خنکان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-17-20:35:00 - کۆدی بابەت: 7204
خنکان

ناوه‌ڕۆك

خنکان چییە؟

کاتێک لەش بە تەواوی ئۆکسجینی پێ ناگات خنکان ڕوودەدات و دەبێتە حاڵەتێکی مەترسیدار بۆ سەر لەش، لە سەرەتای هەناسەداندا بەشێوەیەکی ئاسایی ئۆکسجین وەردەگرین ئینجا سییەکان دەیگەیەنن بە خوێن، ئەوانیش بە شانەکانی دەگەیەنن، پاشان لەش بەکاریدێنێ بۆ دروستکردنی وزە، ئەگەر پچڕانێک لە کرداری هەناسەدانی ناوەوە و دەرەوە ڕووبدات ئەوا دوانۆکسیدی کاربۆن کەڵەکە دەبێت و مەترسی بۆ سەر گیانی کەسەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی مردن.

خنکانی فیزیایی

یەکێکە لە جۆرەکانی خنکان کە خنکانی میکانیکی یاخود فیزیاییشی پێدەوترێت، ئەم جۆرە لە خنکان کاتێک ڕوودەدات کە هێزێک یان زەبرێک کرداری هەناسەدان ڕابگرێت، هۆکارگەلی زۆر هەن کە دەبنە هۆی خنکانی میکانیکی وەک:

 ⁃ نکەنک: خواردن یان تەنی نامۆ بە بۆری هەواوە دەنوسێت یان دایدەخات و ناهێڵێت هەوا بچێت بۆ سییەکان، کەسانی بەساڵاچوو مەترسی خنکانیان بەهۆی نکەنکەوە زیاترە، بەتایبەت ئەوانەی کە بەتەنها دەژین هەروەها ئەوانەی کێشەی قوتدانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵانی تازە لەدایکبووش لەبەردەم ئەو مەترسیەدان چونکە منداڵان زیاتر شت بەرەو دەمیان دەبەن.

 ⁃ شلەمەنی: ئەمەش جیاوازە لە نکەنک، کاتێک خواردن یان خواردنەوەیەک دەچێتە ڕێڕەوێکی هەڵەوە بەرەو ڕێڕەوی هەوا یاخود سییەکان دەچێت و هەوای تێدا قەتیس دەکات، نقومبوون باوترین جۆری خنکانە بەهۆی شلەوە.

 ⁃ خنکاندن: کاتێک تەنێک بە قورسی ڕوخسار دادەپۆشێت یان ڕێگری لە جووڵەی قەفەزەی سنگ دەکات ئەوا کرداری هەناسەدان ڕادەگرێت، زۆرجار لەلایەن کەسێکەوە بەرامبەر کەسێکی تر ئەنجام دەدرێت، دەشێت لە شوێنی داخراویشدا هەمان جۆر ڕوو بداتەوە.

خنکان بەهۆی ئامرازێکی بەستنەوە (پەتێکەوە): هاوشێوەی جۆرەکانی دیکە، پەتەکە ڕێگردەبێت لە چوونی هەوا بۆ سییەکان و دایدەخات.

- دەرمان: ئارامکەرەوەکان (opioids) کاریگەری دەخەنەسەر کرداری ئاڵوگۆڕی هەوا، کاتێک بڕێکی زۆر لە دەرمانەکە وەردەگیرێت ئەوا هەناسەدان خاو دەکاتەوە بۆ ئاستێک کە زۆر کەمترە لە بڕی پێویست و لەش ئۆکسجینی تەواو وەرناگرێت.
خنکان لەکاتی لەدایکبووندا: هەندێکجار کۆرپەلە لە سکی دایکیدا بڕی پێویستی ئۆکسجینی بۆ ناچێت ئەمەش بەهۆی کەمی ئۆکسجین لە خوێنی دایکەکە یان گرفتی وێڵاشەوەیە، لەکاتی لەدایکبوونیشدا بەهەمان شێوە تووشی کورتهێنان لە ئۆکسجین دەبێتەوە بەهۆی گرفتی ناوکەپەتکەوە یاخود دواکەوتنی ماوەی ئاسایی کرداری لەدایکبوون.

- گەشکە: لەوانەیە ببێتە هۆی خنکان بە چەند ڕێگایەک وەکو لە پڕ ڕاگرتنی هەناسە و کەمکردنەوەی ئۆکسجین بۆ ئاستێکی مەترسیدار، هەروەها لەکاتی گەشکدا لەوانەیە لەش بچێتە بارێک کە ڕێڕەوی هەناسە دابخات، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشی یان تێکچوونەکان وەکو تەممەڵی دڵ و شکانی مل و وەڵامدانەوەی بەرگری لەش بۆ حاڵەتە هەستییارییەکان کە دەبێتە هۆی ئاوسان و داخستنی ڕێڕەوی هەوا، هۆکارە بۆ ڕوودانی خنکانی فیزیایی.

- ماددەی کیمیایی: لەم جۆرەدا ماددەیەکی کیمیایی ڕێگری دەکات لە گەیشتنی ئۆکسجین بە خانەکانی لەش، هەندێک لەو ماددە کیمیاییانەی دەبنە هۆی خنکان:

  • یەکەئۆکسیدی کاربۆن: گازێکی بێ ڕەنگ و بۆنە و لە سووتانی هەندێک ماددەی دیکەوە دروست دەبێت، ئەگەر هاتوو بڕێکی زۆر لەم گازە هەڵبمژرێت کەڵەکەبوونی گازەکە ڕوودەدات لە لەشدا و جێگای ئۆکسجین دەگرێتەوە لە خوێندا.
    سیانید: ڕێگەدەگرێت لە ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین بۆ ناو خانەکان، لەکاتی هەڵمژینی دووکەڵدا مەترسی ژەهراویبوون بەم گازە زیاد دەکات بۆ نموونە کارکردن لە کارگەیەکدا (بەتایبەت کارگەی ئاسن) یاخود هەڵگرتنەوەی مین.
  •  گۆگردی هایدرۆجین: بۆنی ئەم گازە هاوشێوەی بۆنی هێلکەی کوڵاوە و لەم شتانەوە دروست دەبێت (پەینی کیمیایی،  سپرینگی گەرمی گۆگردی، زێراب، گازی سروشتی).


سەرچاوەکان



1783 بینین