چەند ئامۆژگارییەک بۆ زانستخوازان

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-09-21:45:00 - کۆدی بابەت: 7143
چەند ئامۆژگارییەک بۆ زانستخوازان

ناوه‌ڕۆك

ئامۆژگاری

ئەم ئامۆژگارییانە پێشکەشە بە قوتابیانی قورئان و زانستخوازان بە تایبەتی و گەنجان بە گشتی:-

  1. هەمیشە نیەتت پاک بێت لە هەموو ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەیت، لەبەر ئەوەی ئیخلاص بۆ خوای گەورە نهێنی سەرکەوتنی هەموو کارێکە و خوای گەورە پاڵپشت و یاوەرت دەبێت، پێغەمبەر ـیش دەفەرموێت: بەڕاستی هەموو کار و کردەوەیەک بە نیەتەوە ئەنجام دەدەرێت.
  2. ئاگاداری تاوان بە بە هەموو جۆرەکانیەوە و خۆت لێی بپارێزە بەتایبەت ئەو تاوانانەی کە بە چاو و گوێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی دوو دەرچەی زۆر ترسناکن، دڵیش وەک حەوزێک وایە، ئەگەر چاو و گوێ چاکیان وەرگرت ئەوە دڵیش باش دەبێت و حەوزەکە ئاوەکەی پاک دەبێت، بەڵام ئەگەر پەنا بە خوای گەورە خراپی وەرگرت ئەوە دڵیش خراپ دەبێت و حەوزەکە ئاوەکەی پیس دەبێت، وە لەم ڕوانگەشەوە ئایەت و فەرموودەی زۆر هاتووە.
  3. هاوڕێی چاک بکە بە هاوسەفەرت، هاوڕێیەکی چاکی لە خواترسی باوەڕدار کە هانت بدات بۆ لەبەرکردنی قورئان و فێربوونی زانست و زانیاری بەسوود و خووڕەوشتە باڵاکان، ئەگەر بینیت برادەرەکەت خاوە خاو دەکات و تەمبەڵی دەنوێنێت ئەوە تۆ دەستی بگرە بۆ کاری خێر، ئەگەر هەر زۆر سوور بوو لەسەر تەمبەڵیەکەی ئەوکات وازی لێبێنە، لەبەر ئەوەی ئەو تەمبەڵییە بۆ تۆ نەگوازێتەوە، لە هەمان کاتدا دووعای خێری بۆ بکە بە پەنهانی و بگەڕێ بە شوێن هاوڕێیەکی هیممەت بەرز و سوور لەسەر فێربوونی زانست و زانیاری.
  4. ئاگاداربە، نەکەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و دراما و ئەڵقەکان بکەیتە پیشەت، لەبەر ئەوەی ئەوانە قورئان و زانست و زانیاری لە دڵدا هەڵدەگرن و لە جێیدا حەز و ئارەزووی خراپ دەچێنن، پاشان دوای ماوەیەک دڵت ڕەش هەڵدەگەڕێت، بە جۆرێک کە نە سوود لە پەند و ئامۆژگارییەکان وەردەگریت، نە دڵت نەرم دەبێت بۆ ئایەتەکانی خوای گەورە، بەڵکو حەز و ئارەزووە خراپەکان دەبنە پاشا و دەسەڵاتداری دڵ و بیر و هۆشت، شەیتانەکانیش وەسوەسە و گومانت بۆ دروست دەکەن، بەو جۆرە وات لێدێت کە تام و چێژ لە نوێژەکانت نابینی و خشووعی تێدا بەدی ناکرێت، وە دڵت لە مزگەوتەکاندا ئارام ناگرێت، وە هاوڕێی خراپت زۆر بۆ پەیدا دەبێت کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانن.
