گرووپی ٢٠

له‌لایه‌ن: - دڵگەش حەسەن - به‌روار: 2021-11-19-13:42:00 - کۆدی بابەت: 7215
گرووپی ٢٠

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرووپی ٢٠ یان بیست ئابووری گەورە (بە ئینگلیزی: G20)، گرووپێکه‌ لە کۆمەڵێک وەزیری ئابووری و دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکە ناوەندییەکانی بیست وڵاتی جیھان پێکهاتووە. كۆڕبه‌ندێكی ساڵانه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و‌ سه‌ره‌كیترین ئابوورییه‌كانی جیهان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه کە لە ١٩ وڵات و یەکێتی ئەورووپا پێکهاتوون.

مێژووی دامه‌زراندن

گرووپی ٢٠ له‌ ١٩٩٩/٩/٢٦ دامه‌زراوە، سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاردانه‌وه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كاره‌ساته‌ ئابوورییه‌كانی كۆتاییه‌كانی نەوەدەکان، ئه‌م گرووپه‌ له‌ درێژكراوه‌ی كاره‌كانی گرووپی ٧ـە و دواتر ئه‌و وڵاتانه‌شی بۆ زیادكرا كه‌ پێشتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی گفتوگۆ جیهانییه‌كان هێڵرابوونه‌وه‌. كۆڕبه‌نده‌كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌دوای ساڵی ١٩٩٩وه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

به‌شداربووان

ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ زیاتر له‌ ٪؜٨٠ی سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌ نێوخۆییه‌كانی جیهان، ٪؜٧٥ی بازرگانی جیهانی و ٪؜٦٠ی دانیشتوانی هه‌ساره‌كه‌ پێكده‌هێنن. ئه‌ندامێتی گرووپه‌كه‌ ١٩ وڵات ده‌گرێته‌وه‌ (ئه‌رجه‌نتین، ئوستڕالیا، به‌ڕازیل، كه‌نه‌دا، چین، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، مه‌كسیك، ڕووسیا، سعوودیه‌، ئه‌فریقای باشوور، كۆریای باشوور، توركیا، به‌ڕیتانیا، و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا) له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا،
له‌ ئێستادا ئیسپانیاش بانگهێشت كراوه‌ وه‌ك میوانێكی هه‌میشه‌یی. هه‌ر ساڵێك، سه‌رۆكایه‌تی كۆڕبه‌نده‌كه‌ وڵاتێك وه‌ك میوان بانگهێشت ده‌كات، كه‌ هه‌موو به‌شی ئه‌رك و ڕاهێنانه‌كانی گرووپی ٢٠ هاوشێوه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام وه‌رده‌گرێت. چه‌نده‌ها ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیش به‌شداری ده‌كه‌ن و نوێنه‌رایه‌تییه‌كی فراوانتر به‌ كۆڕه‌به‌نده‌كه‌ ده‌به‌خشن.
وڵاته‌كان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێن له‌لایه‌ن وه‌زیری دارایی و فه‌رمانداری بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كانه‌وه‌، له‌ كاتێكدا، كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپی‌ و دیوانی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت‌‌. هه‌روه‌ها، بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تیش به‌شداری كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌كه‌ن.

دیداره‌كان

كاریگه‌ریه‌ ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م دانوستان و گفتوگۆیانه،‌ هۆكاری گه‌شه‌سه‌ندنی بنه‌ڕه‌تی گرووپی ٢٠ن. دیداره‌كان ساڵانه‌ ده‌به‌سترێن، وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ دیداره‌كانی لوتكه (كه‌ ئه‌و دیدار و گفتوگۆیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك یاخود سه‌رۆك وه‌زیرانی ٢٠ وڵاتی ئه‌ندام ئاماده‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌بن)‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ئه‌ندامه‌كان میوانداری ده‌كرێت و سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌‌‌ له‌ بارێكی له‌ناكاودا دیداری لوتكه‌ ببه‌سترێت؛ به‌ نموونه‌، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠٠٨ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخی ترسناكی ئه‌و كاته‌ی بۆرسه‌ كۆبووه‌وه‌. دیدارێكی تری به‌په‌له‌ بۆ لوتكه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام سازكرا له‌ دوای ڕووداوی هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی پاریس له‌ ساڵی ٢٠١٥.
پرسه‌كانی تر كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌وه‌ دیاریكراون پێكهاتوون له‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، ڕوونی باج، نایه‌كسانی ئابووری، نوێكردنه‌وه‌ی ووزه‌، و گه‌شه‌سه‌ندنی پشتگیریكراو.

چۆنییه‌تی كاركردن

گرووپی ٢٠ سكرتاریه‌تێكی هه‌میشه‌یی نییه‌، كارنامه‌ و چالاكییه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ جێگیرده‌كرێت كه‌ له‌و ساڵه‌دا سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رپه‌رشتیاری كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌كات، به‌ هاوكاری ئه‌ندامانی دیكه‌ی گرووپه‌كه‌.


سەرچاوەکان



1201 بینین