پەیماننامەی سایکس پیکۆ - 1916

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-16-04:38:00 - کۆدی بابەت: 5360
پەیماننامەی سایکس پیکۆ - 1916

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی

داڕشتنەوە تشرینی دووەمی 1915 – ئازاری 1916
بەرواری پێشكەشكردن 23/11/1917
بڕیاردان 16/5/1916
نووسەرانی ڕێككەوتننامە  مارك سایكس – فرانسوا جۆرج پیكۆ
ئامانج دیاریكردنی سنوورەكانی دەسەڵاتی عوسمانی دوای جەنگی جیهانی یەكەم

ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ لە ساڵی 1916 پەیماننامەیەكی نهێنی نێوان فەڕەنسا و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بوو، بە دانپێدانانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا و ئیتاڵیا بۆ دابەشكردنی ناوچەی بەپیت لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا، هەروەها دابەشكردنی ناوچەكانی دەوڵەتی عوسمانی كە پێش جەنگی جیهانی یەكەم دەسەڵاتی تێیاندا هەبوو، پەیماننامەكە لەسەر بنەمای پەیماننامەی سێ لایەنەی ساڵی 1907 گرێ درا بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەكەم، یەكەمین دانیشتنەكانیش لە 25/11/1915 و 3/1/1916 ڕوویدا ئەوەش ئەو كۆبوونەوانە بوون كە هەریەك لە دیبلۆماتكاری فەڕەنسی فرانسوا جۆرج پیكۆ و بەریتانی مارك سایكس لەسەر كۆمەڵێك خاڵ لێك تێگەیشتن و ڕێككەوتن لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و ڕووسیای ئەوكات، هەموو وڵاتەكانیش لە 9 و 16/5/1916 دانیان بە ڕێككەوتنەكەدا نا و قبووڵیان كرد.

بەپێی پەیماننامەكە ویلایەتە عەرەبییە عوسمانییەكان دابەشكران لەژێر دەسەڵاتی هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا.

بەپێی ڕێككەوتنەكە بەریتانیا هەریەك لە فەڵەستین و ئوردون و باشووری عێراقی گرتە دەست، هەروەها چەند ناوچەیەكی دیكەی وەك حەیفا و عەككا بۆ ئەوەی بتوانێت بگات بە دەریای سپی ناوەڕاست.

فەڕەنساش ناوچەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا و باكووری عێراق و سوریا و لوبنانی گرتە دەست، هەروەها ڕووسیا بەپێی ڕێككەوتنی سازۆنۆڤ-پالیۆلۆج ناوچەكانی ئەرمینیای ڕۆژئاوا و قوستەنتەنیە و دوو ڕێڕەوی ئاوی توركیای دەگرتە دەست، وڵاتی ئیتاڵیا ساڵی 1917 بەپێی پەیماننامەی سانت جان دی مۆرین دانی بە ڕێككەوتنەكەدا نا بە مەرجی ئەوەی باشووری ئەنادۆڵ بۆ ئەو بێت، ناوچەی فەڵەستینیش كە لە فەڵەستینی بەریتانی بچووكتر بوو كەوتە دەست دەسەڵاتێكی نێودەوڵەتی.

ئەم ڕێككەوتنە بۆ بنچینەیەكی سەرەتایی ڕێككەوتنی ئەنجلۆ-فەڕەنسی كاتی 1918 دانرا بۆ بەشكردنی زەوییەكانی شام لەدوای جەنگ، دوای ماوەیەكی زۆریش لە جەنگ فەڕەنسییەكان وازیان لە فەڵەستین و موسڵ هێنا بۆ بەریتانییەكان، وڵاتانی شامیش كەوتە دەست دەسەڵاتی بەریتانی لە كۆنگرەی سان ڕیمۆ لە نیسانی 1920 لە چوارچێوەی سایكس پیكۆ.

دەسەڵاتی بەریتانیا هەتاوەكو 1948 لەسەر فەڵەستین بەردەوام بوو، هەروەها عێراق هەتا 1932، فەڕەنساش لە ساڵی 1946 وازی لە سوریا و لوبنان هێنا، لە ساڵی 1920ـیش ناوچەكانی ئەنادۆڵ بەپێی پەیماننامەی سیڤەر دیاریكرا، دواتریش جەنگی سەربەخۆیی توركیا دروستبوو لە 1919 بۆ 1923 و بووە هۆی سەربەخۆیی توركیا.

