سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-08-30-01:57:00 - کۆدی بابەت: 6434
سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان 2021

ئاماری ئاشتی جیهانی سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان پۆلێن دەکات، ئەم ڕاپۆرتە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی ئابووری و ئاشتیەوە بڵاودەکرێتەوە "کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و ناحیزبی و قازانج نەویستە تەرخانکراوە بۆ گۆڕینی سەرنجی جیهان بۆ ئاشتی وەکو پێوانەیەکی ئەرێنی و بەردەست و هەستپێکراوی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی"، ڕاپۆرتەکە لێکۆڵینەوە لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات بۆ دیاریکردنی ڕیزبەندی سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەسەر هەر 163 وڵاتەکانی جیهان کراوەتەوە، بە بەکارهێنانی 23 نیشانەی جیاواز بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە وڵاتێک تا چەند سەلامەت یان مەترسیدارە، ئەمەش دابەشکراوە بۆ سێ پۆڵێن:

  • ناکۆکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی
  • سەلامەتی و ئاسایشی کۆمەڵگا
  • بڵاوکردنەوەی گیانی سوپا پەرستی لە وڵاتدا

ئەو هۆکارانەی کە بەکارهاتووە بۆ پۆلێنکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەمانە لەخۆ دەگرێت:

  • ژمارەی ململانییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان
  • ئاستی بێ متمانەیی و گومان لە وڵاتدا
  • ناجێگیری سیاسی
  • هەبوونی توانای ئەنجامدانی کردە تیرۆرستییەکان
  • ژمارەی تاوانی کوشتن و بڕین
  • داتای ڕێژەی خەرجی سەربازی لە "GDP" تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

بە پشت بەستن بەم هۆکارانە، خاڵێک بۆ هەر یەکێک لەو 163 وڵاتەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە دەژمێردرێت، هەتا خاڵەکە کەمتر بێت وڵاتەکە لە ڕووی سەلامەتییەوە لە پلەی بەرزتردا دادەنرێت، زۆربەی زۆری 25 وڵاتە سەلامەتەکانی جیهان وڵاتە ئەوروپیەکانن، ئەوروپا تاکە کیشوەرە کە لە ساڵی 2009ـەوە لە ڕووی سەلامەتییەوە هیچ ئاست دابەزینێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، دووەم هەرێم لە 25 سەلامەتترین وڵاتانی جیهان ئاسیایە، هەر دوو هەرێمەکە "ئەوروپا و ئاسیا" تێکڕای تاوانی کوشتن 3 تاوانە بۆ هەر 100,000 دانیشتوانێک.

لەبەرچاوترینیان وڵاتانی دوورگەی نۆردیک لە ئەوروپا، نەرویج، سوید، دانیمارک، ئایسلەند، و فینلاند هەموویان لە لوتکەی 25 سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهانن، بۆیە ئەم هەرێمە بە سەلامەتترین وڵاتی جیهان دانراوە، تێکڕای تاوانی کوشتن لەم هەرێمەدا 0.8 تاوانه بۆ هەر 100,0000 دانیشتوانێک، هەروەها ئەم پێنج وڵاتەی دوورگەی نۆردیک لە 10 دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهانن.

چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەش هەیە لە نێوان سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهاندا، وەکو ئاستی دارایی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و پەروەردە، سەرەڕای ئەوەش، ئەم وڵاتانە چەندین سیستم و حکومەتی دادوەری تاوانی کاریگەریان هەیە کە پەیوەندی زۆر تەندروست لەگەڵ هاوڵاتییەکانیاندا دەپارێزن.

