ئیسپانیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-19-13:03:00 - کۆدی بابەت: 6628
ئیسپانیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ئیسپانیا

وڵاتی ئیسپانیا کە بە شێوەیەکی فەرمی ناسراوە بە شانشینی ئیسپانیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەوروپایە کە ناوچەیەکی زۆری وڵاتەکە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستە، بەهەمان شێوە ڕێڕەوی ئاویشی لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی و گەرووی جەبەل تاریق.

یەکێکە لەو خاکە ئەورووپیانەی کە دەکەوێتە نیمچە دوورگەی ئیبیریان، وە دوورگەکانی بالیاریک سەر بەم وڵاتەن کە دەکەونە ناو دەریای ناوەڕاستەوە، وە دوورگەی بچووکتری تریش لە دەریای ئەلبۆریان و دوورگەکانی کەناری لەناو زەریای ئەتڵەسیدا، وڵاتەکە هەم سنووری وشکانی هەیە و هەم سنووری ئاوی، لە باکوورەوە لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسا و ئەندۆرا هاوسنوورە، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ وڵاتی پورتوگال و زەریای ئەتڵەسیدا، بەشی ڕۆژهەڵات و باشووریشی ڕاستەوخۆ لەسەر دەریای ناوەڕاستە. 

زانیاری گشتی

ناوی وڵات ئیسپانیا
پایتەخت مەدرید
زمانی فەرمی ئیسپانی
سیستەمى سیاسی پاشایەتى پەرلەمانى
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٥ ئیسپانی
  • ٪١٥ نەتەوەی تر
ئایین
  • ٪ ٥٩ مەسیحی
  • ٪ ٣٧ بێ ئایین
  • ٪٢.٥ ئایینی تر
  • ٪١.٥ نادیار
ڕووبەر ٥٠٥,٩٩٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢٠)  ٤٧.٤٥٠ میلیۆن کەس
چڕی دانیشتووان ٩٤ لە کیلۆمەترێکی دووجادا
داهاتی ساڵانە ١.٤٥٠ تریلیۆن دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٣١,١٧٨ هەزار دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +1 
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست 
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٤

ناوی ئیسپانیا

ناوی ئیسپانیا لە ئیسپانیای (بونیقی) یەوە هاتووە كە ماناكەی (زەوی كەروێشكەكان) دەگەیەنێت، ڕایەژی تریش هەیە كە ناوی ئیسپانیا لە وشەی (باسكی ئیزبانا) هاتووە کە واتای (لێوار یان سنوور) دەگەیەنێت.

مێژوو

ئامێرە بەردینییەکان و وێنەی درووستکراوی ناو سەر ئەشکەوتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مرۆڤ زیاتر لە ١٠٬٠٠٠ ساڵە لە نیمچەدوورگەی ئیبریادا نیشتەجێیە، لە سەرەتادا (فۆنیقییەکان) زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپایان بنیاتنا لە نێوانیدا شارە دێرینەکانی قادش و مەلەگە، دواتر ئیمڕاتۆریەتی ڕۆم لە ساڵی ٢١٠ بۆ ٢٠٥ پێش زایین دوای نزیکەی ٢ سەدە شەڕکردن ئەم شارانەی گرت و خستییە سەر ئیمپڕاتۆرێتییەکە، تا (ڤیسیگۆسەکان) نزیکەی ساڵی ٤١٠ ی زایینی لەکاتی ڕاماڵینی ھۆزە جیاوازەکانی (بەڕبەڕ) لەم ناوچەیە کە سەر بەئیمپڕاتۆرییەتی (ڕۆم) بوون ناوچەکەیان داگیر کرد، مسووڵمانەکانیش بە سەرکردایەتی تاریقی کوڕی زیاد لە ساڵی ٧١١ زایینی دا ئیسپانیایان گرت، لەشەڕی دۆڵی (لکە) بەسەر ھێزەکانی (قوت) دا سەرکەوتن‌ و چوونە ناو زۆرینەی خاکی ئیسپانیاوە و خستیانە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی ئەمەوی، دەسەڵاتی ئەمەوییەکان بەردەوام بوو لە ئەندەلوس تا دەوڵەتی ئەمەوی ڕووخا، ئەوکات ھەڵمەتی ڕاماڵین ‌و دەرکردن بەچڕی دەستیپێکرد لەلایەن مەسیحیەکانی ئیبیریاوە، وایان لێک دەدایەوە کە جەنگی خاچپەرستەکانە دژی مسووڵمانان، مورابیتەکان و دوای ئەوانیش موەحیدەکان یارمەتی ئەندەلووسییەکانیان دا بۆ بەرگرتن لەھێرشی مەسیحییەکان، پاش ئەوەی موەحیدەکان لەجەنگی (عەقاب) دا دۆڕان، شارەکانیان یەک لە دوای یەک لەدەستدا، لە ھەموو (ئەندەلووس) مسوڵمانەکان تەنھا غەڕناتە و دەوروبەریان لەدەستدا مایەوە، ھەردوو تاجی ئاراگۆن وکاستیا یەکیانگرت تا شانشینی ئیسپانیا پێک بھێنن، شانشینی (ڤالێنسیا) بوو بەئەندامی شانشینی ئیسپانیا، شانشینی کاستیا و شانشینی لیۆن و شانشینی ئاراگۆن یەکیان گرت، ھەروەھا پاشا فێرناندۆ و شاژنە ئیزابێڵا توانییاب دەست بەسەر شانشینە عەرەبیەکاندا بگرن لە ئەندەلووس یەک لەدوای یەک، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی مسووڵمانان دواھەمین بنکەی خۆیان لەدەستدا لەسەر دەستی ئەوان کە غەڕناتە بوو لە ساڵی ١٤٩٢ ی زایینیدا، ئەو شانشینە دوو سەدە و نیو دەسەڵاتی ھەبوو، تا لە ساڵی ١٤٩٢ لەناوچوو، ئەمە ساڵێکی مێژوویی بوو بۆ ئیسپانییەکان ‌و دەسەڵاتدارانیان، کە لەو کاتەدا (کریستۆڤەر کۆڵۆمبس) یش دونیایەکی فراوانی دۆزیەوە کە ئەمریکای ئێستایە، شاژن بەم ھۆیەوە ھەیبەت و ھێزی پەیداکرد لەنێوان ھەردوو سەدەی ١٦ و ١٧، ھەروەھا دوای ئەوەی کە فلیپی دووەم هاتە سەر تەختی ئیسپانیا، ئیسپانیا بوو بە بەھێزترین دەوڵەت لە جیھاندا، لەڕووی ئابووریەوە بەھێز بوو، دانیشتوانی ئیسپانیا لەکۆتایەکانی سەدەی (١٥) یەم گەیشتە نزیکەی (٩) میلیۆن کەس.

