ڕێگریکردن لە دووگیانی بە حەپ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-02-16:21:00 - کۆدی بابەت: 6148
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە حەپ

ناوه‌ڕۆك

حەپی ڕێگریکردن لە دووگیانی

ئەو حەپانەی بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردێن یەکێکن لە ڕێگا باوەکان کە لەناو خەڵکیدا زۆر بەکاردێت، ڕۆژانە ئەم حەپانە دەخورێت و گرنگە کە لە کاتی خۆیدا بخورێت، ئەم حەپانە ڕێگری دەکەن لە بەرەڵابوونی هێلکە لە هێلکەدانەکانەوە، هەروەها دەردراوەکانی ملی منداڵدان خەست دەکەنەوە تاکوو سپێرم نەتوانێت بگات بە هێلکە و پیتێن ڕووبدات.

جۆرەکانی حەپی دژە دووگیانی

حەپە تێکەڵەکان

ئەم حەپە پێکهاتووە لە ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن، دەتوانیت لە یەکەم ڕۆژی سوڕی مانگانەوە دەستی پێ بکەیت، یاخود دەتوانیت لە یەکەمین یەکشەمەی دوای سوڕی مانگانەدا دەست پێ بکەیت، کە لەم کاتەدا دەبێت لە ٧ ڕۆژی سەرەتای سوڕی مانگانەکەدا ڕێگایەکی دیکەش بەکاربهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی، هەڵبەتە گرنگ نییە کە یەکەم حەپ لە چ ڕۆژێکی هەفتەکەدا دەست پێ بکەیت، گرنگ ئەوەیە کە بەستەی دووەمی حەپەکە لە هەمان ڕۆژی هەفتەی داهاتوودا دەست پێ بکەیت.

حەپە تێکەڵەکانی ٢١ ڕۆژە چۆن بەکاردێن؟

هەموو ڕۆژێک لە یەک کاتدا تاکوو ٢١ ڕۆژ حەپێکێ لێ بخۆ، دواتر تاکوو حەوت ڕۆژ حەپ مەخۆ، و دواتر دووبارە دەست بکەرەوە بە خواردنی بەستەیەکی دیکە، ئەو حەوت ڕۆژەی کە حەپی تێدا ناخۆیت دەکەویتە سەر خوێن.

حەپە تێکەڵەکانی ٢٨ ڕۆژە دەبێت چۆن بەکاردێن؟

هەموو ڕۆژێک لە کاتی دیاریکراودا حەپێکی لێ بخۆ تاکوو ٢٨ ڕۆژ، ٢١ یاخود ٢٤ حەپەکانی سەرەتا پێکهاتوون لە ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن، بەڵام حەپەکانی دیکە تەنها پڕۆجیسترۆنیان تێدایە و یاخود جۆرە ماددەیەکی تەواوکەری خۆراکی دیکەن کە هۆڕمۆن نییە، یاخود جۆرە حەپێکی ترە کە هۆڕمۆن و تەواوکەری ماددەی خۆراکی تێدا نییە، لەو ڕۆژانەی کە ئەم حەپە بێ هۆڕمۆنانە دەخۆیت دەکەویتە سەر خوێن.

حەپە تێکەڵەکانی ٣ مانگی دەبێت چۆن بەکاردێن؟

هەموو ڕۆژێک لە کاتی خۆیدا تاکوو ٨٤ ڕۆژ دەبێت حەپێکی لێ بخۆیت ڕۆژانە، حەوت حەپی کۆتایی بە بێ هۆڕمۆنە یاخود تەنها پڕۆجیسترۆنە کە لە کاتی خواردنیدا ئەو حەوت ڕۆژە دەکەویتە سەر خوێن.

حەپە تێکەڵەکانی یەک ساڵی دەبێت چۆن بەکاردێن؟

تاکوو یەک ساڵ هەموو ڕۆژێک لە کاتی خۆیدا، حەپێک دەخۆیت، لەم ساڵەدا خوێنبەربوون کەم دەبێتەوە یاخود تەنانەت لەوانەشە هەر بوەستێت.

حەپی تاک

ئەم جۆرە حەپە تەتەنها پێکهاتووە لە پڕۆجیسترۆن.

حەپی تاک کە تەنها پڕۆجیسترۆنی تێدایە چۆن بەکاردێن؟

ئەم حەپانە تاکوو ٢٨ ڕۆژە و هەمووی پێکهاتوە لە هۆڕمۆن، هەموو ڕۆژێک دانەیەک دەخورێت، سوودی ئەم حەپە لەوەدایە کە بۆ ئەو کەسانە باشە کە کێشەیەکی تایبەتیان هەیە و ناتوانن هۆڕمۆنی ئیسترۆجین بەکاربهێنن، بۆ نموونە ئەو خانمانەی کە کێشەی کڵۆبوونی خوێنیان هەیە و هەروەها خانمانی شیدەریش.

حەپەی دژە دووگیانی لە ماوەی شیرداندا

ئەم حەپانە تەنها هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنیان تێدایە، کە پێیان دەوترێت حەپی (mini pill) هەروەها ئەم حەپانە زۆر باشە بۆ کەسانێک کە نایانەوێت ئیستڕۆجین بەکاربهێنن، ئەم حەپانە بە درێژایی سوڕەکە چالاکن و هۆڕمۆن بەڕەڵا دەکەن، ئەم حەپانە سوڕێکیان نییە بە بێ هۆڕمۆن هەر بۆیە مەرج نییە کەوتنە سەر خوێن بە دڵنییایەوە ڕووبدات.

