چەند ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئیرەیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-06-22:40:00 - کۆدی بابەت: 5765
چەند ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئیرەیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ئەو ڕێگایانەی بەسوودن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئیرەیی منداڵ

هەندێک کات لەوانەیە منداڵەکەت، ئیرەیی ببات بە هاوڕێکانی، گرنگە دایک و باوک لەم کاتەدا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن بەم چەند ڕێگایە.

گرنگی بە هەستی منداڵەکەت بدە

ئەگەر گرنگی نەدەیت بە هەستی منداڵەکەت و داواکاری و قسەکانی گرنگ نەبێت بۆت، ئەو هەوڵ دەدات کە کارێک بکات تاکوو گرنکی پێ بدەیت و سەرنجت ڕاکێشێت بۆ لای خۆت، بۆیە هەمیشە بە منداڵەکەت بڵێ کە هەستەکانی چەند گرنگن بۆت.

فێری هاوبەشی پێکردنی بکە

دەبێت منداڵەکەت فێربکەیت کە چۆن هاوبەشی بە شتە خۆشەویستەکانی بکات، وەک یارییەکانی و بیدات بە منداڵی تر و پێکەوە یاری بکەن، یاخود ئەگەر یاری ویست لە منداڵەکانەوە، فێری بکە بە چ شێوازێک داوای بکات، فێری بکە هەندێک کات حەزەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، دەبێت فێر ببێت کە بڕیار نییە حەزی لە هەر شتێک بوو بتوانێت بە دەستی بهێنێت.

خۆ بەدەستەوە مەدە

هەندێک کات زۆر قورسە کە بتەوێت بڵێیت بە منداڵەکەت نەخێر، بەڵام لەوانیە ئێستا کاتی ئەو کارە بێت و گرنگترین ڕەفتار بێت کە لەو کاتەدا بتوانیت ئەنجامی بدەیت، ڕاستە زۆر جار وزەی ئەوەت پێ نییە لە بەرامبەر کاردانەوەیدا خۆت بگریت، بەڵام بیربکەرەوە ئەگەر کاتێک کە پێویستی کرد پێی نەڵێیت نەخێر، هۆکارێکە تاکوو زیاتر ئیرەیی ببات و خۆپەرست بێت، بۆیە خۆت بە دەستەوە مەدە لە بەرامبەر منداڵەکەتدا.

منداڵەکەت هان بدە

ئەگەر منداڵەکەت وادەزانێت کە لە هیچ شتێکدا باش نییە و خۆی بەراورد دەکات بە هاوڕێ و خوشک و براکانی، ئاوا هەرگیز مەهێڵە ئەمەی بە سەردا تێ بپەڕێت و بۆ چەند کارێک هانی بدە و دەست خۆشی لێ بکە تاکوو ڕێژەی متمانە بە خۆبوونی بەرز ببێتەوە.

بەراورد مەکە

هەرگیز ڕەفتار و کردەوەکانی منداڵەکەت بەراورد مەکە بە خوشک و براکانی دیکەی یاخود هاوڕێکانی، وتنی ئەو لە تۆ باشترە و وەک ئەو بە، ئەمانە کاریگەری خراپ دەخەنە سەر دەروونی منداڵەکە و هەستی ئیرەی و ڕقی لە دڵدا دروست دەکەن و خۆی بە لاواز دەبینێت.

فێری هەوڵدانی بکە

هەندێک منداڵ ئیرەی دەبات بە یاری و جلوبەرگی منداڵی تر، منداڵەکەت فێر بکە کە هەموو شتێک دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت تاکوو بە دەستی بهێنیت، و پێی بڵێ پارە کۆبکاتەوە ڕۆژانە تاکوو بتوانێت ئەو یارییەی حەزی لێیەتی بیکڕێت.

پاداشتی کارە باشەکانی بکە

تەنها چاوت لەسەر خراپەکانی نەبێت و سزای بدەیت، کاتێک کارێکی باش دەکات منداڵەکەت دەست خۆشی لێ بکە و ستایشی بکە و پێی بڵێ کە ئەم کارەی چەند گرنگە، تاکوو کاری باش و جوانی لە لا خۆشەویست ببێت و زیاتر هەوڵ بدات.