لە ٢٥ی تشریینی دووەمی ١٩٧٥ خوان کارلۆس لە ئیسپانیا دوای مردنی (فرانسیسکۆ فڕانکۆ) لەنامەیەکدا کە ئاڕاستەی نەتەوەی ئیسپانیای کرد ڕایگەیاند و بیروڕای خۆی دەرخست بۆ گێڕانەوەی دیموکراسی، بەپێی دەستوری ڕاستکراوە و گۆڕاو لە ساڵی ١٩٧٨ ئیسپانیا بوو بەدەوڵەتی یاسایی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی لەژێر سیستمێکی شانشینی پەرلەمانی، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و گشتگیریدا بوو لەسەردەمی فڕانکۆ.

جوگرافیا

وڵاتی ئیسپانیا دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپاوە، زۆربەی سنوورەكانی ئیسپانیا ئاوە، دەریای ناوەڕاست لە باشوورو ڕۆژهەڵات، بەهەمان شێوە جەبەل تاریق (کە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی بەڕیتانیایە) دەکەوێتە باشوورەوە، زەریای ئەتڵەسی لە باكووری ڕۆژئاوا تا باشووری ڕۆژئاوا، لە باشوور كەنداوی قادش هەیە لە باكووریش كەنداوی باسكای، ئیسپانیا لەگەڵ فەڕەنسا سنووری وشكانی هەیە، پورتوگالیش دەكەوێتە ڕۆژئاوا.

ڕووبەری وڵاتی ئیسپانیا ٥٠٥,٩٩٢ کیلۆمەتر دووجایە بەمە دەبێتە ٥٢ یەمین گەورەترین وڵاتی جیهان و سێیەم گەورەترین ئەورووپا، سنووری بە نزیکەی ١٢١٤ کیلۆمەتر لەگەڵ وڵاتی پورتوگالدا هەیە کە بەمەش دەبێتە درێژترین سنووری نێوان دوو وڵات لە تەواوی یەکێتی ئەورووپادا.

کەشوهەوا

کەش وهەواى ئیسپانیا مامناوەندە، ناوچەکانى ناوەوە لە هاویندا گەرمە و لە زستاندا ساردە، لەکاتێکدا کەناراوەکانى بەشێوەکى گشتى کەش و هەوایەکى مامناوەندى هەیە، دابەش دەبێت بۆ دوو ئاووهەوای سەرەکی:

١- دەریای ناوەڕاست: لە ڕووی ئاووهەواوە بە هاوینی وشك و گەرم دەناسرێ، ئەم ناوچەیە دەبێتە دووبەش: بەشێكی ئاوو هەوای دەریای ناوەڕاست ناسراوە و کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتانی چواردەوری دەریاکە هەیە کە دەیان وڵات دەگرێتەوە و ئیسپانیاش بەهۆی بوونی سنووری لەگەڵ دەریای ناوەڕاستدا، گەورەترین کاریگەری لەسەری هەیە.

