سوود و زیانەکانی مەلەکردن

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-07-08-01:30:00 - کۆدی بابەت: 5785
سوود و زیانەکانی مەلەکردن

ناوه‌ڕۆك

وەرزشی مەلەکردن

مەلەکردن وەرزشێکی بەناوبانگە، و بە یەکێک لە تەندروستترین وەرزشەکان دادەنرێت، ئەگەر یەکێکیت لەو کەسانەی وەرزشی مەلە بە شێوەیەکی دروست ئەنجام دەدەیت، ئەوە بزانە ئەو وەرزشەی ئەنجامی دەدەیت چەندین سوودی نەژمێردراوی ھەیە.

سودەکانی مەلەکردن

  • توانای بەرگەگرتنی دڵ و سییەکان زیاتر دەکات و ئازاری پشت کەم دەکاتەوە، پەستانی خوێن نزم دەکاتەوە، ھەروەھا ئاستی کۆلیسترۆڵ نزم دەکاتەوە.
  • مەلەکردن وادەکات ماسولکەکان توانایەکی زیاتر بەکاربھێنن، ئەمەش ماسولکەکان بەھێزتر دەکات، ھەروەھا جوڵەیان زیاتر دەکات.
  • مەلەکردن ماسولکەکانی جەستە چالاک دەکات، بەتایبەت ماسولکەکانی پشت و سک و قاچەکان.
  • یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی نەخۆشی ڕەبۆ بوون، و سییەکانیان بەھێزتر دەکات و توانای بەرگەگرتنیان زیاتر دەکات.
  • سوودێکی زۆری ھەیە بۆ کۆئەندامی سوڕان و سییەکان، و یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێشی جەستە.
  • وەرزشی مەلەکردن بە وەرزشێکی ھێمنکەرەوە دادەنرێت، بەھۆی ئەو ماندووبونە جەستەیەی لە کاتی مەلەکردندا دروست دەبێت، باری دەروونی باشتر دەکات.


لایەنە خراپەکانی مەلەکردن

لە تەنیشت سوودەکانی مەلەکردندا لایەنی خراپی ھەیە، گەر زۆر گرنگیش نەبن پێویستە گرنگیان پێبدرێت، چونکە قورسە بۆ ماوەیەکی درێژ مەلە بکەیت.

  • مەلەکردن وەرزشێکی بێزراکەرە، چونکە لە زۆربەی کاتدا گەیشتن بە مەلەوانگە ماندووکەرە، و پێویست بە گۆڕینی جلوبەرگ و دۆزینەوەی شوێنێک بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل دەکات، تەنانەت دەکرێت بلیتی چونە ناو مەلەوانگە گران بێت.
  • یەکێکی دیکە لە لایەنە خراپەکانی مەلەکردن، قورسی پەیڕەو کردنی ڕێجیمێکی خۆراکییە لەگەڵ مەلەکردندا، چونکە زۆربەی کات مەلەکردن ئارەزووی خواردن زیاد دەکات بەھۆی گۆڕانی پلەی گەرمی جەستەوە و پێویستی جەستە بۆ گەرم کردنەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادەڕەوی کردن لە خورادندا، کە وا دەکات ئەگەری سەرکەوتنی ڕێجیمەکە کەم بکاتەوە.

 

پێکانەکان لە کاتی مەلەکردندا

مەلەکردن دەکرێت ببێتە ھۆی پێکان، بەڵام ئەم پێکانانە کەمن بە بەراورد بە وەرزشەکانی دیکە، و زۆر ئاسانە خۆت لەم پێکانانە لابدەیت.

مەلەکردن بە شێوەیەکی ناڕاست کە لە خووی ھەڵەوە سەری ھەڵداوە، دەبێتە ھۆی پەستان خستنە سەر مل ئەمەش لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە دەم دەبرێتە دەرەوەی ئاوەکە بۆ ھەناسەدان.

گۆڕان لە پلەی گەرمی پاش چوونە ناو ئاوەوە وادەکات ھەندێک کەس تووشی سەرما ببن، هەروەها گۆڕینی ناسەلامەتی ئاوی مەلەوانگەکان دەبێتە ھۆی پیسبوون و ھەوکردنی چاو  و گوێیەکان.

بەڵام وەرزشی مەلەکردن ھەر بە وەرزشێکی تەندروست دادەنرێت، هەروەها وا ئامۆژگاری دەکرێت کە بە شێوەیەکی گونجاو ئەم وەرزشە ئەنجام بدرێت.
ئەگەر ئەم وەرزشەتان بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجامدا بەپێی حاڵەتی جەستەتان، ئەوا سوودێکی تەندروستی زۆری دەبێت بۆتان، وەک بەھێز کردنی سوڕی خوێن و دڵ و بۆری ھەناسەدان، تەنانەت بەھێزکردنی جومگەکان و ماسولکەکان و نەرمکردنی ماسولکەکان.


سەرچاوەکان



2266 بینین