بیلاڕووس

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-22-14:14:00 - کۆدی بابەت: 6671
بیلاڕووس

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی بیلاڕووس

وڵاتی بیلاڕووس (بەئینگلیزی: Belarus) کە بە شێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت کۆماری بیلاڕووس یاخوود زۆرکات بە ناوە مێژووییەکەی ناودەهێنرێت کە وڵاتی بیلاڕووسیایە، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە و یەکێکە لە وڵاتە داخراوەکان کە هیچ سنوورێکی دەریایی و زەریایی نییە، لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ وڵاتی ئۆکرانیادا، لە ڕۆژئاواوە سنووری هاوبەشی لەگەڵ پۆڵەندادا هەیە و هەرچی وڵاتانی لاتیڤیا و لیتوانیاشن دەکەونە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، ڕووبەری وڵاتەکە ٢٠٧ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زیاتر لە ٩ میلیۆن کەسی لێ دەژی، سییەمین گەورەترین وڵات و بیستەم قەرەباڵغترینە لەناو ئەورووپادا، شاری مینسک گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە و کۆی وڵات دابەشبووە بەسەر ٧ هەرێمی جیاوازدا.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات کۆماری بیلاڕووس
پایتەخت مینسک
زمانی فەرمی بیلاڕووسی، ڕووسی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  •  ٪٨٥ بیلاڕووسی
  • ٪٨ ڕووسی
  • ٪٣ پۆڵەندی
  • ٪١ ئۆکرانی
  • ٪٣ نەتەوەی تر
ئایین
  • ٪٥٥ مەسیحی
  • ٪٤١ بێ ئایین
  • ٪٣ ئایینەکانی تر
  • ٪١ نادیار
مێژووی وڵات ٩٨٧ ی زایین
سەربەخۆیی کۆمار ١٩١٨
بوون بە بەشێک لە یەکێتی سۆڤیەت ١٩٢٢
جیابوونەوە لە سۆڤیەت ٢٥/٨/١٩٩١
ڕووبەر ٢٠٧ هەزار و ٥٩٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٩,٣٤٩,٦٤٥ کەس
چڕی دانیشتووان ٤٦ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٥٧.٧٠٨ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک: ٦,١٣٣ دۆلار
دراو ڕۆبڵی بیلاڕووسی
کات UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٧٥

جوگرافیا

وڵاتی بیلاڕووس یان بیلاڕووسیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە، سنووری وشکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیا، ئۆکرانیا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیادا هەیە، ڕووبەری وڵاتەکە ٢٠٧ هەزار کیلۆمەترە و بەپێی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٩.٣ میلیۆن کەسی لێ دەژی، هەڵکەوتەی ئەم وڵاتە لە نێوان هێڵی درێژی ٢٣ بۆ ٣٣ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٥١ بۆ ٥٧ ی باکوورە، درێژبوونەوەی وڵاتەکە لە باکوورەوە بۆ باشوور ٥٠٦ کیلۆمەتر دەبێت، لە ڕۆژئاوەوە بۆ ڕۆژهەڵاتیش ٦٥٠ کیلۆمەتر دەبێت، وڵاتێکی داخراو و تەختە، نزیکەی ٪٤٠ ی وڵاتەکە دارستانە.

