سەلیم بەرەکات

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-29-11:25:00 - کۆدی بابەت: 6749
سەلیم بەرەکات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

سەلیم بەرەکات (بە عەرەبی: سلیم برکات) ڕۆماننووس و شاعیری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 1951 لە شاری قامیشلۆی باکووری سوریا لەدایکبووە، سەرەتای قۆناغەکانی منداڵی و تەمەنی لاوی لە قامیشلۆ بەسەر بردوە، تێیدا فێری کولتوور و دابوونەریتی کوردی بووە و هەروەها کلتورەکانی وەکوو ئاشوری و ئەرمەنی کە بە هەمانشێوە لە ناوچەکەی بوونیان هەبووە کاریگەریان هەبووە لەسەر بەرەکات، بۆ خوێندنی زانکۆ لە ساڵی 1970 چووەتە شاری دیمەشقی پایتەخت و بۆ ماوەی ساڵێك بەشی زمانی عەرەبی خوێندووە، بەڵام خوێندنەکەی تەواو نەکردووە و ساڵێك دواتر کۆچی کردووە بۆ وڵاتی لوبنان و لە بەیروتی پایتەخت نیشتەجێ بووە، لەوێ پێنج دیوانی شیعری نووسیوەتەوە، پاشان لە ساڵی 1982 چووەتە وڵاتی قوربرس، کاری سەرنووسەری بۆ ڕۆژنامەی "کارمێلی فەلەستینی" کردووە، کە لەو کاتەدا مەحمود دەروێش سەرنووسەری سەرەکی ڕۆژنامەکە بووە، هەروەها لەوماوەیەدا حەوت کتێبی ڕۆمان و پێنج دیوانی شیعری بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی 1999 کۆچی کردووە بۆ وڵاتی سوید تاکوو ئێستا هەر دانیشتووی ئەو وڵاتەیە و لە دارستانەکانی شاری ستۆکهۆڵم دوور لە جەنجاڵی شار دەژێت.

تایبەتمەندی بەرهەمەکانی

سەلیم بەرەکات چەندین کۆکراوەی شیعری و کتێبی ڕۆمانی بڵاوکردۆتەوە، بەرهەمەکانی بە گشتی تیشک دەخاتە سەر دەرخستنی لایەنە جیاوازەکانی کولتوور و دابونەریتی نەتەوەکانی کورد و ئەرمەنی و عەرەب و ئاشوری و کلتورەکانی تر کە لە باکوری سوریا ئەم نەتەوانە بوونیان هەیە، هەموو بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبییە و بەشێکی زۆریان گوزارشت لە مێژووی گەلی کورد و مەینەتییەکانیان دەکات، شێوازی نووسینی کلاسیکی هاوچەرخە و زۆر بە قووڵی و بە زمانێکی زۆر چڕ و ئاڵۆزەوە دەنووسێت لە وشەسازی و ڕێزمانی عەرەبیدا زۆر بەتوانایە هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرهەمەکانی ناوازەتر کردووە، یەکەمین بەرهەمی کۆمەڵە شیعری لە تەمەنی 22 ساڵی بڵاوکردوەتەوە لە ژێر ناونیشانی "هەموان لە ناوەوە و دەرەوە ستایشم دەکەن -  كل داخل سيهتف لأجلي وكل خارج أيضا" ئەم کتێبە شیعرییە وەکوو یەکەم بەرهەمی زۆر ناوداری کرد و کارێکی زۆر ناوازە بوو بۆ ئەو سەردەمە، لە ساڵی 2020 بەربژێری خەڵاتی "بۆکەری عەرەبی" بوو، بۆ ڕۆمانی ماذا عن السيدة اليهودية راحيل؟ - چی دەربارەی خانمە جووەکە ڕاحیل؟" بەڵام بەخت یاوەری نەبوو، نەیتوانی ببێتە خاوەنی ئەم خەڵاتە.

پێگەی سەلیم بەرەکات لە نێوان نووسەرانی جیهاندا

سەلیم بەرەکات پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە نێو نووسەر و شاعیرانی هاوچەرخی عەرەبی و جیهاندا گرنگترینیان:

ـ مەحموود دەروێش شاعیری ناوداری فەڵەستینی هەمیشە ستایشی کردووە، شیعرێکی تایبەتی هەیە کە باس لە کوردان دەکات بە ناوی "ليس للكردي إلا الريح" ئەم شیعرە مەبەستی لە سەلیم بەرەکات بووە و بە هۆی ئەوەوە نووسیوێتی، هەروەها مەحموود دەروێش لە گفتوگۆیەکی ئەدەبی نێوانیان بە سەرسامییەوە لە بەرەکاتی پرسیوە: "سەرچاوەی ئەم زمانە پاراوەی نووسینت چییە و خەیاڵت لە کوێوە سەرچاوە دەگریت؟

ـ ئەدۆنیس شاعیری ناوداری سوری ستایشی سەلیم بەرەکاتی کردووە و وتوویەتی " کلیلەکانی زمانی عەرەبی لەلای ئەم نووسەرە کوردەیە".

ـ خوان غوێتيسۆلۆ نووسەر و وەرگێڕی ناوداری ئیسپانی، زۆر سەرسام بووە بە شێوازی نووسینی بەرەکات و پێی وابووە بەهرەیەکی ناوازەی هەیە لە نووسین و وێناکردنی شتەکان، نووسینەکانی وەسف کردووە بەوەی کە تێکەڵەیەکن لە ڕاستی و خەیاڵ.

گرنگترین بەرهەمەکانی

زیاتر لە 50 بەرهەمی پێشکەش کردووە کە بریتین لە دوو بەرگ لە کتێبی یاداشتەکانی، و 21 دیوانە شیعری و 22 کتێبی ڕۆمان و چەند کتێبێکی زانستی و چەندان  بابەت وتار و پەخشان و کتێبی منداڵانی هەیە گرنگترینیان:

ـ دیوانی هەموان لە ناوەوە و دەرەوە ستایشم دەکەن - كل داخل سيهتف لأجلي وكل خارج أيض 1973
ـ دیوانی هكذا أبعثر موسيسانا - بەم شێوەیە مۆسیسانا ون بوو 1975
ـ کتێبی مناڵان نرجس - نێرگز 1975
ـ یاداشتنامەی كنيسة المحارب - کڵێسایەکی جەنگاوەر 1976
ـ کتێبی مناڵان النوم - نووستن 1980
ـ ڕۆمانی أرواح هندسية - ڕوحە ئەندازەییەکان 1987
ـ ڕۆمانی حورية الماء وبناتها - پەری دەریا و کچەکانی 2013
ـ ڕۆمانی أقاليم الجن - هەرێمەکانی جنۆکە 2016
ـ ڕۆمانی سبايا سنجار - کەنیزەکەکانی شەنگال 2016
ـ ڕۆمانی ماذا عن السيدة اليهودية راحيل؟ - چی دەربارەی خانمە جووەکە ڕاحیل؟ 2019
ـ کتێبی حنينن كالهندسة - تامەزرۆم وەکوو ئەندازە 2020
ـ ڕۆمانی ميدوسا لا تسرّح شعرها - میدۆسا پرچی داناهێنێت2021 


سەرچاوەکان



932 بینین