ئەو کەسانەی نابێت حەپی دژە دووگیانی بەکاربهێنن 

ئەو خانمانەی ئەم نەخۆشییانەیان هەیە، یاخود پێشینەی ئەم نەخۆشیانەیان هەیە نابێت بەکاری بهێنن:

حەپی دژە دووگیانی و خانمانی جگەرەکێش

ئەو خانمانەی کە جگەرەکێشن و ئەو حەپانەی دژە دووگیانی بەکاردەهێنن کە لە هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن پێکهاتووە، مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، ئەو خانمانەی کە جگەرەکێشن و تەمەنیان لەسەر و ٣٥ ساڵەوەیە، هەرگیز نابێت ئەم حەپە بەکاربهێنن چونکە دەبێتە هۆی کڵۆبوونی خوێن و مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات.

سوودەکانی بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی

  • کەمکردنەوەی خوێنبەربوونی سوڕی مانگانە
  • کاریگەری زۆرە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی
  • کەمکردنەوەی ئازار و خوێنبەربوون بە هۆی جۆرە جیاوازەکانی کیسی هێلکەدانەوە
  • چاکبوونەوەی زیپکە
  • کەمکردنەوەی نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە
  • کەمکردنەوەی هەوکردنی ناوچەی حەوز
  • کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان و هێلکەدان
  • دەتوانرێت لە ماوەی شیرداندا بەکاربهێنرێت
  • کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە کەمخوێنی
  • کەمکردنەوەی ئەگەری سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان  
  • ڕێگری دەکات لە پووکانەوەی ئێسک

زیانەکانی بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی

  • بینینی پەڵە خوێن لە نێوان سوڕی مانگانەکاندا
  • زیادبوونی کێش
  • هەستیاری و ئاوسانی مەمک
  • دڵتێکچوون و کێشەکانی گەدە
  • گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا
  • بەرچاو ڕەشبوون
  • سەرئێشەی توند
  • ئازاری توندی گەدە
  • ئاوسان و ئازاری قاچەکان
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • ئازاری سەر سنگ 
  • خوێن مەین لە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکاندا

چەند تێبینییەک لەسەر حەپی دژە دووگیانی

- پێش ئەوەی حەپ هەڵبژێریت پرس بە پزیشک بکە و لە خۆوە حەپی دژە دووگیانی بەکارمەهێنە، چونکە پزیشک لەسەر بنەمای، نەخۆشی، تەمەن، کێشت بڕیار دەدات چ حەپێک بەکاربهێنیت.

- ئەو کەسانەی کە شەقیقەیان هەیە دەبێت کاتێک دەیانەوێت تەپی دژە دووگیانی بەکاربهێنن پزیشکی لێ ئاگادار بکەنەوە.

- هیچ کام لە حەپەکانی دژە دووگیانی ڕێگری ناکەن لە گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و نەخۆشییە سێکسییەکان لە کاتی جووتبووندا، بۆیە گرنگە کە لە کاتی جوتبوون کۆندۆم بەکاربهێنرێت ئەگەر نەخۆشیەکی گوازراوەت هەیە.

- پێویستە ڕۆژانە حەپەکە لە کاتی خۆیدا بخۆیت و دوانەکەوێت.

- کۆمەڵێک دەرمان کاریگەری دەکەنە سەر حەپی دژە دووگیانی و کاریگەرییەکەی کەم دەکەنەوە، وەک دەرمانی دژە ئایدز، دەرمانی پەرکەم، و هەندێک دەرمانی دژە هەوکردن

- ئەو کەسانەی کاتی بەکارهێنانی حەپەکە چەند ڕۆژێک تووشی ڕشانەوە یاخود سکچوون دەبن مەترسی کەمبوونەوەی کاریگەری حەپەکەیان لەسەرە، بۆیە گرنگە کە سەردانی پزیشک بکەن بۆ چارەسەری کێشەی کۆئەندامی هەرس و هەروەها ئەو ماوەیەش ڕێگایەکی دیکەش بەکاربهێنن بۆ ڕێگری لە دووگیانی وەک کۆندۆم.

- ڕێژەی سەرکەوتنی ڕێگریکردن لە دووگیانی بەم حەپانە ٩٢٪ و ئەگەر زۆر بە وریایی و وردییەوە و لە کاتی خۆیدا بەکاربهێنرێت ڕێژەی سەرکەوتنی ٩٩٪

لە کاتی لەبیرچوونی خواردنی حەپەکەدا چی بکرێت؟

کاتێک بیرت دەچێت حەپەکە بخۆیت ئەگەری دووگیانی بەرز دەبێتەوە، کاتێک بیرتچووە حەپەکە بخۆیت، هەر کاتێک بیرت کەوتەوە بیخۆ و حەپی دواتر بە پێی کاتی خۆی بخۆ، ئەگەر دوو حەپت لەبیرکرد بیخۆیت هەرکات بیرت کەوتەوە هەردووکیان بخۆ، و حەپی دواتر لە کاتی خۆیدا بخۆ، هەروەها گرنگە لەو ماوەیەدا کە حەپەکەت بیرچووە، ڕێگای دیکە بەکاربهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی، وەک ڕێگاکانی کۆندۆم و سپێرم کوژ.

ئەگەر حەپێکی دژە دووگیانی کاتی شیردانت لەبیرکرد و یاخود ٣ کاتژمێر تێپەڕیبێت بەسەریدا، هەرکاتێک بیرت کەوتەوە بیخۆ بەڵام تاکوو دوو ڕۆژ دوای ئەوە ڕێگایەکی دیکەش بەکاربهێنن بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی، لە کاتێکدا کە سێ ڕۆژی تەواو هەر جۆرە حەپێکیانت لەبیرکردبێت کە بیخۆیت سەردانی پزیشک بکە.


سەرچاوەکان



2362 بینین