١٠ سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهان

  1. ئایسلەندا

بەگوێرەی پێڕستی ئاشتی جیهانی، وڵاتی ئایسلەندا سەلامەتترین وڵاتی جیهانە بۆ 13هەمین ساڵی یەکبەدواییەک، ئایسلەندا نەتەوەیەکی دورگەی نۆردیکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 340,000 کەسە، ئەم وڵاتە ئاستێکی زۆر نزمی لە ئەنجامدانی تاواندا هەیە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سامانداری و ئاسوودەیی خەڵکەکەی و کەمی ژمارەی دانیشتوانەکەی و هەڵوێستی کۆمەڵایەتی بەهێزی دژی ئەنجامدانی تاوان لەگەڵ بەرزی ئاستی متمانه پێکردن لە ڕاهێنانی تەواودا و بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری هێزەکانی پۆلیس و نەبوونی گرژی لە نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا، وڵاتی ئایسلەندا سوپای سەربازی نییە و پۆلیسەکانیش چەک لەگەڵ خۆیان هەڵناگرن "تەنیا گۆچانە لاستیکییەکان و سپرای "پرژێنەر" بیبەر نەبێت"، ئەم وڵاتە کار بە یاساکان دەکەن و بەکاریان دەهێنن بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی وەکو یاسایی هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزەکان و هەڵگرتنەوەی هاوڕەگەزخوازەکان و ئازادی بیروباوەڕی ئاینی لەگەڵ یەکسانی پێدانی پارە بە کرێکارکانی هەردوو ڕەگەز ژن و پیاو.

  1. نیوزیلاند

نیوزیلاند دووەم سەلامەتترین وڵاتی جیهانە، هاوشێوەی وڵاتی ئایسلەندا ڕێژەی ئەنجامدانی تاوانکاری لەم وڵاتەدا زۆر نزمە بەتایبەتیش ئەو تاوانانەی کە توندوتیژیان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام دزیکردن لە گەشتیارەکان ڕووداوێکی باوه، وڵاتی نیوزیلاند هیچ ئاژەڵێکی دڕندەی لێ نییە بە پێچەوانەی وڵاتی ئوسترالیای دراوسێیەوە کە بە هەبوونی ئاژەڵە دڕندە و کێوییەکان ناسراوە، ساڵی پێشوو خاڵی وڵاتی نیوزیلاند کەمێک زیادیکرد بەهۆی ئەو دوو هێرشە تیرۆرییەی که لە 15ی ئازاری 2019 کرایە سەر هەر دوو مزگەوتەکەی شاری "کرایستچرچ" که بووە هۆی کوژرانی 51 کەس، دانیشتوانی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی گشتی مێشک کراوەن و کار بە یاساکانی وڵات دەکەن بۆ ڕێگیری کردن لە هەر مامەڵەیەکی دڵڕەقانە و توندوتیژانە بەرامبەر ئازادی تاکە کەسی لە دەربڕین ڕا یان لێدوانەکانیان، هاوشێوەی وڵاتی ئایسلەندا پۆلیسەکانی ئەم وڵاتەش لەگەڵ خۆیاندا چەک هەڵناگرن.

  1. پورتوگال

وڵاتی پورتوگال بە سێیەم ئارامترین وڵاتی جیهان دادەنرێت، لە ساڵی 2014دا پورتوگال لە ئاستی جیهانیدا بە پلەی 18یەمین دانرا و لەو کاتەوە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بۆئەوەی پلەی سێیەمی ڕیزبەندیەکە بەدەست بهێنێت، بە پێچەوانەی ئایسلەندا و نیوزیلاندەوە پۆلیسەکانی ئەم وڵاتە چەک بە دەستن، هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە زیادبوونی ئەفسەرانی پۆلیس بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی تاوان لە وڵاتەکەدا، لە شەش ساڵی ڕابردوودا، پورتوگال لە ڕووی ئابوورییەوە ژیایەوە و ڕێژەی بێکاری لە سەرووی  %17وە کەمیکرد بۆ کەمتر لە %7، بەهۆی بەرزی ئاستی سەلامەتیەوە وڵاتی پورتوگال بە گوێرەی ‌‌‌‌پێڕستی ساڵانەی خانەنشینی جیهانی لە ساڵی 2020دا بە باشترین وڵات دانرا لە ڕووی خانەنشینیەوە.

  1. نەمسا

وڵاتی نەمسا چوارەم سەلامەتترین وڵاتی جیهانە، لە ساڵی 2020دا خاڵەکانی وڵاتی نەمسا کەمێک زیادیکرد بە ڕێژەی 0.011 بەڵام هەر لە پلەی چوارەمی سەلامەتترین وڵاتانی جیهان مایەوە، دوای هەڵبژاردنی پارتی گەلی "سێبێستیان کورز" لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 وڵاتی نەمسا پوکانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی بەهۆی ئەو ڕووداوانەی خۆپیشاندانەکەوە کە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی دەچوو، هەروەها بەهۆی ناجێگیری سیاسی وڵاتەوە نائارامی کۆمەڵایەتی زیادیکردووە، تاوانە مەترسیدارەکان "ئەو تاوانانە لەخۆ دەگرێت کە مەترسیدارن بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ" باونین هەرچەندە پێویست دەکات خەڵکی وریای گیرفان بڕ و جزدان دزەکان بن، سەرەڕای ئەوەش، لە وڵاتی نەمسادا ڕێگیری لە هەر کردەیەکی تیرۆریزمی کراوه.