  5. ئاگاداربە لە خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و کتێبانەی کە وێنەی خراپیان تێدا بڵاو دەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕەوشت خراپ دەکەن و گەنجان تەفر و توونا دەکەن، بە هیچ جۆرێک توخنیان نەکەویت تەنانەت بە بیانووی ڕۆشنبیر بوونیش، چونکە ئەوە کار و پیشەی تۆ نییە، بەڵکو کار و پیشەی تۆ پێداچوونەوەی قورئان و لەبەرکردنی و لێتێگەیشتنی و کارپێکردن و فێربوونی زانست و زانیارییە.
  6. هەمیشە بە گەورەیی بیر بکەرەوە و دوور بکەوە لە هەر خەیاڵ و بیرکردنەوەیەکی پڕوپووچ.
  7. هەوڵ بدە بەرنامەیەکی تەندروستی ڕۆژانەت هەبێت بۆ ئەوەی جەستەت بەهێز بکەیت، وەک وەرزشی سویدی، یا بەرزکردنەوەی قورسایی، یا هەندێک ڕاهێنانی بەسوود و ئاسان، یا مەلەکردن (بە مەرجی ڕێنماییە شەرعیەکان)، وە بەو جۆرەی کە ئەو وەرزشە نەبێتە هەموو ئیش و کارت، لە یەک کاتژمێر زیاتری بۆ دامەنێ لە ڕۆژێکدا.
  8. هەرکاتێک بەشداریت کرد لە یانەیەکی وەرزشیدا ئەوە لە ناسنامە و کەسایەتی ئەو کەسانەی کە هەڵساون بەکارەکە ئاگاداربەرەوە، بزانە کە ئایا بیرکردنەوەیان ئیسلامییە یاخود نا، هەروەها  لە ڕەوشت و ئاکاری ئیسلامی ڕاهێنەرەکان ئاگادار ببەرەوە.
  9. ئاگاداری یاریەکانی (شەتڕەنج و دامە و دۆمینە و کۆتشینا و ئونۆ و هتد..) بە لە یارییە وەرەقەکان بەتایبەتی، تۆ لە دەستە و تاقمی قورئانیت، لەو یاریە بێسوودانە بەرزتر و گەورەتریت.
  10. ئاگاداری هەموو خولەکەکانی ژیانت بە و حسابی بۆ بکە، لە کوێ بەسەری دەبەیت، لە چیدا بەسەری دەبەیت، وە لەگەڵ کێدا بەسەری دەبەیت، لەبەر ئەوەی کاتی باوەڕدار لە زێر بەنرخترە، لەبەر ئەوەی هەر ئەو کاتەیە کە دەتوانین بەهەشتی پێ بکڕین کە پانتاییەکەی هێندەی ئاسمانەکان و زەوییەکان دەبێت.
  11. پرس بە کەسانی شارەزا بکە لە هەڵبژاردن و خویندنەوەی کتێبەکاندا، وە خۆت بپارێزە لە خوێندنەوەی کتێبە ڕۆمانسییەکان و چیرۆکەکانی خۆشەویستی، یا کتێبی مەتەڵە پۆلیسییەکان، لەبەر ئەوەی ئەوانە کتێبانێکن کە لە کۆمەڵگەیەکەوە هاتوون کە بەها باڵاکانی ئیسلامی تێدا لاوازە.
  12. هەموو گەنجیک توانایەکی بەهێزی لەبەرکردنی هەیە، هەر بۆیە ئەم توانایەت لە لەبەرکردنی قورئاندا بەکار بهێنە، کاتێک لە لەبەرکردنی قورئان تەواو بوویت ڕووبکەرە مەتنە شەرعییەکان و لەبەرکردنیان، وەک مەتنی (جەزەری و بەیقوونی و ڕەحەبی و ئەلفیەی ئیبن مالیک و هتد..) کە ئەم مەتنانە بناغەی سەرەکین بۆ دروستکردنی کەسایەتی زانستی تۆ، پاشان بیرت نەچێت ڕووبکەیتە تەفسیری قورئانی پیرۆز وە زانستی فەرموودە و فیقهـ و بنچینەکانی و سیرەی پێغەمبەری خۆشەویستمان و مێژووی ئیسلامی، خوێندنی ئەم کتێبانەش با لەلای زانا بەڕێزەکان بێت، وا پێویست دەکات کە لەبەرکارانی قورئان خاوەنی ڕۆشنبیریەکی زۆر باش بن و لە بواری زانستە شەرعیەکاندا زۆر باش و لێهاتوو بن.
