سوودەکانی خواردنی تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-17-18:48:00 - کۆدی بابەت: 6610
سوودەکانی خواردنی تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین

ناوه‌ڕۆك

کۆلاجین چییە؟

کۆلاجین زۆربەی زۆری پڕۆتینی لەشی مرۆڤ پێکدەھێنێت، نزیکەی ١/٣ پڕۆتینی لەشی مرۆڤ بریتییە لە کۆلاجین، بنچینەی سەرەکی پێکهاتنی ئێسک، پێست، ماسولکە، ژێی ماسولکە و بەستەری نێوان ئێسکەکانە، هەروەها کۆلاجین لە چەندین بەشی دیکەی لەشدا دۆزراوەتەوە وەک دەمارەکانی خوێن، ددان و بیلبیلەی چاو، دەتوانرێت وەک بەستەرێک ببینێرێت کە هەموو ئەو شتانە بەیەکەوە دەبەستێت، لە ڕاستیدا وشەی کۆلاجین لە وشەی (کۆلا) (kólla)ی یۆنانییەوە هاتووە کە بە مانای بەستەر دێت، تاکوو تەمەنی مرۆڤ زیادبکات ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لەلایەن جەستەوە کەمدەکات. 

جۆرەکانی کۆلاجین لە لەشدا

بە لایەنی کەمەوە ١٦ جۆر لە کۆلاجین هەیە کە بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەشکراون کە بریتین لە ڕیشاڵی و بێ ڕیشاڵی:

جۆرەکانی کۆلاجینی ڕیشاڵی

  • جۆری یەکەم: ئەم جۆرە نزیکەی ٩٠٪ کۆلاجینی جەستە پێکدەهێنێت و لە ڕیشاڵی چڕی بەیەکەوە بەستراو پێکدێت، جۆری یەکەمی کۆلاجین شێوە دەدات بە ئێسک، پێست، ژێی ماسولکە، کڕکڕاگە و ددان.
  • جۆری دووەم: ئەم جۆرەی کۆلاجین ڕیشاڵەکانی بە شلی بەیەکەوە بەستراون و لەو کڕکڕاگانەدا بوونیان هەیە کە ئێسکەکان بە یەکەوە دەبەستن.
  • جۆری سێیەم: پشتیوانی پێکهاتەی ماسولکە و ئەندام و دەمارەکانی لەش دەکات.
  • جۆری چوارەم: ئەم جۆرە یارمەتی کرداری پاڵاوتن دەدات و لە چینەکانی پێستدا بوونی هەیە.
  • جۆری پێنجەم: لە ڕووکاری خانەکان، موو و وێڵاشدا بوونی هەیە.

سوودەکانی خواردنی کۆلاجین

لەم ساڵانەی دواییدا تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردێت، جگە لە دەرمان چەندین خواردن بوونیان هەیە کە دەتوانن ڕێژەی کۆلاجینی جەستە بەرزبکەنەوە، وەرگرتنی کۆلاجین چەندین سوودی جیاوازی هەیە، لێرەدا ئاماژە بە سوودەکانی وەرگرتنی کۆلاجین دراوە:

تەندروستی پێست دەپارێزێت

کۆلاجین پێکهاتەی سەرەکی پێستە، ڕۆڵی هەیە لە بەهێزی، توندی و شێداری پێست، تاکوو تەمەنی مرۆڤ زیادبکات ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لە لەشیدا کەمدەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و چرچبوونی پێست، چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنی دەرمان یاخود سەرچاوەی کۆلاجین دەبێتە هۆکاری دواخستنی نیشانەکانی پیربوونی وەک وشکبوونەوەی پێست و چرچبوونی پێست، لە توێژینەوەیەکدا ئەو ئافرەتانەی کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٨ هەفتە تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجینیان وەرگرتووە بە ڕێژەی ٢,٥ بۆ ٥ گرام، ئەزموونی کەمتر وشکبوونەوەی پێست و بەرزبوونەوەی پتەوی پێستیان کردووە بە بەراورد بەو ئافرەتانەی کە کۆلاجینیان وەرنەگرتووە، لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئەو ئافرەتانەی کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٢ هەفتە گیراوەیەکیان خواردووەتەوە کە تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجینی لەگەڵ تێکەڵ کرابێت ئەزموونی پێستێکی شێدارتر و کەمبوونەوەی قوڵی چرچی پێستیان کردووە، کاریگەری کەمبوونەوەی چرچی لەلایەن کۆلاجینەوە پەیوەستە بە توانای کۆلاجینەوە بۆ هاندانی جەستە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین بەشێوەیەکی سەربەخۆ، هەروەها هەندێک بیروڕا هەیە دەبارەی ئەوەی کە تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین ڕێگری لە دروستبوونی زیپکە دەکات و هەندێک کێشەی دیکەی پێست چارەدەکات، بەڵام ئەم بیروڕایانە بە شێوەیەکی زانستی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە

