ناوهڕۆك
شیکاری زاراوەی باوک سالاری
دەتوانین بڵێین کە ئەم زاراوەیە، ئێستا لە فەرهەنگی زاراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا نەماوە، پێشتر واتای ئەم زاراوەیە بریتی بوو لە گروپێکی بنەماڵەیی کە پیاوێکی بەساڵاچوو بە سەریدا زاڵ بوو، هەرچەندە هەندێ ڕەهەندی تریش کە نەختێ لەگەڵ ئەم پێناسەیە جیاوازی هەیە دەگرێتەوە. نووسەرانی وەکو هـ مین و ل. مۆرگان جێگایەکی تایبەتیان بۆ ئەم پێناسەیە لە زاستە کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە، ئا، هابێل ڕوونی کردۆتەوە کە بە بۆنەی گۆڕانی دۆخ و قۆناغێک کە تێیدا باوک بەسەر هەموو بنەماڵەدا حوکمی دەکرد، ئەم قۆناغە کە یەکێک لە قۆناغە گرینگەکانی گەشە و تواوتری بوونی کۆمەڵگای مرۆییە، کۆتایی هاتووە و مۆڵەتی نەماوە. هابێل دەنووسێ (باوک سالاری و دەسەڵاتەکانی هۆزە سەرەتاییەکان شتێک نییە بێجگە لە تارمایی بیر و بۆچوونەکانی سەدەی نۆزدەهەم)، پێشتر مەبەست لە باوک سالاری حکوومەتێکی بنەماڵەیی بوو کە باوک یان جێگری باوک بە سەر هەموو ماڵەکەدا حوکمی دەکرد، هەندێ تر لە نووسەران لە زاراوەی (حکومەتی رەهای پیاوان) پێناسەیەکی بەرفراوان تر دەدەنە دەست و ڕایان وایە کە ئەمە بارودۆخ و هەل و مەرجێکی زۆر دەگمەنە. لە فەرهەنگی نێونەتەوەیی نوێی وێبستردا هاتووە کە باوک سالاری نەک تەنیا ئاماژە بە سەرەکی بوونی پیاوان لە باری جەستەیی و کۆمەڵایەتی دەکا، بەڵکو مافی باوکی یان پشتی لە پێداویستەکانی ئەم سیستەمەیە، هەرچەندە باوک سالاری تا ڕادەیەکی زۆر بە پرسێکی جیهانگیر دێتە ئەژمار، بەڵآم ڕادەی دەسەڵات و ویستی پیاو و ژن لە کلتورە جیاوازەکاندا جۆراوجۆرە، بۆ نموونە دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا لە سعوودەیدا زیاترە لە هەر شوێنیکی دونیادا، کەچی ئەم دەسەڵآتە دەسەڵآتی پیاوان بەسەر ژناندا لە وڵاتی نەرویج دا بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتووە، بە بڕوای واڵبی، باوک سالری لە شەش پێکهاتەدا کە هەندێ جار لەگەڵ یەک تێکەڵاوییان هەیە، خۆی دەنوێنێ.
- ئاستی داهات.
- ژمارەی خێزان.
- دەوڵەت.
- توند و تووڕەیی.
- ڕەگەز.
- کلتوور.
