ڕاگیرنەکردنی میز

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-03-15:25:00 - کۆدی بابەت: 6490
ڕاگیرنەکردنی میز

ناوه‌ڕۆك

ڕاگیرنەکردنی میز چییە؟

ڕاگیرنەکردنی میز یان ئەوەی پێی دەوترێت لەدەستدانی کۆنترۆڵی میزڵدان حاڵەتێکی باو و شەرمهێنە، کە ئەم حاڵەتە توندییەکەی جیاوازە لە ڕاگیرنەکردنی میزی سادەوە بۆ نموونە لەکاتی کۆکە و پژمە تا دەگاتە پێویستی میزکردنی خێرا و لەناکاو کە کەسەکە فریا ناکەوێت بگاتە سەرئاو، لەگەڵ ئەوەی بە زیادبوونی تەمەن ئەگەری ڕوودانی زیاد دەکات، بەڵام مەرج نییە هەموو بەتەمەنێک توشی ببێت، کاتێکیش ئەم نەخۆشییە کاردەکاتە سەر چالاکییە ڕۆژانەکان پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و ڕێکاری پێویستی بگیرێتە بەر، لەلای زۆرێک لە توشبووان گۆڕینی هەندێک خووی ڕۆژانە ڕەنگە چارەسەری کێشەکە بکات.

نیشانەکانی ڕاگیرنەکردنی میز

زۆرێک لە توشبووان بەدەست دەرچوونی چەند دڵۆپێک میز لە نێوان میزکردنەکاندا دەناڵێنن، بەڵام ڕەنگە کێشەکە گەورە بێت لە دەرچوونی بڕێکی زۆری میز و بە دووبارەبوونەوەی زیاتر، جۆرەکانی میز ڕاگیرنەکردنیش بەپێی نیشانەکانی دابەش دەبن بۆ:

- میز ڕاگیرنەکردن لەکاتی فشاردا: ئەم جۆرە ڕوودەدات کاتێک پەستانێکی زۆر دەخرێتە سەر سک و بەتایبەتیش میزڵدان، کە بەزۆری لەکاتی کۆکە و پژمە و هەڵگرتنی شتی قورس و ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشیدا ڕوودەدات.
- میزەڕۆیە میز ڕاگیرنەکردن: کە ڕوودەدات بەهۆی حەزێکی لەناکاو بۆ میزکردن و بەدوایدا ڕاگیرنەکردنێکی خۆنەویست دێت، ڕەنگە هاوکاتی چەندبارە بوونەوەی میزکردنەکان بێت بەتایبەت لە شەودا، ڕەنگە ئەم جۆرە بەهۆی کێشەی سادەی وەکوو میکرۆبەکانەوە ڕووبدات یان بەهۆی کێشەی مەترسیدارتری وەکوو تێکچوونە دەمارییەکان و شەکرە.
- ڕاگیرنەکردنی میز بۆ بەتاڵبوون: کاتێک ڕوودەدات کە بڕێک لە میز لە میزڵداندا پەنگدەخوات و لە کاتی میزکردنی خۆویستیشدا دەرناچێت.
- ڕاگیرنەکردنی میزی ئەرکی: ئەم جۆرەیان ڕوودەدات کاتێک هۆکارێکی دەرەکی ڕێگرە لە گەیشتنی کەسەکە بە سەرئاو، وەکوو هەوکردنی زۆری جومگەکان.
- تێکەڵە میز ڕاگیرنەکردن: ئەمەیان ڕوودەدات کاتێک چەند جۆرێکی میز ڕاگیرنەکردن لە کەسەکەدا کۆ دەبێتەوە. 

هۆکارەکانی ڕاگیرنەکردنی میز

هۆکارەکانی میز ڕاگیرنەکردن زۆرن، هەندێکی ئاسان چارەسەر دەکرێت و میز ڕاگیرنەکردنەکە کاتییە، هەندێکی تریان مەترسیدارترە و بەردەوام توشی میز ڕاگیرنەکردنی دەکات، لە نموونەی هۆکارەکانیش:

  • لاوازی ماسولکەکانی میزڵدان، کە زۆرجار هۆکارەکەی زیادبوونی تەمەنە.
  • بەرکەوتنێکی جەستەیی بۆ ماسولکەکانی حەوز.
  • گەورەبوونی پڕۆستات "کە ئەمەشیان بەهۆی گەورەبوونی تەمەنەوە ڕوودەدات".
  • شێرپەنجە.
  • قەبزی.
  • هەوکردنی ڕێڕەوی میز.
  • بەردی میزی یان میزڵدانی.
  • هەوکردنی میزڵدان.
  • ڕەنگە وەکوو لێکەوتەی دەرمانەکانی کەمکردنەوەی پەستانی خوێنبەرەکان و ئارامکەرەوەی ماسولکەکان و خەوێنەرەکان و هەندێک دەرمانی نەخۆشییەکانی دڵ دەربکەوێت.
  • هەروەها دەکرێت هەندێک خوو ڕۆڵیان هەبێت لە ڕوودانی ڕاگیرنەکردنی میز، وەکوو خواردنەوەی بڕێکی زۆری کهول ڕۆژانە و ئەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە و هەندێک شلەمەنی کە دەبنە هۆی لەدەستدانی  کۆنترۆڵی میزڵدان شێوەیەکی کاتی.

