دوورگەی سەوز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-23-11:00:00 - کۆدی بابەت: 7359
دوورگەی سەوز

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دوورگەی سەوز

دوورگەی سەوز (بە ئینگلیزی: Green Island)، دوورگەیەکی دەریایی و ناوخۆییە دەکەوێتە هەرێمی کایرێنسی ویلایەتی کوینزلاند لە وڵاتی ئوسترالیا، لە سەرژمێرییەکانی ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی سەوز 25 کەس بوو، هەروەها لەڕووی پەروەردە و فێرکردنیشەوە هیچ قوتابخانەیەک لە دوورگەی سەوز بوونی نییە نزیکترین قوتابخانەکان لە هەرێمی کایرنسن، دوورگەکە بە ناوی ئەستێرەناس چاڕلس گرین (Charles Green)ەوە ناونراوە.

دوورگەی سەوز لەڕووی جوگرافییەوە

دوورگەی سەوز دوورگەیەکی بچووکی شیلانەییە و 27 کیلۆمەتر (17 میل) لە کەنار دەریاوە دوورە، لە هەرێمی کایرنس لە ویلایەتی کوینزلاندی وڵاتی ئوسترالیایە و دەکەوێتە ناو ناوچەی کەلەپووری جیهانی پارکی (Great Barrier Reef Marine) کە گەورەترین و بەناوبانگترین سیستمی ژینگەیی گردی دەریاییە لە جیهاندا و ڕێگری لە لەناوچوونی گردە دەریاییەکان دەکات لە دەریای شیلانە، دوورگەکە بە گردی دەریایی دەورەدراوە و لە پارکی نەتەوەیی پارێزراوە، زۆربەی سەردانیکەران بۆ بەسەربردنی تەواوی ڕۆژەکە سەردانی دوورگەی سەوز دەکەن، هەروەها خاوەنی هاوینەهەوارێکی سەرنجڕاکێشە و 46 ژوور لەخۆدەگرێت، لە دوورگەکەدا کۆمەڵێک ڕووەک گەشە دەکات، لەوانەش ڕووەکە وشکە کەنار دەریاییەکان و دارمێوە هەمیشە سەوزەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دوورگەکە هیچ کانییەکی ئاوی سازگاری سروشتی لێ نییە، بۆیە هەموو ڕووەکەکان پشت بە ئاوی باران دەبەستن لەگەڵ ڕێچکەیەکی بچووکی ئاوی سازگار کە دەکەوێتە ژێر دوورگەکەوە.

مێژووی دوورگەی سەوز

دوورگەکە نزیکەی 6000 ساڵ لەمەوپێش بەهۆی شەپۆلەکانی لمی نیشتوو و شیلان و پاشماوەکانی تر لەسەر بنچینە شیلانەییەکەی دروست بووە، دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ناوچەکە دەڵێن کە لە سەردەمی زێڕیندا (لە میسۆلۆژی هێندێ لە سەرەتانشینانی ئوسترالیا) دوورگەی سەوز قەبارەی چوار ئەوەندەی قەبارەی ئێستای بووە، ئەوەی لەم دوورگە بچووکە شیلانەییە دەردەکەوێت تەنها باکووری ڕۆژهەڵاتی بەشێک لە تەواوی دوورگە ڕەسەنەکەیە، هەروەها خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بەو تێگەیشتنەوە گەورە بوون کە ئەم دوورگە بچووکە شیلانەییە شوێنێک بووە کە دەبوو دووربخرێتەوە و شوێنێکە کە دێوەکانی تێدا جێگیربووە، یەکەم کەسی کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نەبووبێت و لە دوورگەکە نیشتەجێ بووبێت ماسیگرێک بوو بە ناوی جەیمس سیتۆن ڤیچ مین (JSV Mein)، کە لە ساڵی 1857 وێستگەی (beche-de-mer)ی دامەزراند، هەروەها لە ساڵی 1899 درەختەکانی گوێزی هیندی لە دوورگەکە چێندران بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ئەو دەریاوانانەی کە کەشتییەکانیان دەشکێت، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بەشێکی زۆری دارەکانی دوورگەی سەوز بۆ سووتەمەنی خانووە دارینەکانی ماسیگرەکانی دەریا بڕاون، دوای ئەو کاتە دووبارە دارەکان دەستیانکردەوە بە گەشە، هەروەها لە سەرەتای سەدەی 20 ەوە، گەشتوگوزار بوو بە چالاکی سەرەکی لە دوورگەکەدا و لە ساڵانی 1930یەکانەوە میوانخانەیەک دروست کرا و لە ساڵی 1954 ڕوانگەیەکی ژێر ئاوی دامەزرا، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینەهەواری دوورگەی سەوز لە ساڵی 1994 کرایەوە.

ڕووەکەکان

134 جۆر ڕووەک لە دوورگەکەدا ناسراونەتەوە، لەوانەش دارەکان و دار خورماکان و دەوەنەکان و ئەو ڕووەکانەی کە هەڵدەگەڕێن و دار سنەوبەرەکان و گژوگیا خشۆکەکان، ئاڵۆزی سەوزایی ناوچەکە بەهۆی باڵندەکانەوەیە کە گرنگترینیان کۆتری ئیمپراتۆری ڕەنگینەکانن و بە بەردەوامی تۆو و خۆراک لە بەشی سەرەکی کیشوەرەکەوە دەگوازنەوە و هەمەجۆری ڕووەکەکان دەوڵەمەند دەکەن.

ئاژەڵەکان

دوورگەی سەوز نیشتیمانی 35 جۆر باڵداری دەریایی و 28 جۆر باڵداری بیابانییە، لە نزیک کەناری دوورگەکە ماسییەخۆرەکان و هەڵۆ دەریاییەکان و باڵندەی ماسیخۆرەی ڕەنگ سپی و پەڕەسێلکە دەریاییەکان دەبینرێن، هەروەها لە دوورگەکە "ڕێڵ" کە جۆرە باڵندەیەکی ئاوییە و کۆترە سەوزەکان و کۆترە تاج لەسەرە میوەخۆرەکان و باڵندە چاو زیووییەکان و پەڕەسێلکەی سنگ سپی و پۆڕ‌‌ دەبینرێن، کۆتری ئیمپراتۆری ڕەنگینەکان لە وەرزی هاویندا لە کاتی کۆچکردنی ساڵانەیان‌‌ لە دوورگەکەدا جێگیردەبن، هەروەها مارمێلکە جۆر جیاوازەکان و پەپوولەکان و ڕێوییە فڕیووەکانیش لە دوورگەدا هەن.


سەرچاوەکان



837 بینین