  1. دانیمارک

دانیمارک لە ڕیزبەندی پێنجەمی لیستی سەلامەتترین وڵاتانانی جیهاندایە، وڵاتی دانیمارک سەلامەتترین و دڵخۆشترین وڵاتی جیهانە، یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە دانیشتوانەکەی تەنانەت منداڵانیش لە هەر کاتێکی شەو و ڕۆژدا هەست بە سەلامەتی دەکەن، ئەم وڵاتە ئاستێکی بەرزی یەکسانی و هەستی بەرپرسیارییەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەمە ئەو دوو شتەن کە یارمەتیدەری ئەوەن وڵاتی دانیمارک وڵاتێکی سەلامەت و دڵخۆش بێت، لە وڵاتی دانیمارکدا زۆر بەدەگمەن گەندەڵی لە کاروبار و سیاسەتدا دەکرێت چونکە متمانە و ڕاستگۆیی لەپێش هەموو شتێکی ترەوەیە، هەروەها ئەم وڵاتە هەرێمێکی خۆشگوزەرانە واتە هەمووان کاریان هەیە و سەرەمووچە و بیمەی تەندروستی وەردەگرن کە وایان لێ دەکات ژیانێکی ئاسوودە بەسەرببەن، هەموو کەسێک لە دانیمارک چاودێری تەندروستیان بۆ دابین دەکرێت بەبێ پێدانی باجی زیادە، پەروەردەی خوێندنی بەلاشیان هەیە و کەسە بەساڵاچووەکانیش لە ماڵەوە یارمەتیدەریان بۆ دابیندەکرێت بۆئەوەی ئاگاداری تەندروستیان بێت.

  1. کەنەدا

وڵاتی کەنەدا شەشەم سەلامەتترین وڵاتی جیهانە بەگوێرەی پێڕستی ئاشتی جیهانی، لە ساڵی 2019 ەوە پلەی خۆیی لە ڕیزبەندیەکەدا پاراستووە، ئەم وڵاتە نمرەیەکی باشی بەدەستهێنا بەتایبەتی بەهۆی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی و ئاستی تاوان و سەقامگیری سیاسی، سەرەڕای هەلی کاری باش و دابینکردنی چاودێری تەندروستی و حکومەتە کاریگەرەکەی، دانیشتوانەکەی کەسانی دڵسۆزن وڵاتی کەنەدا خاوەنی چەندین کەسایەتی ناسراوی جیهانییە، ڕێژەی تاوان لە وڵاتی کەنەدا نزیکی یەک لەسەر سێی وڵاتی دراوسێیەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ڕێژەی تاوان لە وڵاتی کەنەدا 1.6 ڕووداوە بۆ هەر 100,000 کەسێک لەکاتێکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 4.5 ڕووداوە بۆ هەر 100,000 کەسێک)، لە ڕاپرسیەکی گاڵۆپی 2018دا %84ی کەنەدییەکان ڕاپرسیان کرد و ئەوەیان ڕاگەیاند کە لە وڵاتەکەیاندا هەست بە سەلامەتی دەکەن.

    7. سەنگاپورە

وڵاتی سەنگاپورە حەوتەم سەلامەتترین وڵاتی جیهانە بە گوێرەی پێڕستی ئاشتی جیهانی، لە هەمان ڕاپۆرتی گاڵۆپی ساڵی 2018دا هاتووە کە دانیشتوانی سەنگاپورە زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر هەستیان بە بەرزترین ئاستی ئاسایشی شەخسی کردووە لەگەڵ ئەزموونی ئەرێنی لە جێبەجێکردنی یاسادا، سەنگاپورە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نزمترین ئاستی تاوانیان هەیە لە جیهاندا ئەمەش بەهۆی چەند سزایەکی سەختەوەیە کە تەنانەت بۆ تاوانە بچووکەکانیش دەردەکرێن، حکومەت و پۆلیس بە توندی کۆنتڕۆڵی هەموو جۆرە چەکێک دەکەن بۆیە تاوانی توندوتیژی و ڕووبەڕووبونەوە لە وڵاتی سەنگاپورە دەگمەنن، هەروەها ئەم وڵاتە سەربەخۆ بە گوێرەی پێڕستی شارە سەلامەتەکان لە یەکەی هەواڵگری ئابووری "EIU" دووەم سەلامەتترین شاری جیهانە، ئەم وڵاتە پلەی یەکەمی هەیە له ئاسایشی ژێرخان و ئاسایشی شەخسیدا و پلەی دووەمی هەیە لە ئاسایشی دیجیتاڵ و هەروەها پلەی هەشتەمی هەیە لە ئاسایشی تەندروستی.