٢- ئاووهەوای نیمچە وشک كە لەبەشی باشووری ڕۆژهەڵات بەدی دەكرێت بەتایبەتی لە ناوچەی بە پێچەوانەی ئاو و هەوای مامناوەند وەرزی گەرم و وشک تا دوای هاوین بەردەوام دەبێت،

هەرێمی تری ئاو و هەوا ئاو و هەوای زەریاكان دەگرێتەوە كە بە گەرمی ناسراوە لە هاوین بەڵام وشک نییە، ناوچەکانی زەریاکان کە کەشێکی مامناوەندە، بەڵام ناوچەكانی دەریای ناوەڕاست پلەی گەرماكەی بەرزە بەهۆی وشكی ناوچەكە بە بەردەوامی دەبێتە هۆی ئاگر كەوتنەوە لە دارستانەكانی بەشی باكووری ڕۆژئاوای ئیسپانیا، بارانی زیاتر لە ناوچەكانی باكوور بەتایبەتی چیایەكان دەبارێت و لە بەشی دەشتاییەكان ئەم بڕە بارانە بە كەمتر دەبینرێت، بەرزترین لوتکە لەم وڵاتە کەوتووەتە زنجیرە چیاكانی ناوچەی ئەندەلووس، كە پارێزگاكانی غەڕناتە و ئەلمیریا دەگرێتەوە، ئەم ناوچەیە بەرزترین لووتکە لە وڵاتی ئیسپانیا پێکدێنێت كە ٣٤٧٨ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، ناوچەیەكی گەشتیاریی بەناوبانگە لوتكە بەرزەكانی دەبێتە هۆی ئەنجامدانی یاری وەرزشی خلیسكانی سەر بەفر، ئەم چیایە دەكەوێتە ئەوپەڕی باشووری ئەورووپا لەسەر كەناری دەریای ناوەڕاستە، بەهۆی درێژی ڕۆژ لەم ناوچەیە پلەی گەرمی بەرزە.

ئابووری

ئابووری ئیسپانیای کەپیتاڵیزم (دەسەڵاتی سەرمایەداری) لە تەواوی جیهاندا بە پلەی چواردەیەم دێت و لەناو ئەورووپاشدا خاوەنی چوارەم گەورەترین ئابوورییە.

ئیسپانیا وڵاتێكی كشتوكاڵی بوو لە ساڵی ١٠٥٠ بەدواوە پێشكەوتنی كشتوكاڵیی بەخۆوە بینیووە و ئابووریی ئیسپانیا لەو کاتانەدا بە پلەی یەکەم پشتی بەستبوو بە کشتووکاڵ، بەڵام لەم چەند دەیەی کۆتایی گۆڕا بە ئابووریەکی جۆراجۆر و خاوەن سەنگێکی تایبەت لە ناو تەواوی ئەورووپادا، لەڕووی پیشەسازییەوە زۆر پێشکەوت بەهۆی پلانەكانی بوژاندنەوەی ساڵی ١٩٦٤ بووە هۆی پێشكەوتنی كەرتی ئابووری وڵات بەهۆی بەکارهێنانی پیشەسازییە كانزاییەكانی درووستكردنی ئۆتۆمبێل و کەشتی، ڕستن و چنین، بەرهەمهێنانی وزە بەتایەبت وزە نوێبووەکان، لەگەڵ چەندین هۆکاری تر بۆ بەرزکردنەوەی ئابووری وەک گەشتوگوزار، گرنگترین بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیشی کە بڕێکی زۆرن و دەینێرێتە دەرەوە بریتین لە (زەیتوون، ترێ، قامیشی شەکر، پرتەقاڵ، لیمۆ و چەندەها میوە و سەوزەی تر) ھەروەھا لە ڕووی سامانی ماسی و ئاژەڵەوە زۆر دەوڵەمەندە.

لەڕووی گواستنەوەوە زۆر پێشکەوتووە و گرنگی زۆری داوە بە ڕێگاوبان، لەگەڵ بوونی شەقامی باش بۆ گواستنەوە و کەشتییە گەورەکانی لەناو دەریا و زەریاکاندا، گرنگی زۆری داوە بە گواستنەوەکانی تر لەوانە لە شارەکانی (مەدرید، بەرشەلۆنە، بیلباو و ڤالێنسیا، ئیشبیلیە و مایۆرکا) ھێڵی ئاسنینی ژێر زەوی (میترۆ) یان ھەیە، ٤٠ شاری ئیسپانیا فڕۆکەخانەی تایبەت بەخۆی ھەیە، گرنگترین دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لەھەردوو شاری مەدرید و بەرشەلۆنە دایە، کە بە ١٠ لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا دەژمێردرێن.

ئیسپانیا بەچی دەناسرێتەوە

  • هەردوو یانە گەورەكەی جیهان (ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە).
  • فیستیڤاڵی تەماتە.
  • یاریكردن لەگەڵ گا سەرشێتەکان.


سەرچاوەکان



3210 بینین