شێوەزاری هەورامی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-15-00:48:00 - کۆدی بابەت: 6583
شێوەزاری هەورامی

ناوه‌ڕۆك

هۆرامی

یەکێکە لە شێوەزارەکانی زاری گۆرانی-زازایی زمانی کوردی و بە یەکێک لە شێوەزارە سەختەکان دادەنرێت، زمانی هەورامی لە باری زمان ناسیەوە زمانێکی قورس و قووڵ و خۆش ئاوا و مۆزیکاڵە، زمانێکە نەرم و نیان و مینیاتوورە و وشەی گەرودڕی پیاوخنکێنی نیە، لە زۆرێک لە پیتە قورسەکانی وەک ح و ق بەدوورە، 

قسەکەران و بڵاوبوونەوەی شێوەزارەکە

هەورامان ناوچەیەکی فراوانە لە کوردستانی گەورە و لە ئێستا دەکەوێتە نێوان سنووری عێراق و ئێران واتە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و و کرماشان و سنە دەژین و بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت، هەورامانی لهۆن کە ناوەندەکەی شاری پاوەیە، هەورامانی تەخت و هەورامانی ژاورود، لە هەریەک لە پاوە و سەوڵاوا و مەریوان و هەڵەبجە زۆرترین ڕێژەیان هەیە و نیشتەجێن، لە شارەکانی کرماشان و سنە و قروە و چوارقەڵا و دەماوەند و سلێمانی و هەولێر و بەغدادیش بوونیان هەیە.

هەورامییەکان بە کەسانی زیرەک و چالاک ناسراون و خاوەنی کاری دەستی و کەرەستە و شێوازی بیناسازی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان بە جلی کوردی و پاراستنی شێوەزارەکەیان دەناسرێنەوە، لە نێو هەورامییەکان کەسانی سیاسی و تەندروستی و بیناکار و کۆمەڵناس و سەرۆک کۆماری بەناوبانگ دەبینرێن، فوئاد مەعسوومی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق (٢٠١٤-٢٠١٨) هەورامی بوو، لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان هەورامییەکان دەسەڵاتیان پەیداکرد و شێوەزارەکە بووە فەرمی و بڵاوبوویەوە لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و بۆیە دەبینین زۆرێک لە شاعیران ئەوکات بە هەورامی نووسیویانە و نووسراوی کتێبی پیرۆزی ئایینی یارسانیش هەر بە هەورامی نووسراوە کە ئایینی زۆرێک لە ئەردەڵانییەکان بووە.

تاوەکوو سەرەتاکانی دەسەڵاتی سەفەوییەکانیش هەورامییەکان پێیان دەوترا گۆرانەکان، بەڵام لە ناوەڕاستی دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە لە ساڵانی ٩٠٠ و ١٠٠٠ـەکانی زایینی خەڵکی ناوچەکە کە بە هەورامی قسەیان دەکرد ناونران هەورامییەکان.

بەپێی مێژوو زیاتر لە ٤٠ شاعیر ناویان تۆمارکراوە کە لە کۆندا بە هەورامی نووسیویانە، بەڵام ژیانیان لەبەردەست نییە، یەکەمین نووسەری زمانەکە دەدرێتە پاڵ مەلا پەرێشان کە لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٣٠٠ ژیاوە و مەسنەوی نووسیوەتەوە کە ٥٠٠ لاپەڕە بووە و باسی مەزهەبی شیعەی کردووە، شاعیرانی دواتر لە سەدەکانی ١٧ بۆ ١٩ بریتی بوون لە شێخ موستەفا تەختایی و خان قوبادی و یوسف یاسکا و موستەفا بێسارانی و غوڵام ڕەزا خان، سەیدەی هەورامی یەکەم، سەیدەی هەورامی دووهەم، میرزا شەفیعی پاوەیی، سەید یەقوبی مایدەشتی، میرزا شەفێعی جامەڕێزی، شاعیرێکیش کە دیوانێکی بە هەورامی هەبێت مەولەوی تاوگۆزی شاعیر بووە.

هونەر

شێوەزارەکە خاوەنی هونەری تایبەت بە خۆیەتی و پێی دەوترێت سیاچەمانە کە بە شێوەیەکی خاو دەوترێت، هەروەها بەزمی چەپڵە و خێرایش لەخۆی دەگرێت، هەریەک لە کەویار هەورامی و عوسمان کێمنەیی و سەباح هەورامی و ماریا هەروامی و فەرزاد هەورامی و عادل هەورامی و نێچیر هەورامی و پێشڕەو هەورامی و فەرشاد هەورامی و بۆکان هەورامی و حەمە حسێن کێمنەیی لە گۆرانیبێژەکانی هەورامانن.

هەورامان و یونسکۆ

ساڵی ٢٠١٠ یونسکۆ شێوەزاری هەورامی خستە نێو لیستی ئەو شێوەزارانەی کە مەترسی لەناوچوونیان هەیە، لە ساڵی ٢٠٢١ـیش ناوچەی هەورامانی تەخت لە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی یونسکۆدا تۆمار کرا.

بەیاننامەی یونسکۆ 

ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەكانی هەورامان لانكە و گەواهیدەری كلتووری خەڵكی هەورامانن. هەورامییەكان وەك بەشێك لە كورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، كاری باخداری و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەكەن. لەناو دڵی چیاكانی زاگرۆس، لە پارێزگاكانی سنە و كرماشان بە درێژایی سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە: لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت (لە پارێزگای سنە). لە رۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای كرماشان).