دەستنیشانکردنی ڕاگیرنەکردنی میز

گرنگە پێش دەستکردن بە چارەسەر جۆری دروستی رRگیرنەکردنەکە دیاری بکرێت، زۆرجار پزیشک بە نیشانەکاندا ڕاستەوخۆ جۆرەکەی بۆ دەردەکەوێت، کە زۆرجار پشکنینەکان خۆیان دەبیننەوە لە کۆمەڵێک پرسیار کە پزیشک لە نەخۆشی دەکات دەربارەی نەخۆشییەکەی و پاشان پشکنینی گشتی جەستەیی بۆ ئەنجام دەدات، ڕەنگە پزیشک داوا لە نەخۆشەکە بکات کە ئەو کردانە ئەنجام بدات کە دەبنە هۆی ڕاگیرنەکردنەکە وەکوو کۆکە بە نموونە، پاشان پشکنین ئەنجام دەدات بۆ:
- شیکاری میز: کە پشکنینێکی ئاساییە کە هاوکارە لە دەرکەوتنی هۆکارەکانی ڕاگیرنەکردنەکە وەکوو دۆزینەوەی هێماکانی میزە هەوکردن یان پاشماوەی خوێن لە میزدا.
- تۆمارکردنی حاڵەتی میزەکە: کە پزیشک داوا لە نەخۆش دەکات کە بڕی شلەمەنی وەرگیراو و ژمارەی میزکردنەکان و بڕی میزی پێشنیارکراو و ژمارەی ڕوودانەکانی ڕاگیرنەکردنی میز تۆمار بکات.
- پێوانەی بڕی ماوەی میز پاش میزکردن: پزیشک داوا لە نەخۆش دەکات بە ئاسوودەیی میز بکات و پاشان هەڵدەستێت بە پێوانی میزی ماوە لەناو میزڵداندا لە رێگەی بۆری میز یان تیشکی سەرووبیستن یان ئیکۆ، چونکە مانەوەی بڕێکی زۆری میز نیشانەی هەبوونی کێشەیە لە ڕێگەی دەرچوونی میزدا یان کێشەیەکی دەماری یان ماسولکەیی لە میزڵداندا.

چارەسەری میز ڕاگیرنەکردن

یەکێک لە بیرۆکە باوەکان ئەوەیە کە میز ڕاگیرنەکردن تەنها لە ئافرەتانی بەتەمەندا ڕوودەدات، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و هەندێک جار لە گەنجانیشدا ڕوودەدات، هەروەها وێڕای ئەوەی زیاتر ئافرەتان توشدەبن بە بەراورد بە پیاوان، بەڵام هەندێک لە پیاوانیش توشی نەخۆشییەکە دەبن، بەڵام ڕێگاکانی چارەسەر زۆرن، لەوانەش: 

- گۆڕێنی هەندێک خوو: دەکرێت گۆڕینی هەندێک خوو هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی توشبوون بە ڕانەگرتنی میز، بۆ نموونە فشارە میز ڕاگیرنەکردن دەکرێت بە کەمکردنەوەی بڕی وەرگیراوی شلەمەنییەکان کەم بکات، هەروەها  میزەڕۆیە میز ڕاگیرنەکردن دەکرێت بە خۆلادان لە خواردنی تفت و قاوە و خواردنەوە گازییەکان کەم بکاتەوە. 
- دەرمانەکان: دیاریکردنی جۆری میز ڕاگیرنەکردن بەر لە دەستکردن بە بەکارهێنانی دەرمان زۆر گرنگە، بۆ نموونە لە میزەڕۆیە میز ڕاگیرنەکردا وا باشترە کە دەرمانەکانی دژە کۆڵین بەکاربهێنرێن، کە هاوکارە بۆ کەمکردنەوەی کەشەنگبوونەکانی میزڵدان، لەکاتی وەڵامنەدانەوەی ئەم دەرمانانەش، واباشترە پەنا بۆ لێدانی دەرزی بۆتۆکس ببرێت کە ماددەیەکی ژەهراوییە بۆ ماسولکەکان ئەویش بۆ خاوکردنەوەی میزڵدان و کەمکردنەوەی کەشەنگبوونەکانی.
- ئامێر و جلوبەرگی وشککراوە: ئەم چارەسەرە هاوکارە لە خۆڕزگارکردن لەو بارودۆخانەی دەبنە هۆی شەرمەزاربوونی کەسەکە، کە بەکاردێن لە کەمکردنەوەی میز ڕانەگرتنی فشاری ئەویش بە هاوکاریکردنی ملی میزڵدان و ڕێگری لە دەرچوونی میز بە شێوەیەکی کاتی.
- نەشتەرگەری: ئەگەر چارەسەرەکانی پێشوو سوودیان نەبوو ڕەنگە پەنا ببرێتە بەر نەشتەرگەری، هەندێکیان ئامانجیان جێگیرکردنی میزڵدانە لە شوێنی سەرەکی خۆیدا، هەندێکی تریشیان ئامانجیان جێگیرکردنی میزەڕۆ و تەسککردنەوەیەتی بۆ کەمکردنەوەی دڵۆپەکردنی میز.

خۆپارێزی لە ڕاگیرنەکردنی میز 

ڕەنگە خۆپارێزی لە هەموو جۆرەکانی میز ڕانگرتن نەکرێت، بەڵام هەندێک ڕێکار دەکرێت بگیرێنە بەر کە هاوکارن لە خۆلادان لەو کێشە بێزارکەرە، چارەسەرەکەش بە شێوەیەکی سەرەکی پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروستە لە هەموو لایەنەکانەوە، بۆ نموونە:

- پارێزگاری لە کێشی سروشتی لەش.
- ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی تەندروست و ڕێکخراو.
- پەیڕەوکردنی ڕێجیمی خۆراکی تەواو.
- سنوردانان بۆ خواردنەوەی کهول و ئەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.


سەرچاوەکان



1089 بینین