دەریای سپی ناوەڕاست

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2021-09-23-16:03:00 - کۆدی بابەت: 6684
دەریای سپی ناوەڕاست

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای سپی ناوەڕاست

دەریای ناوەڕاست یان دەریای سپی ناوەڕاست (بە ئینگلیزی: Mediterranean Sea، بە عەرەبی: البحرالابيض المتوسط) دەریایەکە بەستراوە بە زەریای ئەتڵەسییەوە، بە ناوچە وشکانییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست دەورەدراوە و بە نزیکەیی بەتەواوی بە وشکانی دەورە دراوە لەلایەن خۆرئاوا و باشووری ئەورووپا و ئەناتۆلیا لە بەشی باکووری دەریاکه و لەلایەن باکووری ئەفەریقا لە بەشی باشووری دەریاکە، هەروەها لەلایەن شامەوە لە بەشی خۆرهەڵاتی دەریاکە، ئەم دەریایە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە مێژووی شارستانییەتی خۆرئاوادا، هەرچەندە هەندێکجار دەریای سپی ناوەڕاست وەکو بەشێک لە زەریای ئەتڵەسی دادەنرێت بەڵام زۆربەی کات وەکو بەشێکی سەرەکی جیاکەرەوەی ئاوی ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەڵگەیەکی زەویزانی ئەوە دیاریدەکات کە نزیکەی 5.9 میلیۆن ساڵ پێش ئێستا دەریای سپی ناوەڕاست لە زەریای ئەتڵەسی دابڕێنراوە و زیاتر لە 600,000 ساڵێک بەتەواوی وشکی کردووە لە ماوەی ڕوودانی "Messinian" دا نزیکی 5.3 میلیۆن ساڵ پێش ئێستا پێش ئەوەی لەلایەن لافاوەکەی "زانکلی" پڕبکرێتەوه.

ڕووبەری ڕووی دەریای سپی ناوەڕاست نزیکەی 2,500,000 کیلۆمەتر دووجایە و تێکڕای قوڵیەکەی 1,500 مەترە و ئەوپەڕی قوڵیەکەی 5,267 مەترە، قەبارەی ئاوی دەریاکە 3,750,000 کیلۆمەتر سێجایه.

دەریای سپی ناوەڕاست لە زەمانی زووەوە ڕێگایەکی گرنگ بووە بۆ بازرگانان و گەشتیاران، ئەم دەریایە ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانی و کلتووری دەکات لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا، هەروەها مێژووی ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست زۆر گرنگه بۆ تێگەیشتن لە نەتەوەکان و گەشەسەندنی زۆربەی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان، ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بۆ ماوەی چەند سەدەیەک درێژەی بە دەسەڵاتەکانی بەسەر دەریاکەدادا.

زانستی دەریازانی

بوونی دەریای سپی ناوەڕاست وەکو دەریایەکی نیمچە ناوەکی کاریگەری لەسەر چەند حاڵەتێک هەیە، بۆ نموونە، بەهۆی ڕێڕەوە باریکە پەیوەندیدارەکەی لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا هەڵکشان و داکشانی دەریاکە زۆر سنوردارە، هەروەها یەکێک لە خاسیەتەکانی دەریای سپی ناوەڕاست کە ڕاستەوخۆ پێی دەناسرێتەوە ڕەنگی ئاوەکەیەتی کە ڕەنگی شینی تۆخ دەنووێنێت.

لەم دەریادا بەزۆری کرداری بە هەڵمبوون زاڵە بەسەر کرداری نیشاندن و بڕی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە ناو ڕووبارەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە زۆرجار ئاوی بارانه، بە پشت بەستن بەو ڕاستییەی کە ناوەندی سووڕانەوەی ئاوە لەنێو ناوچە وشکانییەکانی چواردەوری دەریاکەدا، کردار بە هەڵمبوون بەتایبەتی لە بەشی خۆرهەڵاتی دەریاکەدا ڕێژەکەی بەرزە و هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە و زیادبوونی سوێریەکەیەتی، ڕێژەی سوێریەتی لەناو حەوزەکەدا و لە قوڵی 5 مەتردا 38PSU، هەروەها پلەی گەرمی ئاوی قوڵترین شوێنی دەریای سپی ناوەڕاست 13.2 پلەی سیلیزییە.

گۆڕانی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستدا

بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست ماوەیەکی کەم نیشتەجێی دەریاکەیە و بە ناوچەیەکی گەرم و وشک دانراوه، پلەکانی گەرمی ئاوی قوڵایی دەریاکه بە ڕێژەی 0.12 پلەی سیلیزی زیادیکردووە لە ساڵەکانی نێوان 1959 بۆ 1989، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەشێت دەریای سپی ناوەڕاست گەرمتر بێت، کەمبوونەوەی نیشاندن دەکرێت ببێتە هۆی بە هەڵمبوونی زیاتر بەمەش لە کۆتاییدا ڕێژەی سوێرییەتی دەریاکە زیاد دەکات، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕێژەی سوێرییەتی ئاوەکەیەوە دەشێت دەریای سپی ناوەڕاست لە کۆتایی سەدەی 21دا زۆر چین چینتر ببێت بەهۆی ئەو پەرچەکردارە دیارانەی کە لەسەر سووڕانەوەی ئاو و ئەو لێکۆڵینەوە زانستییەی کە لەسەر زیندەوەران و توخمە کیمییایەکان کراوە.

دوورگەکانی دەریای سپی ناوەڕاست

  • دوورگەکانی "قوبرس، کریت، یوبەوەیا، رودوس، لێسبۆس، شیوس"کایۆس، کەفەڵۆنیا، کورفو، لیمنۆس، سامۆس، ناکسۆس و ئەندروس" لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.
  • دوورگەکانی "سیسلی، کریس، کیرک، براک، هڤار، پاگ، کۆرکیولا و ماڵتا" لە ناوەندی دەریای سپی ناوەڕاست.
  • دوورگەکانی "ساردینیا، کۆرسیکا و دورگەکانی باڵیاریک: ئیبیزا، مایۆرکا و مینۆ‌رکا" لە خۆرئاوای دەریاکەن.

ناوی دەریای سپی ناوەڕاست لە چییەوە هاتووە؟

بنچینەی ناوی دەریاکە دەشێت لەوەوە هاتبێت کە "دەریاکە کەوتۆتە ناوەندی زەوییەوە" نەک ئەوەی "دەریاکە چواردەوری گیراوە بە وشکانی"، هەروەها ئێرانییەکان لە کۆندا وەک لە دەقە کلاسیکییەکاندا هاتووە بەم دەریایان وتووە "دەریای ڕۆم" کە دەشێت بنچینەکەی لەو زمانانەوە هاتبێت کە فۆرمی کلاسیکی فارسی هاوچەرخن، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند تێکستێکی تردا بە ناوەکانی "دەریای شام" و "دەریای خۆرئاوا" و "دەریای سوری" هاتوون، هەروەها لە زمانی عەرەبیدا پێی دەگووترێت "البحر الابیض المتوسط"، ناوێکی تری ئەم دەریایە "دەریای فەڵەستینی کۆنە" کە لەلایەن ئەو دانیشتوانانەوە ناونراوە کە لە بەشێکی گەورەی کەناری دەریاکەدا ژیاون لە نزیکی جولەکەکان، یەکێکی تر لە ناوەکانی ئەم دەریایە "دەریای ناوەڕاست" کە یەهودیە هاوچەرخەکان پێیان گووتووە "HaYam HaTikhon".


سەرچاوەکان



2670 بینین