لە هەستەکانی تێبگە 

ئاسایی بێت بە لاتەوە کە هەستی کینە و ئیرەیی لا دروست ببێت، و پێی بڵێ هەر کات دڵگران بوویت و ئەم هەستانەت لا دروست بوو، بە منی بڵێ و پێکەوە قسەی لەسەر بکەن و باوەشی پێدا بکە و بیلاوێنەوە و پێی بڵێ کە لێی تێدەگەیت، منداڵەکەت بەمە ئارام دەبێتەوە.

بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانتدا بکە

بە یەک چاو سەیری هەموو منداڵەکانت بکە، هەمیشە لەبەر یەکێکیان ئەوی دیکە سەرزەنشت مەکە، هەوڵبدە کاتێک شتێک بۆ یەکێکیان دەکڕیت بۆ ئەوانی دیکەشی بکڕیت، تاکوو هەستی ئیرەییان تێدا دروست نەبێت.

ڕوونکردنەوە بدە

پێی بڵێ کە هەندێک کات هەندێک منداڵ جیاوازن و پێویستیان بە چاودێری و گرنگی پێدانی زیاترە، بۆ نموونە بڵێ ئەوانەی کە بچوکترن ناتوانن وەک تۆ خۆیان خواردن بخۆن و پێویستیان بە باوەش و یارمەتییە.

هەرگیز بە بێ پرس دەست لە کەلوپەکانی مەدە

منداڵیش وەک گەورە هەستی هەیە، بگرە دەبێت زیاتر ئاگاداری هەستەکانی بین چونکە منداڵە و هەستی ناسکە، هەرگیز بە بێ پرس دەستکاری کەلوپەلە یارییەکانی مەکە چونکە ئەمە بێڕێزی پێکردنە، کاتێک دەتەوێت کۆیبکەیتەوە مۆڵەتی لێ وەربگرە.

هەرگیز لە کاتی شەڕکردنی منداڵەکانت لایەنی یەکێکیان مەگرە

کاتێک لایەنی منداڵێکت دەگریت، هۆکارێکە تاکوو منداڵەکانی تر ئیرەیی پێ ببەن بەم کارەت هەستی ئیرەیت لە دڵی منداڵەکەتدا چەسپاندووە.

هەستەکانی خۆت دەرببڕە

کاتێک کە منداڵەکەت ئیرەیی بە خوشک یان براکەی دەبات، زیاتر قسەی لەگەڵدا بکە و بیلاوێنەوە و پێی بڵێ کە چەندت خۆش دەوێت، داوای لێ بکە تاکوو ئاگاداری خوشک و برا بچوکەکەی بێت.

کاریگەرییە خراپەکانی ئیرەیی

متمانە بە خۆنەبوون

ئەگەر منداڵێک بەردەوام ئیرەیی بە کەسانی تر ببات، لە ئەنجامدا سەرنج دەخاتە سەر شتانێک کە لە ژیاندا بوونیان نییە، هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار کە هەمیشە هەست بە کەمی و بێ نرخی بکات، چونکە بیر لەو شتانە دەکاتەوە کە کەسانی تر هەیانە و ئەم نییەتی.

لاسایی کردنەوە

کاتێک متمانە بە خۆبوونی منداڵەکە بە تەواوی نامێنێت، وادەکات کە خۆی بیر نەکاتەوە و متمانەی بە کار و بیرکردنەوەکانی خۆی نەبێت و بەردەوام بییەوێت لاسای کەسانی دیکە بکاتەوە.

نرخ دانان بۆ هەندێک شتی هەڵە

ئیرەیی وادەکات کە واز لە شتە گرنگەکانی ژیانت بهێنیت و لە جێی نرخ دانان بۆ هەندێک کاری گرنگ، سەرنج بخەیتە سەر کاری نا پێویست و ئەمەش وادەکات کە منداڵەکە گرنگی بە شتی هەڵە بدات.

توڕەیی و کینە

ئەو منداڵانەی کە ئیرەیی دەبەن بەردەوام تووڕەن و کینە لە دڵن، بۆ هەر شتێک پێیان دەڵێیت زوو توڕە دەبن.

خۆپەرستی

ئەگەر منداڵەکە ئیرەیی بە هەر شتێک ببات، ئەمە وادەکات کە تەنها خۆی لا گرنگ بێت و بیەوێت هەموو شتێک بۆ خۆی بە دەست بهێنێت و لە خوشک و برا و هاوڕێکانی بسەنێت.


سەرچاوەکان



976 بینین