کەمی مەگنسیۆم

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-21-17:50:00 - کۆدی بابەت: 5985
کەمی مەگنسیۆم

ناوه‌ڕۆك

کەمی مەگنسیۆم چییە؟

کەمی مەگنسیۆم نەبوونی بڕی پێویستی مەگنسیۆمە لە لەشدا، مەگنسیۆم کانزایەکی سەرەکییە لە لەشی مرۆڤدا و کار دەکاتە سەر چەندین کردار کە لە لەشدا ڕوودەدەن، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی هۆڕمۆنەکانی سایرۆید، هەروەها کاردەکات بۆ هاندانی ماسولکە و دەمارەکان، جگە لەوە چەندین کاری تر کە لە لەشدا ئەنجامی دەدات، کەمی مەگنسیۆم تێبینی دەکرێت لەکاتی ڕوودانی هەندێک حاڵەتی نەخۆشی، وەکو نەخۆشییە درێژ خایەنەکانی گورچیلە و ترشبوونی مێتابۆلیکی و بەدخۆراکی و جگە لەوانەش، هەروەها دەکرێت مەگنسیۆم لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەست بخرێت وەکوو تۆو و پاقلەمەنی و گۆشت و شیر و شیرەمەنییەکان.

ئەو کارتێکەرانەی ئەگەری توشبوون بە کەمی مەگنسیۆم زیاد دەکەن

لە ڕاستیدا یەکێک لێکۆڵینەوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەریدەخات کە زۆربەی خەڵکی ئەمریکا بڕی پێویستی مەگنسیۆم وەرناگرن لە ڕژێمی خۆراکییانەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە جەستە دەتوانێت بە شێوەیەکی چالاک پارێزگاری لە مەگنسیۆم بکات، ئەمەش وادەکات ئەگەری توشبوون بە کەمی مەگنسیۆم زۆر بە دەگمەن ڕووبدات، بەڵام هەندێک هۆکار هەن ئەگەری توشبوون بە کەمی مەگنسیۆم زیاد دەکەن، وەکوو: لەلایەکی ترەوە جەستە دەتوانێت بە شێوەیەکی چالاک پارێزگاری لە مەگنسیۆم بکات، ئەمەش وادەکات ئەگەری توشبوون بە کەمی مەگنسیۆم زۆر بە دەگمەن ڕووبدات، بەڵام هەندێک هۆکار هەن ئەگەری توشبوون بە کەمی مەگنسیۆم زیاد دەکەن، وەکوو:

  • خواردنی ئەو خواردنانەی بڕی پێویستی مەگنسیۆمیان تێدا نییە بە شێوەیەکی بەردەوام.
  • هەبوونی کێشەیەک لە کۆئەندامی هەرس، وەکوو نەخۆشی کرۆن و هەوکردنی بەشێکی ڕیخۆڵە و جگە لەوانەش. 
  • لەدەستدانی بڕێکی زۆری مەگنسیۆم لەڕێی میزکردن، یان ئارەقکردنەوە لە دەرئەنجامی تێکچوونێکی جینیی یان خواردنەوەی بڕێکی زۆری کهول. 
  • دووگیانی و منداڵبوون
  • تێکچوونی ڕژێنی سایرۆید و بەرزبوونەوەی ئاستی ئەلدۆستیرۆن.
  • نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو. 
  • کەسانی بەتەمەن. 
  • هەندێک دەرمان کە لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکاردەهێنرێت وەکوو میزپێکەرەکان و دژە زیندەییەکان و جگە لەوانیش. 

پێویستی ئاگاداربین کە کەمی مەگنسیۆم بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر چەند شتێک لە جەستەدا، وەکوو ئێسک و ئەرکەکانی مێشک و کاری دەمار و ماسولکەکان و هەروەها کۆئەندامی هەرس. 

نیشانەکانی کەمی مەگنسیۆم

چەند نیشانەیەک دەردەکەون لای ئەو کەسانەی کەمیی مەگنسیۆمیان هەیە، کە تێیدایە زوو دەردەکەوێت و هەندێک نیشانەیان پاش ماوەیەک لە کەمیی مەگنسیۆم دەردەکەوێت، بۆیە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنین لەپێناو گەیشتن بە دەستنیشانکردنی دروست، هەروەها بۆ زانینی هۆکاری کەمییەکە لە جەستەدا و چارەسەرکردنی، لە گرنگترین نیشانەکانیش: 

  • دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە. 
  • لەدەستدانی حەزی خۆراک. 
  • سەرەسوڕکێ. 
  • لاوازبوون.
  • کەمبوونەوەی ئاستی کالسیۆمی خوێن
  • کەمبوونەوەی ئاستی پۆتاسیۆمی خوێن.
  • سڕی و مێروولەکردنی پەلەکان.
  • هەندێک کەشەنگبوون کە ڕەنگە توشی ماسولکەکان بێت.
  • گۆڕانکاری لە کەسایەتی کەسەکە. 
  • لێدانی دڵ بە شێوەیەکی نائاسایی. 
  • کەشەنگبوونی خوێنبەرەکانی دڵ.