چەندین جۆگەی ئاو و دەریاچە لە وڵاتدا هەیە کە ژمارەیان دەگاتە ١١ هەزار دانە، سێ ڕووباری گرنگ بەم وڵاتەدا دەڕۆن کە ئەوانیش “نیمان” کە لە ناوەڕاستی بیلاڕووسەوە هەڵدەقووڵێت و بە چەند وڵاتێکی تردا دەڕوات، “پریپیات” کە لە ئۆکرانییەوە سەرچاوە دەگرێت و بەناو بیلاڕووسدا تێدەپەڕێت، سێیەم ڕووباریشی “دنیاپەر”ـە کە یەکێکە لە ڕووبارە گرنگەکانی سەرانسەری ئەورووپا و لە وڵاتی ڕووسیاوە هەڵدەقووڵێت و بەناو وڵاتانی بیلاڕووس و ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە دەریای ڕەشەوە، ئەم ڕووبارە درێژترین ڕووباری هەردوو وڵاتی بیلاڕوس و ئۆکرانیایە و چوارەم درێژترین ڕووباری کیشوەری ئەورووپایە لەدوای هەریەکە لە ڕووبارەکانی (ڤۆڵگا، دانووب، ئۆڕاڵ) ـەوە، بەرزترین لووتکەی وڵاتی بیلاڕووس ٣٤٥ مەتر بەرزە کە ئەمەش بەرزییەکی زۆر نییە و ئەوە دەسەلمێنێت کە وڵاتەکە بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزمە، نزمترین خاڵیشی لەسەر ڕووباری نیمانە کە ٩٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بە شێوەیەکی تێکڕا خاکەکانی وڵات ١٦٠ مەتر لە دەریاوە بەرزن، بەرهەمە سرووشتی و تایبەتمەندی خاکەکەی بریتیین لە (بوونی ڕێژەیەکی کەم نەوت و گازی سروشتی، گرانایت، بەردی بەنرخ، گڵ و لم و چەو، خاکی بەپیت و کشتووکاڵی، درووستکردنی کەلوپەل و کاغەز، ڕستن و چنین و درووستکردنی جلوبەرگ لەگەڵ کارگەی خۆراکدا) 

لە (کارەساتە ئەتۆمییەکەی چێرنۆبڵ)ـدا کە ٢٦/٤/١٩٨٦ ڕوویدا (کارەساتی تەقینەوەی کارگەیەکی گەورەی پیتاندنی یۆرانیۆم و درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ڕێژەیەکی زۆری خەڵک و بەجێهێشتنی کاریگەری خراپ لەسەریان بۆ چەندین نەوەی دواتر) ئەم کارەساتە لەناو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ناو وڵاتی ئۆکرانیای ئێستادا ڕوویدا، دوای زەرەرەکانی ئۆکرانیا ئەم وڵاتە دووەم زەرەرمەندترین وڵات بوو کە کاریگەری تەقینەوەکەی لەسەربوو و هەردووکیان ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدا بوون، کاریگەری تیشکدانەوەی تەقینەوەکە کاری کردە سەر پێنج ناوچەی سەرەکی لە وڵاتی بیلاڕووسیادا کە ئەوانیش دارستان و کێڵگە کشتووکاڵییەکانی باشووری وڵاتەکە بوون.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی بیلاڕووسیا کاریگەری دەریایی بەڵتیک و زەریای ئەتڵەسی لەسەرە و کەسێکی فێنکە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما بەپێی وەرزەکانی دەگۆڕێت، کەشێکی ساردە لە وەرزی زستاندا و هاوینی زۆر گەرم نییە، ئەم گەرمی و ساردییە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و بەپێی شوێنی جوگرافی وڵاتەکە و وەرزەکان دەگۆڕێت، نزمترین پلەکانی وڵات لە وەرزی زستاندا و لە مانگی کانوونی دووەمدایە (مانگی ١) کە پلەکانی گەرمی دەچنە ٤ پلە ژێر سفرەوە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای وڵات و ٨ پلەی ژێر سفر لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات و سنوورەکانی لەگەڵ ڕووسیادا، کەشی هاوینی مامناوەندە و شێ لە وڵاتەکەدا دەبینرێت و تێکڕای پلەکانی گەرمی لە وەرزی هاوین و مانگی تەمووزدا لە ١٨ پلەی سیلیزیدا دەبێت، ڕێژەی بارینی باران و بەفری ساڵانە دەگاتە ٥٥٠ بۆ ٧٠٠ میلیمەتر.


سەرچاوەکان



1226 بینین