شێوازی ژیانی خەڵكی هەورامان بەشێوەیەكە خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختی ناوچەكە گونجاندووە. بیناسازی و دروستكردنی خانوو لە ناوچە لێژەكان، چاندنی دار و درەخت لەسەر بەرد و ناوچە شاخاوییەكان، شێوازی بەخێوكردنی ئاژەڵ و كۆچی كورت ماوەی وەرزی، لە دیارترین جیاكەرەوەكانی ژیان و كلتوریی هەورامییەكانە، كە ساڵانە بەگوێرەی وەرزەكان لە بەرزایی و پێدەشتەكاندا ژیان دەكەن (زستانان لەناو گوند و هاوینان لەناو باخ).

بەبەردەوامی لە ناوچەكەیان ماونەتەوە و ژیانیان كردووە، كە بە چەندین خەسڵەتی جیاكەرەوەی ژینگەی و تایبەتی ناسراوە، ئەم خەسڵەتانەش لە هەڵكۆڵراوی سەر بەرد، ئەشكەوت، پەناگە، چیاكان، پاشماوەی شوێنە كاتی و هەمیشەییەكانی نیشتەجێبوون، شوێنكار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیكەدا نەخشێنراوە و دەردەكەون.

ئەو 12 گوندەی لە پڕۆژەكەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵكی هەورامان سەرەڕای نەبوونی خاكی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەكانیان توانیویانە وەڵامێكی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن.

پیتەکانی شێوەزارەکە

شێوەزاری هەورامی هەمان پیتەکانی زمانی کوردین بەڵام تەنیا پێنج پیتیان زیاترە و زیاتر دەنگن، بۆیە نووسەران لەسەر شێوازی نووسینی پیتەکان ڕێککەوتوون کە بریتین لە (ڎ، ۋ، ڼ ، ۊ، ۍ) و بەمشێوەیە بەکاریان دەهێنن:

پیتی یەکەم کە بریتییە لە (ڎ)

دەنگێکە لە ئاسمانی دەمەوە دەردەچێت و شێوەیەکی پیتی (ڵ) لەخۆدەگرێت، وەک وشەکانی

  • ئەڎا واتە دایک
  • ئاڎ واتە ئەو (بۆ کوڕ)
  • ئاڎە واتە ئەو (بۆ کچ)
  • مڎۊ واتە ئەیدات
  • بەڎبەخت واتە بەدبەخت
  • سەڎ واتە سەد
  • ئاماڎە واتە ئامادە

پیتی دووەم (ۋ)

  • ۋاران واتە باران
  • ۋەر واتە پێش / بەڵام وەر واتە ڕۆشنایی تیشکی خۆر
  • وەرەتاۋ واتە خۆرەتاو
  • ۋەرگ واتە گورگ
  • ۋەز واتە بەز / وەزی واتە گوێز
  • ۋڵک واتە گورچیلە
  • ۋڕ واتە وڕ
  • ۋەنی واتە قەزوان

پیتی سێیەم (ڼ / نگ)

  • گەڼە واتە گەنیو
  • پەڼە واتە پەن / پەندەر
  • تڼ واتە توند
  • قڼگ واتە قڼگ
  • بەڼگا واتە تاۋگە

پیتی چوارەم (ۊ) ؛ە هەمان (ۆ) ـیە لە سۆرانی بەڵام هەندێکجار کورتتر.

  • لۊ واتە (لۆ) گیایەکی کوێستانییە
  • چۊ واتە دار
  • خۊ واتە خوو
  • تۊ واتە تۆ
  • سۊ واتە سۆ
  • کۊ واتە کۆ
  • شۊت واتە شیر
  • خۊل واتە خێل

پیتی پێنجەم (ېـ / ۍ) ھەر وەک (یـ/ێـ و ی / ێ)

  • ئێگە واتە ئێرە
  • لێقنە واتە ڕیقنە
  • گولانێ واتە بچووکان (گولانۍ/تاک - گولانۍ / کۆ)
  • باخێ واتە باخان(باخ/تاک - باخۍ/کۆ))
  • کاۋڕێ واتە بەرخان (کاۋڕ/تاک - کاۋڕۍ/ کۆ)
  • بزۍ واتە بزنان (بزە/تاک - بزۍ / کۆ)
  • مەلۍ واتە مەلان (مەل/ تاک- مەلۍ/ کۆ)
  • کناچۍ واتە کچان (کناچۍ/تاک- کناچۍ/ کۆ)
  • کوڕۍ واتە کوڕان (کوڕ/تاک - کوڕۍ/کۆ)
  • جلۍ واتە جلان (جل/تاک - جلۍ/ کۆ)
  • شېڵانۍ واتە قەیسی (شێڵانۍ/تاک - شېڵانۍ/ کۆ)
  • مریچڵۍ واتە چۆڵەکە
  • ھېزۍ واتە ھێزان (ھېز/ تاک - ھېزۍ/ کۆ) بەڵام ھیزی = دوێنێ
  • شېر واتە شێر (شېر/تاک - شېرۍ / کۊ)

جێناوەکان

ھەورامی سۆرانی
من من
تۊ تۆ
ئاڎ ئەو (بۆ کوڕ)
ئاڎە ئەو (بۆ کچ)
ئېمە ئێمە
شمە ئێوە
ئاڎۍ ئەوان

 


سەرچاوەکان



8846 بینین