هەروەها کەمیی مەگنسیۆم بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە درێژ خایەنەکان زیاد دەکات، وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزە پەستانی خوێن و شەکرەی جۆری دوو و فشەڵبوونی ئێسکەکان

هەندێک خۆراک کە مەگنسیۆمیان تێدایە

جەستە پێویستی بە بڕێکی دیاریکراوی مەگنسیۆمە کە دەستی دەکەوێت لە هەندێک خۆراکی دەوڵەمەند بە مەگنسیۆم، وەکو سەوزەکان و  میوەکان و هەندێک تۆو و پاقلەمەنییەکان، هەروەها جێی بیرهێنانەوەیە کە گورچیلەکان ڕۆلێکی گرنگیان هەیە لە پاریزگاری لە ئاستی مەگنسیۆم، ئەویش لەڕێگەی ڕێکخستنی کرداری دەرکردنی لە جەستە و کرداری هەڵمژینەوەی، لەو خۆراکانەش کە مەگنسیۆم لەخۆ دەگرن بریتین لە:

  • بندوقەکان، بەتایبەت بادەم و کاشو و پاقلەی سودانی. 
  • سپێناخ.
  • پاقلەی ڕەش.
  • پاقلەی ناکاملی تەواو پێگەیشتوو.
  • ڕۆنی پاقلەی سودانی.
  • نانی قاوەیی. 
  • ئەڤۆگادۆ.
  • پەتاتە.
  • برنج
  • شیرەمەنی.

هەروەها چەندین خۆراکی تر هەیە کە مەگنسیۆم لەخۆ دەگرێت وەکوو شۆفان و مۆز و سێو و ماسی و سنگی مریشک و گێزەر و برۆکلی و جگە لەوانە، خواردنی ئەم خۆراکانەش یارمەتیدەرن لە پاراستنی ئاستی ئاسایی مەگنسیۆم، لەکاتی کەمبوونەوەی مەگنسیۆمدا لەش هەڵدەستێت بە زیادکردنی هەڵمژینەوەی مەگنسیۆم لە ڕیخۆڵە باریکە و کەمکردنەوەی بڕی دەرکراوی مەگنسیۆم لەڕێی گورچیلەکانەوە.

نەخۆشییەکانی دڵی پەیوەست بە کەمی مەگنسیۆمەوە

لەڕاستیدا هەموو خانەکانی جەستە پێویستیان بە مەگنسیۆمە، کە یارمەتی مانەوەی ماسولکەکان بە بەهێزی و دەمارەکان بە چالاکی دەدات، ئەو هەموو ڕۆڵ و ئەرکانەی مەگنسیۆم دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ئەوەی کە ئەگەرێکی زۆر هەیە نەخۆشییەکانی دڵ پەیوەندییان بە کەمی مەگنسیۆمەوە هەبێت، چەند توێژینەوەیەکی نوێ کراون کە باسی لەوە دەکەن کە وەرگرتنی بری پێویستی مەگنسیۆم دەکرێت کاریگەری هەبێت تەنانەت لەسەر دڵی نەخۆشیش، هەروەها وەرگرتنی تەواوکارە خۆراکییەکان لەلایەن ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە دەبێتە یارمەتیدەریان بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر بەپێی یەکێک لە پسپۆڕەکان. 

هەروەها یەکێک لە توێژینەوەکان باس لە پەیوەندی نێوان کەمی مەگنسیۆم و نەخۆشییەکانی دڵ دەکات، بەپێچەوانەی ئەو بیروڕایەی پێی وایە نەخۆشییەکانی دڵ پەیوەندییان بە کۆلیسترۆڵ و چەورییە تێرەکانەوە هەیە، ئەم توێژینەوەیەش دەریخستووە کە کەمی مەگنسیۆم پەیوەندی بە چەندین شتی جیاوازەوە هەیە وەکوو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ، ئەمەش پاڵپشتی ئەو ڕایەیە کە پێی وایە نەخۆشییەکانی دڵ پەیوەندییان بە کەمی مەگنسیۆمەوە هەیە، هەروەها ئەم توێژینەوانە دەریان خستووە کە پەیوەندی هەیە لەنێوان ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و کەمی مەگنسیۆم، وێڕای پەیوەندی نێوان کۆبوونەوەی نیشتووەکانی ناو خوێنبەرەکان و کەمی مەگنسیۆم، ئەمەش دڵنیاکەرەوەی پەیوەندی نێوان نەخۆشییەکانی دڵ و کەمی مەگنسیۆمە، هەروەها توێژینەوەکە پەیوەندی نێوان کەمی مەگنسیۆم و چەند کردارێکی تری دەرخستووە وەکوو ڕەقبوونی شانە نەرمەکان و کۆلیسترۆڵ، هەموو ئەم شتانەی کە توێژینەکە خستوویەتیە ڕوو ئاماژەیە بۆ هەبوونی پەیوەندی لە نێوان نەخۆشییەکانی دڵ و کەمی مەگنسیۆم بە شێوەیەکی زۆر.


سەرچاوەکان

29 بینین