دارستانی ڕەش

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-19-23:45:00 - کۆدی بابەت: 7226
دارستانی ڕەش

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی ڕەش

دارستانی ڕەش بە ئینگلیزی (Black Forest) و بە ئەڵمانی (Schwarzwald)، زنجیرە چیایەکی دارستانی گەورەیە لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی ئەڵمانیا، لە شاری بادن ورتمبێرگ، لە ڕۆژئاوا و باشوورەوە لەگەڵ دۆڵی ڕاین هاوسنوورە و نزیکی سنوورەکانی فەرەنسا و سویسرایە، ئەم دارستانە سەرچاوەی ڕووبارەکانی دانووب و نێکارە، هەروەها درێژی دارستانی ڕەش 160 کیلۆمەترە و ڕووبەری ڕووەکەی 6000 کیلۆمەتر دووجایە, وە بەرزییەکەشی 1,493 مەترە، بەرزترین لوتکە فێڵدبێرگە بەرزییەکەی 1493 مەتر و (4,898 پێ)یە, ناوی دارستانی ڕەش لە ڕەنگی ڕەشی ژمارەیەکی زۆر لەو دار سنەوبەرانەوە دێت کە لەم ناوچەیەدا گەشە دەکەن، هەروەها شیرینی گاتۆ لەم ناوچەیەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دارستانەکە زیاتر لە دار سنەوبەر پێکهاتووە, وە شارەکانی فرایبێرگ و بادن-بادن ناوچەی گەشتیاری بەناوبانگن لە کەناری ڕۆژئاوای دارستانی ڕەش، لە ڕووی جیۆلۆجییەوە، دارستانە ڕەشەکە لە بەرگێکی لمە بەرد پێکهاتووە لە سەرەوەی ناوەندی گەنەس کە بەردێکی بلووریی بنەچە ئاگرییە، لە ماوەی دوایین چەرخی سەهۆڵیدا دارستانی ڕەش بە سەهۆڵەکان داپۆشرابوو وە زۆرێک لە چاڵی سەهۆڵانی وەکو Mummelsee پاشماوەی ئەو کاتەن، ڕووبارەکان کە لە دارستانی ڕەشەوە سەرچاوەیان گرتوە بریتین لە دانووب و ئێنز و کینزیگ (بادن ورتمبێرگ) و مورگ و نێکار و ڕێنچ، دارستانی ڕەش بەشێکە لە لووتکەی زنجیرە شاخێکی کیشوەری کە ڕووبەری ئاوی کیشوەرێک بەش دەکات بۆ دوو بەش لە نێوان ئاوی زەریای ئەتڵەسی و ئاوی دەریای ڕەش، هەروەها خەڵکانێکی زۆر پێی دەڵێن چیای دارستانی ڕەش چونکە لەسەر چیا و لە ناوچە دارستاناوییەکانەوە و لە سێبەری هەموو درەختەکان تاریک دەردەکەوێت.

مێژووی دارستانەکە

لەڕووی مێژووییەوە هەرێمی دارستانەکە بە نیشتۆکی خاوی کانسازی ناسراوە، چەندین قەڵای سەربازی وێرانکراو لەم دارستانەدا هەن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 17، لە بنەڕەتدا دارستانی ڕەش دارستانێکی تێکەڵ بوو لە درەختە گەڵاوەریوەکان و دار سنەوبەرەکان، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم دارەکانی دارستانی ڕەش بەتەواوی لەگەڵ دارستانە چڕەکانەوە دەبڕانەوە و دواتر دووبارە دار سنەوبەرە یەک‌بەرهەمییەکان دەچێنرانەوە، ئەم دارستانە بەهۆی ترشە بارانەوە زنجیرە زیانێکی پێگەشتووە و لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی 1990 زنجیرە ڕەشەبایەک زیانی گەورەی بە دارستانەکە گەیاند، لە 26ی کانوونی یەکەمی 1999 گەردەلوولی لۆتار بەدرێژایی دارستانی ڕەشدا هەڵیکرد و تەنانەت زیانی گەورەتریشی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی زیان بە دار سنەوبەرە یەک‌بەرهەمییەکان کەوت و ژمارەیەکی زۆریان شکانەوە، وەکو ئەوەی لە دوای گەردەلوولەکانی ساڵی 1990 ڕوویدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک بڕێکی زۆر لە پارچە دارە کەوتووەکان لە کۆگا کاتییەکانی ناوچەکەدا هێڵرانەوە، ڤۆگتسباوێرنهۆف مۆزەخانەیەکە ژیانی جوتیارانی سەدەی 16 یان 17ی ناوچەکە نمایش دەکات کە ژمارەیەک کێڵگەی دارستانی ڕەش ئاوەدان دەکەنەوە، هەروەها مۆزەخانەی کاتژمێری ئەڵمانی لە فورتوانگن مێژووی بازرگانی کاتژمێر و سەعاتچییەکان "وەستای کاتژمێر" نمایش دەکات، دارستانی ڕەش بە شیرینی گاتۆ و کاتژمێری پەپوو بەناوبانگە که کاتژمێرێکی سەر دیوارە، وێنەی پەپوویەکی تێدایە و هەموو سەری سەعاتێک لێدەدات و دەنگی لێدانەکەی لاسایی خوێندنی پەپوو دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



557 بینین