ئەو حاڵەتانەی کە دایک نابێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-15-14:28:00 - کۆدی بابەت: 6305
ئەو حاڵەتانەی کە دایک نابێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی

ناوه‌ڕۆك

شیری دایک

شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو، هەموو دایکەکان بەلایەنی کەمەوە دەبێت تاکوو شەش مانگ شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکەیان، لەگەڵ ئەم هەموو گرنگیەیدا هەندێک حاڵەت هەیە کە ژیانی منداڵ دەخاتە مەترسییەوە بۆیە نابێت دایکەکە شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی.

ئەو حاڵەتانەی کە دایکەکە نابێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی

دایکی توشبوو بە ئایدز (HIV)

کاتێک دایکێک توشبووی ئایدزە واباشترە کە شیری خۆی نەدات بە منداڵەکەی و شیری وشکی پێ بدات تاکوو منداڵەکەشی تووش نەبێت.

ئەو دایکانەی کە کێشەی توندی دەروونیان هەیە

ئەو خانمانەی کۆنتڕۆڵی خۆیان لە دەست داوە و کەسانێکی زۆر توڕەن و پەستانێکی دەروونی زۆریان لەسەرە و مەترسی ئەوە هەیە کە منداڵەکەی بکوژێت، نابێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی، یاخود ئەگەر شیری خۆشی پێدا دەبێت کەسێک بە وردی چاودێری بکات لەو ماوەیەدا.

نەخۆشی سیل

ئەگەر دایکێک لە ماوەی دووگیانیدا دووچاری نەخۆشی سیل بوویەوە، دەبێت بە ورییایەوە منداڵی ببێت تاکوو نەخۆشییەکە نەگوێزرێتەوە بۆ منداڵەکەی و هەروەها تاکوو بە تەواوی چارەسەر وەرنەگرێت ناکرێت شیر بدات بە منداڵەکەی.

هەوکردنی توندی مەمک

کاتێک مەمک تووشی هەوکردنی توند دەبێت و دەردراو و هەوکردنی لێ دێتە دەرەوە و ئاوساوە، دەبێت دایکەکە ڕابوەستێت لە شیردان، ئەگەر تەنها یەک مەمکی دووچار بووبێت، دەتوانێت لە مەمکەکەی ترییەوە شیر بدات تاکوو چارەسەر وەردەگرێت.

دڕکە و مێکتە

ئەگەر دایکێک لە ماوەی شیرداندا دووچاری دڕکە و مێکتە ببێتەوە نابێت شیر بدات بە منداڵەکەی تاکوو چاک دەبێتەوە، چونکە لە ڕێگەی شیرەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ  منداڵەکەی.

تامێسک

ئەگەر دایکەکە لەسەر مەمک یان گۆی مەمکی تامێسک دروست بووبوو دەبێت شیردان ڕابگرێت تاکوو چاک دەبێتەوە.

دەرمانی کیمیایی

ئەو دایکانەی دووچاری هەر جۆرێکی شێرپەنجە بوونەتەوە و لەژێر دەرمانی کیمیاییدان بە هیچ شێوەیەک نابێت، شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکەیان.

بەکارهێنانی تیشک بۆ چارەسەری شێرپەنجە

ئەو توشبووانەی شێرپەنجە کە چارەسەریان بە تیشک بۆ دەکرێت، نابێت شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان.

توشبوونی منداڵ به نەخۆشیەکانی زیندەکردارەکان

ئەگەر منداڵەکە دووچاری ئەم نەخۆشییە دەگمەنانە بوو وەک (phenylketonuria) هەروەها زۆربوونی گالاکتۆز لە خوێندا، و زۆربوونی تایرۆسین لە خوێندا لەم حاڵەتانەدا شیری دایک وەک ژەهرە بۆ منداڵەکە، دەبێتە هۆی کەشەنگبوون و نەخۆشییەکانی جگەر بۆ منداڵەکە، لەم حاڵەتەدا دەبێت منداڵەکە لە جۆرە شیرێکی وشکی تایبەت سوود وەربگرێت

ئەنفلۆنزای بەراز

دایکی توشبوو بە ئەنفلۆنزای بەراز ناکرێت ڕاستەوخۆ شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی، دەتوانێت شیرەکەی دادۆشێت و کەسێکی دیکە بیدات بە منداڵەکەی، دوای ئەوەی کە دایکەکە چارەسەری تەواوی وەرگرت و ڤایرۆسەکەی تێدا نەما دەتوانێت دەست بکاتەوە بە شیردان.

کۆمەڵێک دەرمان

کۆمەڵێک دەرمان دەبێت لە ماوەی شیرداندا بەکارنەیەت وەک کۆمەڵێک حەپی ڕێگریکردن لە دووگیانی، هەروەها (Bromocriptine) و (Cimetidine) ئەم کۆمەڵە دەرمانە شیری دایک کەم دەکەنەوە بۆیە واباشە کە لە ماوەی شیرداندا بەکارنەیەن.

کۆمەڵێک تێبینی 

- لە کۆندا ئەگەر دایک دەرمانی بەکاربهێنایە دەبوایە وازی بهێنایە لە شیردان، بەڵام ئێستا وانییە و تەنها لەکاتی پێدانی کۆمەڵێک دەرمانی تایبەت کە زۆر کاریگەرییان هەیە لەسەر شیردان.

- زۆرێک لە دایکان پێیان وایە کە بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا شیری دایک کەم دەکاتەوە و بەڵام ئەمە ڕاست نییە.

- ئەگەر دایکەکە دووچاری هەوکردنی توندی میز و میزەڕۆ بوویەوە کێشەی نییە و دەتوانێت شیر بدات بە منداڵەکەی.

- کاتێک دایکەکە توشبووی هەوکردنی جگەری جۆری B بێت دوای ئەوەی کە منداڵەکەی لەدایک بوو دەبێت کوتانی بۆ بکرێت و بەم شێوەیە شیردان کێشەی نابێت بۆی، هەروەها بۆ هەوکردنی جگەری جۆری Cـش هەر وایە.

- ئەگەر دایکێک جگەرەکێش بێت دەتوانێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی، بەڵام کاتی جگەرەکێشان دەبێت دووربێت لە منداڵەکەییەوە.


سەرچاوەکان



4160 بینین