئەم کەسانەوە گوشارێکی زۆری دەخستە سەر تاک و ئەو ئاسوودەییەی کە لەلای قەشەوە لە کاتی دان نان بە گوناحەکانیان بۆیان دەهاتە ئاراوە، هیچ چێژێکی پێ نەدەدان و خوازیاری گەیشتن بە بەختەوەرییەک بوون لە پێشتر تایبەت بە قەشەکان بوو.

کالۆنیسم لەسەر ئەم چەمکە پێداگری دەکا کە مرۆڤ بە جێ بەهرەگرتن لە ماڵ و سامانی دەبێ تەنیا چاودێریان لێ بکا. ڕەهەندی سیاسی ئەم ئایینە واتە بە دزێو زانینی لەشپەرستی و زۆرجار بەرگری لە دەسەڵاتی ملهوڕانەی دەوڵەت بەسەر ویژداندا، هانی دان تا هەلومەرجێک پێک بێنن کە ببێتە هۆی گەشە و بەرفراوانی سەرمایەداری. لەم سۆنگەوە ڕێکخراوی عەقڵانی و نەزمەداری کار، گوێڕایەڵی پارێزکارانە لە هەمبەر بنکەی ئابووری، کە تایبەتمەندی گیانی سەرمایەداری سەرەتاییە، هەموویان لە ئاکامەکانی خواناسی کالۆنیستی دێنە ئەژمار. ڕەخنەگری سەرەکی بیردۆزی ڤیبێر، ڕ‌،،‌هـ تۆنیە کە بڕوای وایە هۆگر بوونی کالۆنی بە کار و سامان، گۆڕانکاری خوداناسانەی زاتی و ئاکامی دەروونی ئەو گۆڕانکارییانە نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا گوشاری ئابووری و ڕامیاری و پلە و پایەی کۆمەلایەتی کالۆنیستەکان بۆتە هۆی هاتنە دی ئەم هۆگرییە، بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لەم دواییانەدا لەسەر سەرچاوەکانی کالۆنیسم لە بزاڤی چاکسازی دینی زووریخدا ئەنجام دراوە، وا پیشان دەدەن کە گوایە سەرمایەداری پێشتر دەست پێکراوە.

کۆمەڵەیەکی ئایدۆلۆژیکی و دەروونی تایبەت کە هاوڕێ لەگەڵ ڕەوشتی پڕۆتستانین، لە نووسراوە گشتییەکانی کۆمەڵناسیدا کاریگاریان هەبوو، ڤیبێر ڕای وابوو کە رەوشتی پڕۆتستانی لە مێژووی خۆی هەڵکەندراوە تا لە سەر لە بەری دونیادا بڵاو ببێتەوە.


سەرچاوەکان



466 بینین