سەرباز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-08-18:54:00 - کۆدی بابەت: 5799
سەرباز

ناوه‌ڕۆك

سەرباز کێیە؟

سەرباز یاخود جوندی (بە ئینگلیزی: soldier ) کەسێکە کە سەر بە هێزێکی سەربازی یاخود سووپای وڵاتێکە، کاردەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و گیانی خۆی بەخت دەکات لە پێناو ئەو ئەرکەی کە پێی دەسپێردرێت، کە ئەرکێکی نیشتمانی پیرۆزە، لە کوردستان بە سەربازی سووپای وڵات دەوترێت پێشمەرگە.

زانیاری

سەرباز کەسێکە دەشێت بەهۆی ناونووسکردن و دامەزراندن، یاخود خۆبەخشییەوە بووبێتە سەرباز، دەکرێت ئەفسەر یان پلەیەکی سادەی هەبێت، بەڵام دەستەواژەی سەرباز لە سووپا و هێزی سەربازیدا بە کەمترین پلە دادەنرێت و تەواوی پلەکانی دیکە لە سەرووی ئەوەوەن، پلەی سەربازیش لەسەر قۆڵ و ملی کەسەکە دادەنرێت.

کارەکانی

دەکرێت سەرباز هەر کارێک بکات و جیابکرێتەوە، وەک (سەربازی سووتەمەنی تانک، سەربازی نیشانەشکێن، سەربازی دۆشکا، سەربازی تۆپهاوێژ، سەربازی ئەندازیاری، سەربازی تەندروستی، سەربازی ڕێژنگ، سەربازی پەڕەشوتەوان، سەربازی هێزی پیادە).

هەندێک لە سەربازان بۆ ماوەیەکی کاتی و کەم لە سووپادا خزمەت دەکەن، بەڵام هەندێک هەتاوەکو ساتی خانەنشینبوونیان لەو ئەرکە دەبن و دەیکەنە پیشەی خۆیان و بە پێی ڕاهێنان و بڕوانامەکانیانەوە دەگەنە پلەی ئەفسەر، لە هەندێک وڵات لەدوای ٢٠ ساڵ خزمەت کەسێک دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات، هەندێکی دیکە ٣٠ ساڵ.

ژنان

بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی ژنان لە تەواوی سووپاکانی جیهاندا %١٠ بۆ %٣٠ دەبێت.


سەرچاوەکان



1869 بینین