کۆلاجین یارمەتی خۆڕاگری بەستەری جومگەکان دەدات کە پێکهاتەیەکی شێوە لاستیکییان هەیە و جومگەکان دەپارێزن، بە پێی تێپەڕبوونی تەمەن تاکوو ڕێژەی کۆلاجین لە جەستەدا کەم بکات، مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی جومگە کەمدەکات، لە توێژینەوەیەکدا لەسەر ٧٣ وەرزشوان ئەنجامدراوە کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٢٤ هەفتە ١٠ گرام لە کۆلاجینیان وەرگرتووە، ئەزموونی کەمبوونەوەی ئازاری جومگەکانیان کردووە لە کاتی ڕۆشتن و کاتی پشوودا، لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کەسانی پێگەیشتوو ڕۆژانە بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ کۆلاجینیان وەرگرتووە و ئەزموونی کەمبوونەوەی ئازاری جومگەکان و توانای باشتر بۆ ئەنجامدانی چالاکییە فزیاییەکانیان کردووە، لە ئەنجامی ئەمەشدا توێژەرەوەکان بۆیان دەرکەوت کە تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین یارمەتی پێکەوە بەستنی ئێسکەکان دەدات و هانی جەستە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین، هەروەها پێشبینی ئەوەیان کرد کە ئەمە ببێت بە هۆکاری کەمبوونەوەی هەوکردن و یارمەتیدەری بەیەکەوە بەستنی ئێسکەکان و کەمکردنەوەی ئازار.

ڕێگری لە پووکانەوەی ئێسک دەکات

ئێسکی لەشی مرۆڤ زۆربەی پێکهاتەکەی کۆلاجینە کە شێوە و پێکهاتە دەدات بە ئێسکەکان و بە بەهێزی دەیانهێڵێتەوە، هەرکە تەمەنی مرۆڤ زیادی کرد و ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لەگەڵیدا کەمی کرد، دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ تووشبوون بە نەخۆشی پووکی ئێسک کە هۆکارەکەی کەمی چڕی ئێسکەکانە و هۆکارێکە بۆ زیادکردنی مەترسی شکانی ئێسک، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر چەند ئافرەتێک ئەنجامدراوە ئەوە سەلمێنراوە کە ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٢ مانگ تەواوکەری خۆراکیی کالسیۆم کە لەگەڵ ٥ گرام کۆلاجین تێکەڵکراوە دەخۆن بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی ئەو پڕۆتینانە لە خوێنیاندا کەمتری کردووە کە دەبن بە هۆکاری تێکشکانی ئێسک بەبەراورد بەو ئەفرەتانەی کە تەنها تەواوکەری خۆراکیی کالسیۆمیان خواردووە، هەمان ئەنجام بۆ توێژینەوەیەکی دیکە بەدەستهاتووە کە لەسەر ٦٦ ئافرەت ئەنجامدراوە کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٢ مانگ تەنها ٥ گرام لە کۆلاجینیان خواردووە، ئەو ئافرەتانەی کۆلاجینیان خواردووە بە ڕێژەی ٧٪ چڕی کانزاکانی ئێسکیان زیادی کردووە مەبەست لە کانزاکانی ئێسک کانزای وەک کالسیۆمە و کەمی ئەم کانزایانە پەیوەستە بە لاوازی ئێسک و توشبوون بە نەخۆشی پووکیی ئێسک.

یارمەتی بەبەهێزی مانەوەی ماسولکە دەدات

لەنێوان ١٪ بۆ ١٠٪ شانەکانی ماسولکەی لەشی مرۆڤدا کۆلاجین بوونی هەیە، کۆلاجین گرنگە بۆ هێشتنەوەی بەهێزی ماسولکەکان و یارمەتیدانی جووڵەیان، لە توێژینەوەیەکدا ئەوە سەلمێنراوە کە تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین یارمەتیدەری ئەو کەسانەیە کە بەهۆی زۆری تەمەنیانەوە هێزی ماسولکەکانیان لەدەستداوە، لەم توێژینەوەیەدا ٢٧ پیاوی لاواز و بەتەمەن ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٢ هەفتە لە کاتی ڕاهێنانێکی وەرزشی دیاریکراودا ١٥ گرام لە کۆلاجینیان خواردووە بەراورد کراون بە چەند پیاوێکی دیکە کە هەمان وەرزشیان کردووە و کۆلاجینیان نەخواردووە، ئەوانەی کۆلاجینیان خواردووە نیشانەی بەهێزی و خۆڕاگری ماسولکەیان تێدا دەرکەوتووە، توێژەرەوەکان پێشبینی ئەوەیان کردووە کە خواردنی کۆلاجین بەرهەمهێنانی پڕۆتینەکانی ماسولکەی وەک کریاتین زیاددەکات و هەروەها هانی گەشەکردنی ماسولکەکان دەدات لەدوای ڕاهێنانکردن.

تەندروستی دڵ دەپارێزێت

توێژەرەوەکان تێبینی ئەوەیان کردووە  کۆلاجین پێکهاتەی خوێنبەرەکان دیاری دەکات، کە دەماری خوێنن و خوێن لە دڵەوە دەگوازنەوە بۆ هەموو لەش، بەبێ بوونی کۆلاجینی پێویست خوێنبەرەکان بێهێز و شکستخواردوو دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی ڕەقبوونی دەماری خوێن، نەخۆشییەکە کە تێیدا خوێنبەرەکان تەسکدەبنەوە، تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانیش دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی جەڵتەی دڵ، لە توێژینەوەیەکدا ٣١ کەسی تەندروستی پێگەیشتوو رۆژانە بۆ ماوەی ٦ مانگ ٦ گرام لە کۆلاجینیان خواردووە، لە ئەنجامدا ئەزموونی کەمبوونەوەی پێوانەی ڕەقبوونی خوێنبەرەکانیان کردووە، لە ئەنجامی ئەمەشدا توێژەرەوەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە خواردنی کۆلاجین یارمەتیدەرە بۆ کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.


سەرچاوەکان



1229 بینین