منداڵان لە باخچه چی فێردەبن؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-15-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7266
منداڵان لە باخچه چی فێردەبن؟

ناوه‌ڕۆك

ئەو شتانە چین کە منداڵان لە باخچە فێریدەبن؟

باخچەی منداڵان (بە ئینگلیزی: kindergarten) شوێنێکە بۆ ئاگاداری کردن لە منداڵان و دیاریکردنی تواناکانیان، هەروەها بۆ پەروەردە کردنی لایەنی سۆزداری، جەستەیی، عەقلی، ڕەفتاری، کۆمەڵایەتی، گوفتاری و گەشەی داهێنان لای منداڵ زۆر گونجاو و لەبارە، باخچەیەکی باش لەگەڵ ئەوەی شوێنێکی پارێزراو و پەروەردەیی دابین دەکات بۆ منداڵان، فێری زۆرێک لە کارامەییەکانی ژیانیان دەکات و یارمەتییان دەدات بۆ ئامادەبوونیان بۆ قوتابخانە، لەمڕۆدا باخچە شوێنێک نییە تەنها بۆ یاری کردن، منداڵان شتێکی سەرەتایی فێردەبن لەو شتانەی کە دواتر لە قوتابخانە وەری دەگرن.

ئەو بابەت و وانانەی لە باخچە فێردەکرێن و هاندەدرێن لەسەریان

خوێندنەوە: منداڵان لە باخچەوە دەست دەکەن بە فێربوونی خوێندەوە و کاتێک ئامادە دەبن بۆ ڕۆشتن بۆ پۆلی یەکەم دەست بە فێربوونی نووسین دەکەن، پڕۆگرامی باخچە فێرکردنی گرتنی کتێب و ناسینەوەی لەڕێی بەرگەوە و ناونیشانی کتێب و ناسینەوە و جیاوازی نێوان پیتەکان و وشە و ڕستەیە، هەروا منداڵان لە گرنگی گوێ گرتن و قسەکردن لەگەڵ کەسانی تر و نوسینی ناوی خۆیان فێر دەبن.

زانیاری کۆمەڵایەتی: لە باخچە زانیاری کۆمەڵایەتی دەدرێت بە منداڵان وەکوو ئەوەی کە چۆن بە پێی کات شتەکان دەگۆڕێن، یاساکانیان فێر دەکرێت، هەندێ ڕووداوی مێژوویی گرنگ و سومبلە نەتەوایەتییەکان وەکوو ئاڵای وڵاتی خۆیان، زانیاری لەسەر ژینگەی دەوروبەر فێردەبن کە مرۆڤەکان چۆن بۆ بەدەست هێنانی پێویستییە سەرەتاییەکانیان پەیوەستن بە خواردن و ئاو و ژینگەوە.

مۆسیقا: منداڵان لە باخچە هەلی گۆرانی وتن و ژەنینی ئامیری مۆسیقا و سەما کردنیان پێ دەدرێت، ڕاهێنەران بە سوود وەرگرتن له گۆرانی کورت منداڵان فێر دەکەن کە چۆن بە تەنها یاخود لەگەڵ ئەوانی تر گۆرانی بڵێن، بتوانن باشتر کۆنترۆڵی دەنگی خۆیان بکەن و لە چ کاتێکدا دەنگیان بەرز یان نزم بکەنەوە، هەروا مۆسیقا منداڵان ئاشنا دەکات بە کەلتووری نەتەوەکانی تر.

بیرکاری: لە باخچە هەندێک شتی سەرەتایی لەسەر بیرکاری فێر دەبن وەکوو ژمارەکان و بەراوردکردن و کەم و کۆ و یەکسانی.

دۆزینەوە: باخچە منداڵەکان هاندەدات تا لە ژینگەی دەوروبەری خۆیان بگەڕێن و هەست بە دۆزینەوە و زانینی شت بکەن.

 

ئەو یاری و چالاکییانەی وەک ڕێگای فێربوون لە باخچە بەکاردێن و بەسوودن

  • چیرۆک گێڕانەوە.
  • دروست کردنی پیتەکان بە بەرد یاخود لم (شتێک جگە لە پێنووس).
  • دروستکردنی دەنگی مۆسیقی بە بەکار هێنانی کەلوپەلی چێشتخانە.
  • ژماردنی پارە جا پارەکان پارەی کاغەزی بن یان پلاسیکی وەکوو ئامڕازی یاری منداڵان.
  • شتی بێ گیان و گیاندار، واتە داوا لە منداڵ بکەیت شتە بێ گیان و گیاندارەکان بدۆزێتەوە.
  • فێربوونی شێوەکان و دۆزینەوە و ناسینەوەیان لە هەر شوێنێک.


سەرچاوەکان



1730 بینین