  13. لەگەڵ دایک و باوکتدا چاک بە و ئاگاداربە بێتاقەت و عاجزیان نەکەیت و ئازاریان نەدەیت، لەبەر ئەوەی دووعای خێری دایک و باوک بۆت کاریگەریەکی گەورەی دەبێت لەسەرت.
  14. ئاگاداری تەنیایی بە خۆت بە تەنیا لە ژوورەکەتدا، خۆت بە کارێکی باشەوە سەرقاڵ بکە و هەوڵدە هەرگیز بەتاڵ نەبیت، پێویستە کاتەکانت ڕێک بکەیت بۆ ئەوەی نەڵێیت کە دەست بەتاڵم، لەبەر ئەوەی دەست بەتاڵی گەنجان لەناو دەبات، هەمیشە بیر بکەرەوە کە خۆت بە شتێکی باش و سوودبەخش بۆ دنیا و دواڕۆژت سەرقاڵ بکەیت، کاتێک زانیت دەستت بەتاڵە هەوڵ بدە لەو تەنیاییە دەربچیت و بچۆ بۆلای مامۆستا و شێخەکەت، یا بۆ لای هەر مامۆستایەکی تر کە خاوەن تەقوا و چاکەخوازی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەو کەسە بەڕێزانە وەربگریت.
  15. کاتێک خۆت بەتەنیا بوویت لە ژوورەکەتدا یا لە هەر شوێنێکی تردا ئاگاداربە کارێک نەکەیت کە بۆ جەستەت ناتەندروست بێت، ئاگاداربە مێشک و بیر و هۆشت بە شتی بێسوودەوە سەرقاڵ مەکە، ئەوەشت لەبیر بێت هەمیشە کە خوای گەورە ئاگادارتە لەوەی دەیکەیت، فریشتە بەڕێزەکانیش کار و کردەوەکانت تۆمار دەکەن، لەبیرت بێت ئەو دەستەی کە خوای گەورە پێی داویت لە خێر و کاری چاکەدا بەکاری بهێنە، چونکە ڕۆژی دوایی دێتە گۆ و قسە دەکات دەربارەی ئەوەی پێیت کردووە.
  16. ئاگاداربە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دامەنیشە کە باوەشیان کردووە بە دونیادا و هەموو خەمێکیان تەنیا و تەنیا دونیایە.
  17. ئاگاداری دڵ و نیەتەکانت بە بەرامبەر برا و خوشکە باوەڕدارەکانت و هەرگیز گومانی خراپیان پێمەبە.
  18. شەوان پێش خەوتن لە خۆت بپرسە ئایا تا ئێستە چیم پێشکەش بە ئیسلام کردووە، وە ئایا لەمەودوا چی پێشکەش بکەم.
  19. با دەفتەرێکی تێبینیت هەبێت لەلای سەرتەوە دایبنێ بۆ ئەوەی ڕۆژانە گرنگترین ئەو شتانەی کە بەسەرتدا هاتوون تۆماری بکەیت، وە ئەو سوودانەی کە لە بابەتێکدا فێری بوویت و ئەو پلان و پڕۆژانەی کە بەتەمای بیانکەیت.
  20. هەوڵ بدە ڕۆژانە بەشێکی باش خوێندنەوەت هەبێت لەو کتێبانەدا کە مامۆستا دڵسۆزەکانت بۆیان پێشنیار کردویت، هەوڵ بدە بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە 50 لاپەڕە بخوێنیتەوە.
  21. ڕۆژانە پانتاییەکی زۆر باش دابنێ بۆ زیکر کردنی خوای گەورە، بۆ نموونە زۆر وتنی وشەی تەوحید (لا إله إلا الله محمد رسول الله) و سەڵەواتدان لەسەر پێغەمبەر و زۆر داوای لێخۆشبوون کردن لە خوای گەورە و هتد..، ئای چەندە گەورە و گرنگە کە بە زیکر و یادی خوای گەورە کۆتایی بە ڕۆژەکەت بهێنیت.


سەرچاوەکان



774 بینین