شیرینکردن و سازگارکردنی ئاوی سوێر

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-15-03:42:00 - کۆدی بابەت: 5338
شیرینکردن و سازگارکردنی ئاوی سوێر

ناوه‌ڕۆك

شیرینکردنی یان سازگارکردنی ئاوی سوێر

شیرینکردنی ئاوی سوێر، یاخود سازگارکردن، بریتییە لە لابردنی خوێی ئاو بە کۆمەڵێک پڕۆسەی پیشەسازیی کە بۆ لابردنی هەموو یان بڕێکی دیاریکراو لە ڕێژەی خوێیە زیادە و کانزاکانی نێو ئاوەکان دەکرێت، ئەمەش بۆ مەبەستی بەکارهێنانەوەی لە کاری ڕۆژانەی دیکەدا، وەک: خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئەم کردارە بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕ دەبێت: چارەسەرکردنی یەکەمیی بۆ ئاوەکە، کرداری لابردنی خوێیەکان، چارەسەرکردنی کۆتایی.

ئەو کارتێکەرانەی شێوازی گونجاوی سازگارکردن دیاری دەکەن

تێچووی بەرهەمەکە

ئەمە لە ڕێگای لێکۆڵینەوەیە لە پێشکەوتنەکانی بواری سازگارکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ ئەوەی باشترین ڕێگا لە ڕووی تێچووی دارایی و چاککردنەوە و تێچووی کارپێکردنەوە بدۆزرێتەوە،

جۆری ئاوی زەریا

ئەمەش لە ڕێگای پشکنینی ڕێژەی چڕبوونەوەی خوێیە تواوەکانی نێو ئاوەکە، لەبەر ئەوەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ئەمە دەگۆڕێت.

پلەی گەرمای ئاو و کارتێکەرەکانی

دەبێت پلەی گەرمیی ئاو لەبەرچاو بگیرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر پلەکەی لە بڕی دیاریکراو نزمتر بوو ڕێژەی بەرهەمە سازگارەکە کەم دەکات، ئەمە لەبەر ئەوەیە وێستگەکانی سازگارکردن لە پلەیەکی گەرمای دیاریکراودا بەرهەمی چاوەڕوانکراو دەدەن، بۆیە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی کاریگەریی لەسەر بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو هەیە، هەروەها هەندێک کارتێکەری سروشتیی دیکە وەک هەڵکشان و داکشان و قووڵیی دەریا کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر ئەم بابەتە.

ڕێگاکانی سازگارکردنی ئاوە سوێرەکان

سازگارکردن بە دڵۆپاندن

  • دڵۆپاندنی ئاسایی: کوڵاندنی ئاو لە شوێنێکی هەڵگرتنی ئاوی بێ پەستان، دەکوڵێنرێت هەتاوەکو هەڵمی ئاوەکە دەست دەکات بە بەرزبوونەوە بۆ سەرەوەی تانکییەکە، پاشان لە ڕێگای دەرچەیەکی تایبەتەوە دەردەچێت کە بەرەو چڕکردنەوە دەچێت و هەڵمی ئاو چڕ دەکاتەوە، ئیدی دەگۆڕدرێت بۆ دڵۆپەی ئاو کە لە تانکییەکی ئاوی دڵۆپێنراو کۆدەبێتەوە، ئەم ڕێگایە لە وێستگەکانی سازگارکردنی کەم بەرهەمدا بەکاردێت.
  • دڵۆپاندنی خێرا: لەم ڕێگەیەدا ئاو دەکوڵێنرێت، پاشان لە ژووری یەک لە دوای یەکی پەستان نزم تێپەڕ دەبێت، پاشان دەگۆڕدرێت بۆ هەڵمێک کە لەسەر ڕووە ساردەکان چڕ دەبێتەوە، پاشان کۆدەکرێتەوە و چآرەسەر دەکرێت، پاشان دەکرێت بە بڕی گەورە و لە خواردنەوەدا بەکار دێت، ئەم شێوازە لەو وێستگانەدا بەکار دێت کە خاوەن توانای بەرهەمهێنانی زۆرن.
  • دڵۆپاندنی فرە کاریگەری: ئەم شێوازە لە ڕێگای سوود وەرگرتن لە بەرزبوونەوەی هەڵمی بەهەڵمکەری یەکەم، پاشان چڕکردنەوەی لە بەهەڵمکەری دووەم ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوە گەرمیی چڕکردنەوە لە بەهەڵمکەری دووەم بەکار دێتەوە لە بەهەڵمکەری یەکەمدا، بەهەڵمکەری دووەمیش هەڵمی سەرچاوەگرتوو لە ژووری یەکەم چڕ دەکاتەوە، بەهەڵمکەری سێهەمیش بە هەمان شێوە کار دەکات.
  • دڵۆپاندن بە وزەی خۆر: ئەم ڕێگایە پشت دەبەستێت بەو وزەیەی کە لە تیشکی خۆرەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ گەرمکردنی ئاوی زەریا تا دەبێت بە هەڵم، پاشان چڕ دەکرێتەوە لەسەر ڕووە ساردەکان، دواتر دەبرێتە شوێنی هەڵگرتن، سەرەڕای ئەوەی کە وزەی خۆر بێسنوور و بەردەوام و نوێگەرە، بەڵام تێچووی دانانی وێستگەیەکی سازگارکردن بە هۆی خۆرەوە تێچووی زۆرە، هەروەها دەستکەوتنی خۆر لە درێژایی ڕۆژ ئاسان نییە، هەروەها کارتێکەرەکانی کەشوهەوا هەمیشە کاری تێدەکەن.

سازگارکردن بە فلتەر

لەم کردارەدا فلتەرێکی نیمچە پیاڕۆ بەکاردێت، کە ئاوی سازگار تیایدا بە ئاڕاستەی پەستانی نزم دەڕوات، ئەمە پێویستی بەوەیە کە ڕێژەی پەستان لەو لایەی ئاوە سوێرەکەی تێدا بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستێک کە دەگاتە حەفتا باڕ، زۆربەی جار ئەم پەستانە لە ڕێگای بەکارهێنانی دینەمۆ کارەباییەکان دروست دەکرێت، هەروەها دەکرێت جیاکردنەوە بە فلتەری کارەبایی بکرێت، هەروەها ئاماژە بۆ هەبوونی جۆری دیکەی بەکارهێنانی فلتەرەکان دەکرێت کە هێشتا لە بواری تاقیکردنەوەدایە، کە بریتین لە فلتەری نانۆ و فلتەری سازگارکردن.


سەرچاوەکان



708 بینین