تلیاک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-30-01:33:00 - کۆدی بابەت: 6433
تلیاک

ناوه‌ڕۆك

تلیاک چییە؟

ماددەیەکی هۆشبەرە ڕەنگی قاوەییەکی تۆخە و لکێنەرە و بۆنێکی بەهێزی هەیە، مێشک و ماسولکەکانی لەش هێمن دەکاتەوە واتە گەیاندنی فەرمان لە نێوان مێشک و لەشدا خاودەکاتەوە، تلیاک لە بەری ڕووەکی خەشخاش دروست دەکرێت، بەری ڕووەکی خەشخاش ماددەیەکی وەک شیری تێدایە کە پێی دەوترێت لاتێکس و بە واتای شیری ڕووەک دێت ئەم شیرە چەندین ماددەی کیمیایی لەخۆدەگرێت وەک مرۆفین و کۆدیین.

مێژووی دۆزینەوەی تلیاک

٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین ڕووەکی خەشخاش لە ناوچەی نزیک دەریای سپی ناوەڕاست گەشەی کردووە، سۆمەرییەکان ناوییان ناوە (ڕووەکی چێژ) بەهۆی ئەو کاریگەرییە خۆشی هێنەرانەی کە هەیبووە دوای خواردنی، پاشان سۆمەرییەکان ئەم دەرمانەیان فرۆشتووە بە میسڕییە کۆنەکان و ئەوانیش دەستیان کردووە بە چاندنی ڕووەکی خەشخاش، دوابەداوی ئەوە ئەم ڕووەکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەچێنرا، کشتوکاڵی ڕووەکی خەشخاش هەرزوو بڵاوبوویەوە بە درێژایی شەقامی ئاوریشم لە وڵاتی چین، پاشان خەشخاش بوو بە هۆکارێک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی تلیاک لە نێوان چین و بەریتانیا لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩، تلیاک وەک ئازارشکێن ناسرا لە هەموو بوارە پزیشکییەکاندا لە ساڵی ١٦٠٠، شوێنی تایبەت بە کێشانی تلیاک لە تەواوی چین دابینکرا بۆ ئالوودەبووان لە ساڵی ١٨٠٠، ئەم شوێنانە هەرزوو بەناوبانگ بوون لە باشووری ئاسیا و هەندێک ناوچەی ئەوروپا، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠ کۆچەرەکانی چین تلیاکیان لەگەڵ خۆیان برد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەت شاری نیویۆرک و سان فرانسیسکۆ، ئێستاش دەرمانی ئازارشکێنی ئۆپۆید بەرهەمدەهێنرێت کە لە ڕووەکی خەشخاشەوە بەرهەم دەهێنرێت دوای تێپەڕکردنی بە چەند پڕۆسەیەکی بەرهەم هێناندا.

ڕووەکی خەشخاش (ئەفیون)

ڕووەکی خەشخاش ڕووەکێکی بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشە بۆ ڕازاندنەوەی باخچە بەکاردێت و گوڵەکانی جیاوازن لە ڕەنگ و شێوە و قەبارەدا، ئەگەر بڕێکی کەم لەم جۆرە ڕووەکە لە باخچەی ماڵەکاندا بوونی هەبێت ئاساییە و ڕێگە پێدراوە لە ڕووی یاسایییەوە، ڕووەکی خەشخاش چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و هەر جۆرێک لە شیرەکەیدا ڕێژەی جیاواز لە مۆرفین و کۆدیین بوونی هەیە.

کەپسولەکانی تۆوی خەشخاش زۆرجار وشک دەکرێنەوە و بۆ کاری ڕازاندنەوە بەکاردێن بەڵام لە هەمان کاتددا کۆدیین و مۆرفین و چەند ماددەیەکی دیکەی نیمچە تفتیان تێدایە، هەروەها دەتوانرێت لە ئاودا بکوڵێنرێت و وەک چایەکی تاڵ بخورێتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ کەسی بەکارهێنەر بێهۆش دەکات، ئەگەر بەری ڕووەکی خەشخاش وازی لێ بهێنرێت تاکوو بە تەواوی پێدەگات، دەتوانرێت وردبکرێت و بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی کەم لە دەرمانی مۆرفینان کە لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت، هەروەها جگە لە مۆرفینان بەری ڕووەکی خەشخاش لە دروستکردنی چەندین دەرمانی دیکەدا بەکاردێت لە بواری پزیشکیدا.

