مێژووی پارە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-05-21-17:23:00 - کۆدی بابەت: 5450
مێژووی پارە

ناوه‌ڕۆك

مێژووی گەشەسەندنی پارە

هەزاران ساڵ پێش ئێستا، پاش ئەوەی کە مرۆڤە ئەشکەوت نشینەکان دەستیانکرد بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری نوێ بوونەوە.  پێویستی مرۆڤە سەرەتاییەکان بە خواردن و خۆراک بە یەکێک لە پێویستیە سەرەکییەکانیان هەژمار دەکرا، کە زۆربەی کات ئەم پێداویستیەیان لە ڕێگای ڕاوکردن یاخود سوودوەرگرتن لە میوەو ڕووەکەکان دابین دەکرد.

پاش ئەوەیکە بەرهەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی مرۆڤە سەرەتاییەکان زیادیکرد، وە بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەیکە ئەم بەرهەمان تەمەنێکی دیاریکراویان هەیە و پاش ئەوە چیدی بۆ بەکارهێنان شیاو نین. مرۆڤ ڕوویکردە مامەڵەی (کاڵا بە کاڵا).

مامەڵەی کاڵا بە کاڵا چەندین گرفتی هەبوو، لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە سەختی گواستنەوەی ئەو کاڵایانەی کە دەتەوێ بیانگۆڕیتەوە وە هەروەها جیاوازی نێوان بەهای کاڵاکان بکەین. بۆ نمونە جوتیارێک کە دەیویست مەڕێک لە ئاژەڵدارێک وەربگرێت، نەیدەزانی لە بەرامبەر ئەوەدا دەبێت چەند کیسە گەنمی پێبدات. 

ئەمەش بوە هۆی دروستبونی ئامرازێکی نێوەندگیر بەناوی پارە کە بە درێژایی مێژوو چەندین گۆڕانکاری بەسەر شێویدا هاتووە.
خەڵکی هەر ناوچەیەک لەسەر گۆی زەوی، سودیان لە پارەی ناوچەکەی خۆیان وەردەگرت، کە زۆربەی کات بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕیگەی سروشتەوە بەدەستهاتبوو. 

لە قۆناغێکدا خوێ لە زۆرێک لە ناوچەکاندا وەک ئامرازێکی نێوەندگیر بۆ مامەڵەکان بەکارهاتووە کە بەهای کاڵا جیاوازەکانی دیاری دەکرد. لە قۆناغێکیشدا لە هەندێ ناوچە پەموو بەکاردەهێنرا. بەڵام هەر یەک لەم ئامرازانە پاش ئەوەیکە سەرچاوەیەکی زۆریان لێ دەدۆزرایەوە، بێ ئەرزش دەردوکەوتن و وەلادەنران. 

سوڕی گەشەسەندنی پارە بە هاتنەکایە و وەلانانی چەندین جۆر پارە درێژەی کێشا، تا ئەوەیکە بە سکەی زێڕ و زیو گەیشت. 
ئەم کانزایانە بەهۆی مانەوەیان و سنوردابوونی سەرچاوەکەیان وە قورسی ساختە کردنیانن، بۆ چەند هەزار ساڵ لە نێوان ئیمپراتۆرییەکان و دەوڵەتەکان بەکارهێنران. 

بەڵام ئەم کانزایانەش گرفتی تایبەت بەخۆیان هەبوو، گواستنەوەی ئەو کانزایانە بەهۆی قورسی کێشیانەوە گرفتێک بوو. بەهۆی قورسی گواستنەوەی ئەم کانزایانە چەند ناوەندێک دروستبوون کە ئەو کانزایانەیان وەردەگرت وە لە بەرامبەریدا (ڕەسید و بەڵگەنامەی کاخەزییان) بە بازرگانەکان دەدا، کە دەریدەخست دەتوانن لە بە پێدانی ئەو رەسید و بەڵگەنامانە کانزاکانیان لە ناوەندەکانی دیکە وەربگرن. 

گەشەسەندنی ئەم ڕەسیدە کاغەزییانە بوە هۆی بەدیهاتنی شتێک کە لە ئێستادا پێی دەڵێین پارەی کاغەز. وە بەهای ئەم پارە کاخەزە بە دانانی کانزای گرانبەها بۆ نمونە زێر وەک پشتیوانەی دارایی دیاری دەکرا.

چی وا دەکات پارە نرخی هەبێت؟


سەرچاوەکان



3428 بینین