میسک لە چی دروست دەکرێت؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-16-22:19:00 - کۆدی بابەت: 5364
میسک لە چی دروست دەکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

میسک

میسک ماددەیەکی عەترییە کە لیمفە ڕژێنی کیسی لە سکی ئاسکی میسکدا دروست دەبێت، بۆ مەبەستی بۆنخۆشی بەکاردێت، ئەم لیمفە ڕژێنە تەنها لە نێرینەی ئاسکدا هەیە، قەبارەی هێندەی هێلکەی مریشک دەبێت، ڕەنگی وەنەوشەیی دەردەدات، بۆنی بەهێزە و وەک هەنگوین لکاوە، وەک ڕاکێشەرێکی سێکسی لە گیاندارەکەدا کار دەکات، کاتێک کیسەکە دەبڕدرێت دەردراو دەردەدات کە ڕەنگیان قاوەیی و مەیلە و ڕەشە، لە کاتی وشکبوونەوەیدا شێوەی وەک دەنکی لێدێت، هەندێک ڕووەکیش دەردراوی وەک میسکیان هەیە، وەک ڕووەکی (کەرکەردی) و ڕووەکی (شرش الزلوع) کە لە ئاسیای ناوەڕاست و تورکستاندا بوونی هەیە، ئێستا ئەم ڕووەکانە لە زۆر میسکی پیشەسازیدا بەکاردێت.

میسک چۆن دەردەهێنرێت؟

میسک لە لیمفەڕژێنی ئاسکی زیندوودا دەردەهێنرێت بە بێ ئەوەی پێویست بکات بکوژرێت یان زیان بە گەشە و ژیانی بگات، دەکرێت چەند جارێک بە سەرکەوتوویی لە ئاسکی زیندوو دەربکرێت، تایبەتمەندییەکانی میسک لە باخچەی کاتماندۆ لە نیپاڵ توێژینەوەی لەسەر کراوە، کرداری دەرهێنانی میسک لە ئاسک پێویستی بەوەیە ئاسکەکە ڕابکشێت بە یارمەتی سێ کەس، ناوچەی دواوەی دەبێت بەدەرەوە بێت و دەرهێنەرێک دەکرێتە ناوەوە کە بە کرێمی دژە زیندەیی چەور کراوە، ئەبێت قووڵ بچێتە ناوەوە هەتا دەگاتە لیمفە ڕژێنەکە و دەردەهێنرێت، پاشان شوێنە لێکراوەکە بە دژە زیندەیی چەور دەکرێت تاوەکو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی لای ئاسکەکە نەمێنێت، دەرهێنانی میسکەکە پانزە خولەکی پێدەچێت، ئەم ڕێگایەش گونجاوترین ڕێگەیە، دەکرێت هەموو ساڵێک لە ئاسکی پێگەیشتوودا دووبارە بکرێتەوە، ڕێگایەکی دیکەش هەیە کە دەبێت بەشێک لە لیمفە ڕژێنەکە ببڕدرێت تاوەکو میسکەکە دەربهێنرێت، بەڵام ئەم شێوازە پێویستی بە بەنجکردنی گیاندارەکە هەیە، بەڵام مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر ژیانی ئاسکەکە، گونجاوترین کات بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بریتییە لە مانگی دوانزە و مانگی یەک.

ئاسکی میسک

ئاسکی قەبارە بچووکن، لە خێزانی سێرفیدای ڕەچەڵەکی ئەرتیوداکتیلا دێن کە گیانداری شەرمن و دابڕاون، ئاسکی میسک لە ناوچە شاخاوییەکانی سیبیریاوە هەتا شاخەکانی هیمالایا دەژین، خاوەن گوێچکەی گەورەن و کلكێکی زۆر بچووکیان هەیە، شاخی نییە و ڕەنگی قاوەیی و ڕەساسییە و توکەکەی زۆر تەنکە، بە وەستاوی باڵای 50-60سم دەبێت، نێرەکانیان دانی درێژیان هەیە لە شەویلگەی سەرەوەیانەوە نزم بۆتەوە بۆ دەمیان، هەروەها کەڵبەیان هەیە و ئەندامێکیان هەیە میسک دروست دەکات کە پێی دەوترێت گیرفانی میسک کە لە سکیدایە، ئەو میسکەی لێیانەوە دەردەهێنرێت لە بۆنخۆشکردن و سابووندا بەکاردێت.


سەرچاوەکان



1711 بینین