ڕێژەی بەرهەمهێنانی تلیاک

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لە زۆربەی وڵاتاندا ماددەی بێهۆشکەری تلیاک قەدەغەکرا، شێوازە پێشکەوتووەکەی بەرهەمهێنانی تلیاک بوو بەهۆی ئەوەی ببێت بە ماددەیەکی قەدەغەکراو و باجی زۆری بخرێتەسەر، لە ساڵی ١٩٨٠ دووهەزار تەن لە تلیاک فرۆشراوە کە بە شێوەی یاسایی و نایاسایی بەکارهاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ تێکڕای بەرهەمهێنانی تلیاک لە هەموو جیهاندا ٦٦١٠ تەن بووە کە بەراورد بە ساڵی ١٩٠٦ ڕێژەی بەرهەمهێنانی تلیاک پێنج ئەوەندە زیادی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ نرخی یەک کیلۆگرام لە تلیاک لە شەقامەکانی ئەوروپا ١٦٠٠٠ دۆلاربوو، لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمهێنانی تلیاک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بە شێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەرهەمهێنانی تلیاک لە ئەفغانستان ٥٠٠٠ تەن بووە و لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتووەتە ٨٦٠٠ تەن و ئەم ڕێژەیە ساڵ لەدوای ساڵ ڕوو لە زیادبوونە.

دروێنەکردنی خەشخاش و بەرهەمهێنانی تلیاک

کاتێک بەری ڕووەکی خەشخاش گەشە دەکات، بە تیغێکی تیژ پێستی دەرەوەی بەرەکان بریندار دەکرێت تاکوو شیرە سپییەکەی کە پێی دەوترێت لاتێکس بێتە دەرەوە، ئەم بریندارکردنەی بەرەکان دەبێت لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە باران نەبارێت و بای توند نەبێت تاکوو لاتێکسەکە تێکنەچێت و خراپ نەبێت تا کاتی کۆکردنەوەی و زۆربەی جار لە پاش نیوەڕۆدا ئەنجام دەدرێت، ئەم بریندارکردنە دەبێت بە تەنکی بێت و کرۆکی بەری ڕووەکەکە بریندار نەکات چونکە شیری ڕووەکەکە لە بەرگی بەرەکەدایە، لە هیندستان و ئەفغانستان و ناوەڕاستی ئاسیا و ئێران، کەلوپەلێکی تایبەت بەکاردێت بۆ بریندارکردنی بەری ڕووەکی خەشخاش بە شێوەی ستوونی کە پێی دەوترێت نەشتەر و لە زمانی فارسیدا بە واتای تیغ دێت و پێکدێت لە سێ تیغی پێکەوە نوساو کە نزیکی سێ میلیمەتر مەودایان هەیە لەگەڵ یەکتردا، پڕۆسەی بریندارکردن سێ بۆ چوار جار ئەنجامدەدرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا، لە هەر جارێکدا لاتێکسی ڕووەکی خەشخاش کە پێشی دەوترێت (فرمێسکی خەشخاش) وشک دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی لکێنەری ڕەنگ قاوەیی و لە بەیانی ڕۆژی دواتردا کۆدەکرێتەوە، دروێنەکردنی نزیکی ٤٠٠٠ مەتری چوارگۆشە لە ڕووەکی خەشخاش بەم ڕێگایە دەتوانرێت ٣ بۆ ٥ کیلۆگرام لە ماددەی خاوی تلیاکی تێداکۆبکرێتەوە، لە یەکێتی سۆڤیەتدا بەری ڕووەکی خەشخاش بە شێوەی ئاسۆیی بریندار دەکرا، پاشان بە سێجاری یەک لەدوای یەک پڕۆسەی کۆکردنەوەی لاتێکسەکە ئەنجام دەدرا، چینییە کۆنەکان سەری بەری ڕووەکی خەشخاشیان دەبڕی و پاشان دوای ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر بەرە وشکبووەکەیان کۆدەکردەوە، ماددەی خاوی تلیاک لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرێت بە بازرگان و دەڵاڵەکانی تلیاک، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی پێش ئەوەی پوختە بکرێت بۆ بنچینەی مۆرفین ماددەی خاوی تلیاک نافرۆشرێت، چونکە ماددەی خاوی تلیاک وەک جەلی وایە و تامێکی بەهێزی هەیە و گەورەیە و بارستایی زۆرە بۆ گواستنەوە و بارکردن و قاچاخچییەتی کردن پێیەوە، تاقیگەی تایبەت بە پوختەکردنی ماددەی خاوی تلیاک بۆ بنچینەی مۆرفین لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی تلیاکدا بوونی هەیە کە بە رێگایەکی کیمیایی پوختەدەکرێت بە ناوی دەرهێنانی سادەی ترش-تفت (simple acid-base extraction)، هەویرە لکێنەرە قاوەییەکەی کە دەردەچێت و بنچینەی مۆرفینە قاڵب دەکرێت و لەبەردەم تیشکی خۆردا دادەنرێت تاکوو وشک دەبێتەوە، دەتوانرێت بەم شێوەیە بکێشرێت یاخود بە پڕۆسەی دیکەدا تێپەڕ بکرێت بۆ بەرهەم هێنانی هێرۆیین.