ئەم شەش پێکهاتەیە لە هەر کلتوورێکدا کارێکی جیاوازیان لە ئەستۆیە، بە ڕای واڵبی لەسەدەی بیستەم و لە وڵآتە ڕۆژئاواییەکاندا باوک سالاری تایبەت باوک سالاری ناو خێزان، بووەتە باوک سالاری گشتی و یان دەوڵەتی باوک سالارییەک کە دەوڵەت و بازاڕی کار چەند و چوونی ژیانی ئافرەتان دیاری دەکەن. بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێ لە نووسەران ئاماژەیان پێ کردووە، دەسەڵاتی باوک سالاری تەنیا بەسەر ئافرەتاندا نەبووە، بەڵکو لە بنەماڵی بەرفراوانەکاندا دەسەڵاتی بەساڵآچووترین پیاو بەسەر هەموو ئەندامانی چ ژن و چ پیاوی بنەماڵەدا یەکسان بوو، ئەنجامی ئەم سیستەمە لە سەدەی بیست و یەکدا لە بیچمی باوک سالاریدا خۆت نواند، حکومەتی بەعس و سەدام حسێن لە عێراق دا یەکێک لە زەقترین نموونەکانی ئەم شێوازە بوو، بێ شک پیاوانیش لەم شێوازەدا تووشی زیان و ئازاری زۆر دەهاتن، بەڵام ئازاری پیاوان هیچ کات زیاتر لە ئازاری ژنان نەبووە، چونکە هەر بنەماڵەیەک باوکی تێدا هەیە و باوکیش بە گوێرەی گەمان شێوازی قۆرغکردنی دەسەڵات لە ناو بنەماڵەدا حوکمی دەکرد و دوایین کەسانێک کە زۆرترین ڕەنج و ئازارییان بەر دەکەوێت ژنان و ئافرەتان بوون.
بێ گومان یەکێک لەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە سەرنجێکی وردبینانەی داوەتە ئەم سیستەمە لە عێراق د ڕۆمانی (حەسار و سەگەکانی باوکم) لە نووسینی شێرزاد حەسەنە، شێرزاد حەسەن لەم ڕۆمانەدا بە وردی چۆنێتی دەسەڵاتی باوک بەسەر هەموو ئەندامانی تردا (کچان و کوڕانی ناو خێزان) پیشان دەدات. شێرزاد حەسەن لەم بەرهەمەدا دەستی داوە بە ڕاڤەیەکی دەروون ناسانە و کۆمەڵناسانە لە سیستەمی باوک سالاری، لەم سیستەمەدا کە لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ سیستەمی کۆیلەداری هەیە، تاک کەسایەتی و بەها ئینسانییەکانی خۆی دەدۆڕێنێ و لە ناو کۆمەڵگایەکی مەحکووم کراوە دەژیت. ژیانێک کە هیچ دەربازبوون لێی نییە، سەگەکانی باوکی سالار (سیمبۆلی دەسەڵاتی بێ چەند و چوونی باوک)، بێ هیچ بەزەییەک ئەوانەی کە بیانەوێ لە پردێک کە باوک دیاری کردووە بپەڕنەوە، پەلە پەل دەکەنەوە، باوک بۆ خۆی لە گەڵ ژنەکانییدا ڕادەبوێرێ و کوڕەکانی دەبێ بە حەسرەتەوە سەیری ئەو ڕابواردنەی باوکیان بکەن، هەموو ئەم زوڵمانەی کە سیستەمی باوک سالاری لە تاک و سەرجەمی کۆمەڵگای دەکات. کۆمەڵگا بەرەو شۆڕش و هەڵوەشاندی ئەو سیستەمە پاڵ پێوە دەنێ و باوک ستەمکار یان هەمان پادشای باوک سالار تەفر و توونا دەبێ، کێشەیەک کە پاش ڕووخانی ئەو سیستەمە دێتە ئاراوە ئەو شتەیە کە لە کۆمەڵگای کۆیلەداریشدا خۆی پیشان دا، ئەوەش بریتییە لە نەبوونی متمانە بە خۆ لە ناو کوڕەکانی باوکدا بۆ بەڕێوەبردنی خۆ و دەسپێکردنی شەڕ و کێشەی ناوخۆ و ڕووخانی دیوارەکانی حەسار و هەڵگیرانی کچانی شار و سەدان کێشەی تر، کە هێشتا لە عێڕاقدا کۆتایی نەهاتووە، هەر ڕۆژ دەیان کەس دەخانە بەردەم دێوەزمەی مەرگەوە.