ماددەكانی پەیماننامەكە

ماددەی یەكەم

سەرزەوییەكانی عەرەب و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دابەشدەكرێت بەسەر دوو ناوچەی سیاسی (ئەلف) و (باء) كە هەردوو فەڕەنسی و بەریتانی دەگرێتەوە.

ماددەی دووەم

ناوچەی ئەلف ناوچەكانی لوبنان و سوریا و ئەدەنە و كیلیكیا و دیاربەكر دەگرێتەوە، هەروەها شاری موسڵیش دەبێتە بەشێك لە دەسەڵاتی فەڕەنسا.

ماددەی سێیەم

ناوچەی (باء) واتە بەریتانیا بەشی باشووری سوریا و ئوردون و ناوچە خۆجێیەكانی وڵاتی دوو ڕووبار وەك بەغدا و بەسڕە و خەلیجی عێراق و بەندەرەكانی حەیفا و عەككا بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە.

ماددەی چوارەم

شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی + ڕووسیا بێت.

ماددەی پێنجەم

ئەستەنبوڵ و دوو لە بەندەرەكانی ڕۆژهەڵات و شەش ویلایەتی ئەرمەنی و كوردی بۆ ڕووسیا بێت.

بەڵام ماددەی پێنجەم بە كشانەوەی ڕووسیا لە ساڵی 1917 بەهۆی شۆڕشی بەڵشەفییەكانەوە پووچەڵ بوویەوە.

ماددەی شەشەم

دروستكردنی هێڵی ئاسنین لە بەغداد بۆ حەلەب و بەستنەوەی وڵاتەكان پێكەوە بە یارمەتی هەردوو دەسەڵاتدارانی ناوچەكە.

ماددەی حەوتەم

بەریتانیا دەتوانێت خودی خۆی هێڵی ئاسنینی حەیفا دروستبكات و ببێتە بەرپرس و خاوەنی، دەبێت هەردوو حكومەتەكانیش ئاگاداربن كە ئەم هێڵە لە حەیفا بۆ بەغدادە، گەر كێشەیەكیش لە هێڵەكان ڕوویدا حكومەتی فەڕەنسی ڕێگا دەدات بە تێپەڕینی بەریتانییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵیان هەتاوەكو چاككردنەوەی كێشەكە.

كورد و ئاشووریەكان

وڵاتی كوردان لە نێوان ناوچەی بەریتانی و فەڕەنسی و ڕووسی دابەشبوو، كوردستانی باشوور لە ناوچەی فەڕەنسا بوون، هەروەها بەدلیس و وان لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا بوون، بۆمان دەڵێت: 2،5 ملیۆن كورد لە ناوچە شاخاوییەكانی توركیا هەبوون و ناوچەكەیان پێی دەوترا كوردستان.

ساڵی 1919 شەریف پاشا نووسینێكی پێشەكەشی كۆنگرەی ڤێرسای پاریس كرد كە داوای سەربەخۆیی كوردان كرابوو تێیدا، كە سنوورەكەی لە باكووری ئەرمینیا بۆ خوارووی عێراق و لە ڕۆژئاواوە لە نێوان دیجلە و فوڕاتە و لە ڕۆژهەڵاتیش دراوسێی ئێرانە.

بەپێی پەیمانی سیڤەر كە لە ساڵی 1920 بەسترا، وڵاتان ویستی ئەوەیان هەبوو دەوڵەتێكی كوردی دروست بكەن بۆ كوردەكان بە كوردستانی باكوور و موسڵیشەوە، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی سەربەخۆیی توركیاوە پەیمانەكە هەڵوەشایەوە و دواتریش بەهۆی پەیمانی لۆزان موسڵ درا بە عێراق و ناوچە كوردییەكانیش دابەشكران بەسەر هەر چوار وڵاتی سوریا و عێراق و ئێران و توركیا.

لایەنی ئابووری

زۆرترین هۆكاری داگیركارییەكان بەپیتی خاكی ژێردەسەڵاتی عوسمانی و بوونی كانزا و نەوت بوو، هەر بۆیە بەریتانیا دەستپێشخەری كرد و ناوچەكانی عێراقی داگیركرد بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرترین سوود ببینێت.


سەرچاوەکان



5383 بینین