بەکارهێنانی تلیاک

بۆ ماوەی چەندین ساڵ کێشانی تلیاک باوترین رێگای بەکارهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرە بوو، کاتێک دووکەڵەکەی هەڵدەمژرێت ماددە کیمیاییەکانی ناو تلیاکە دەچنە سییەکان و پاشان دەنێردرێن بۆ مێشک، هەرکە ئەم ماددانە گەیشتنە مێشک کەسی بەکارهێنەر بە قوڵی هەست بە کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکە دەکات، هەندێک جاریش تلیاک بە دەرزی وەردەگیرێت و دەدرێت لە ماسولکە یان دەمارەکانی کەسی بەکارهێنەر چونکە لە هەموو ڕێگاکانی تر زووتر دەچێتە ناو ڕێڕەوی خوێنەوە، لە ئەنجامی ئەمەشدا بەکارھێنەر زووتر هەست بە کاریگەرییە چێژبەخشەکانی تلیاک دەکات، لە ئێستادا تلیاک ڕاستەوخۆ دەخورێت یان بە دەرزی وەردەگیرێت یاخود لە شێوەی حەب وەردەگیرێت، هەروەها تلیاک لەگەڵ مارووانا و کریستاڵ تێکەڵدەکرێت بۆ دروستکردنی دەرمانێک بە ناوی (ڕەش).

نیشانەکانی کەسی ئالوودەبوو

  • بەکارهێنەر پێویستی بە بەکارھێنانی ماددەی زیاترە تاکوو زیاتر کاریگەری بخاتە سەری.
  • ناتوانێت واز لە بەکارهێنانی بهێنێت.
  • نیشانەکانی کەسی ئالوودەی لێدەردەکەوێت کاتێک دەیەوێت وازی لێ بهێنێت.
  • بەردەوامە لەبەکارهێنان بە پێی خواستی خۆی و حەزێکی زۆری دەبێت بۆ بەکارهێنانی تلیاک.
  • کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و کار و پیشەی بەکارهێنەر.
  • خەرج کردنی پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆر لە بەدەست هێنان و کێشانی تلیاک.

نیشانە دەروونی و جەستەییەکانی ئالوودەبوون

  • نیگەرانی.
  • تەڵخ بوونی بینین.
  • شین بوونەوەی لێو و نینۆک.
  • ئازاری سنگ.
  • موچرکە.
  • بورانەوە.
    سەرلێشێوان.
  • پێستی سارد و شێدار دەبێتەوە.
  • کۆکە و بەڵغەم.
  • بێتاقەتی.
  • هەناسەی توند و خێرا و ناڕێک، هەندێک جاریش خیزەی سنگ.
  • کەمخەوی.
  • سەرلێتێکچوون و نەناسینەوەی شوێن و خەڵک.
  • سەرگێژخواردنی بەردەوام و گێژبوون و بەرچاو ڕەشبوون کاتێک لەناکاو هەڵدەستێتەوە.
  • تەمبەڵی و بێهێزی و لەرزینی بەردەوام.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ.
  • ترسانی بەردەوام و وڕێنەکردن و بینین و بیستنی شتانێک کە لە چواردەوریدا بوونیان نییە.
  • سەرئێشە.
  • برسیبوونی بەردەوام.
  • ئارەقکردنی زۆر.
  • قسە لێ تێکچوون.
  • ئاوسانی قاچ و پاژنەی پێ.


سەرچاوەکان



3456 بینین