  1. کۆماری چیک

کۆماری چیک بە هەشتەم سەلامەتترین وڵاتی جیهان دانراوە، ئەم وڵاتە لە‌ ڕیزبەندی ساڵی 2019دا دەیەم سەلامەتترین وڵات بوو بەڵام لە ساڵی 2021دا دوو پلە هاتە سەرەوەی ڕیزبەندیەکە چونکە ڕێژەی تاوانەکان لەو ساڵانەدا بە بەردەوامی دابەزیووە، بەتایبەتی تاوانە توندوتیژیەکان، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاسانی چەکیان دەست دەکەوێت لە ناو وڵاتەکەدا، کۆماری چیک کاریگەرییەکی کەمی کردە تیرۆریزمییەکان لەسەرە، دابەزینی ئاستی ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندیەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ تێوەگلانی بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناکۆکییە دەرەکییەکاندا و ڕێژەی زۆری ژمارەی زیندانییەکان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی وڵات و هێزە ئەمنییەکان و هەڵسەنگاندنی پۆلیس.

  1. ژاپۆن

وڵاتی ژاپۆن نۆیەم سەلامەتترین وڵاتی جیهانە، بە گوێرەی پێڕستی ئاشتی جیهانی وڵاتی ژاپۆن بۆ ماوەی 13 ساڵە لە ڕیزبەندی 10 سەلامەتترین وڵاتانی جیهاندایە، بەشێوەیەکی هەمیشەیی نمرەی کەم بەدەست دەهێنێت بەهۆی کەمی ئاستی تاوان و ململانێی ناوخۆیی و تیرۆری سیاسیدا، ئەو دوو بابەتەی کە جێی نیگەرانییە پەیوەندییە کێشە لەسەرەکانی وڵاتانی دراوسێی و زیادبوونی قەبارە و هێزی بەرگری خەڵکەکەیەتی لە ژیانیان و خاک و موڵک و یاساکانیان، وڵاتی ژاپۆن ناسراوە بە کۆچی سنوردار لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاسانی ناتوانن دەستیان بە چەک بگات و سنوردارە، چونکه دەسەڵاتدارانی ژاپۆن پێیانوایە هەر تاکێکی ژاپۆنی مافی ئەوەی نییە چەک هەڵبگرێت، بە گوێرەی پێڕستی سەلامەتی شارەکانی یەکەی هەواڵگری ئابووری، تۆکیۆ بە سەلامەتترین شاری جیهان دانراوە، لە ئاسایشی سایبەردا لە پلەی یەکەمدایە و لە پلەی دووەمدایە بۆ ئاسایشی تەندروستی وە لە پلەی چوارەمدایە بۆ ئاسایشی ژێرخان و ئاسایشی شەخسی.

   10. سویس "سویسرا"

بە وڵاتی سویسرا کۆتایی بە 10 سلامەتترین وڵاتانی جیهان دەهێنین، کە 1.366 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی پێنج وڵاتدا لە بواری سەلامەتی و ئاشتی، لە ساڵی 2019دا پلەیەکی لەدەستدا، لەگەڵ هەندێک وڵاتی سەلامەتی تردا و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سویسرا بە یەکێک لەو دە وڵاتە پۆلێنکرا کە لە هاوردەکردنی چەکدا بەرزترین ئاستیان هەیە، خۆشبەختانە وڵاتی سویسرا لە ئاستی جیهانیدا بە پلەی چوارەم دێت بۆ ئاسایشی خۆراک و لە نێوان دە ئاشتی خوازترین وڵاتانی جیهاندایە بەهۆی ناکۆکی بەردەوامی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە.


سەرچاوەکان



1391 بینین