دارستانی سەرخۆش

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-29-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7435
دارستانی سەرخۆش

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی سەرخۆش

دارستانی سەرخۆش بە ئینگلیزی (drunken forest)، درەختە سەرخۆشەکان یان دارە خوارەکان، گروپێک یان کۆمەڵەیەک لەو دارانەن کە لە ستوونی ئاسایی خۆیانەوە سوڕاونەتەوە، ئەم درەختانه بە شێوەیەکی گشتی لە دارستانی ڕەش لە تایگا لە ناوچەی دەوروپشتی تەوەرەی باکوور دەدۆزرێنەوە کە لەژێریاندا بەستەڵەکی هەمیشەیی پچڕپچڕ یان سەهۆڵەکان درزیان بردووە و تواونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دارەکان لە گۆشە جیاوازەکاندا خوارببنەوە، هەروەها لەوانەیە درەختە خوارەکان لەژێر کاریگەری هەڵاوسانی شەختە و پەرەسەندنی پاشکۆی پاڵسا "کە تەپۆلکەیەکی پاشماوەی ڕووەکی داڕزاوە لە ئاودا کە هەمیشە بەستوویەتی لە ناوەندێکی خۆڵی کانزاییدا" و تەپۆلکه بەفرینەکان و زەوی خزێ و ڕەوينی تۆپەڵە بەردی چالاک و زەمینه خزێ یان بومەلەرزەدا بن، ئەو کۆمەڵە دار سنەوبەرانەی کە هاوتەمەنن لە چینێک بەستەڵەکی هەمیشەیی چالاکدا گەشەیان کردووە دوای ئاگرکەوتنەوەیەک، لەگەڵ ئەوەشدا خواربوونەوەی درەختەکان کاتێک دەست پێدەکات کە دارەکان تەمەنیان 50 بۆ 100 ساڵ بێت، هەروەها پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە ئەنجامی رێککردننەوەی هەڵاوسانی ڕوویەک بەهۆی بەستەڵەکی هەمیشەیی نوێوە دەشێت دارستانی سەرخۆش دروست ببێت.

بەستەڵەکی هەمیشەیی‌

بەستەڵەکی هەمیشەیی‌ کە خاک (یان بەردەکان)ـن و بەلایەنی کەمەوە بۆ دوو ساڵی یەک لەدوای یەک لە ژێر 0 پلەی سیلیزیدا دەمێننەوە، ماتریکس "قاڵبی"ـی ڕەق لە خاکەکەدا‌ پێکدەهێنێت کە دەتوانێت تا قوڵایی سەدان مەتر درێژ ببێتەوە، هەروەها بەستەڵەکی هەمیشەیی‌ ڕێگە لە گەشەکردنی ڕەگی درەختەکان دەگرێت لە قووڵاییەکاندا بۆ نمونە، دار سنەوبەری ڕەش کە لەگەڵ خاکە بەستەڵەکه هەمیشەییەکەدا خۆی گونجاندووە ڕەگی مێخی گەورەی نییە، لەو ناوچانەی کە پلەی گەرمی بەستەڵەکە هەمیشەییەکە نزیکە لە خاڵی توانەوەی بۆ ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا یان سووتانی ڕووەکی ڕووکەشەکە بەهۆی ئاگر یان لافاو یان سووتان و لەناوچوونی دارستانەکان دەتوانێت چینەکانی سەرەوەی بەستەڵەکە هەمیشەییەکە شل بکاتەوە و دۆخەکەی بگۆڕێت لە بەستنەوە بۆ دۆخێکی شلی سارد، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە زەوییەک کە پێی دەگووترێت (thermokarst) کە ناوێکی زانستییە بۆ دابەزینی زەوی و هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی بەستەڵەکی هەمیشەیی و چینی ڕەگە لاوازەکەی ئەم دارانە بێهێز دەکات و دەبێتە هۆی چەمانەوە یان کەوتنیان، ڕەنگە لە کۆتاییدا درەختە سەرخۆشەکان بەهۆی جێگۆڕکێکەیانەوە لەناوبچن و دەشێت سیستەمی ژینگەیی تەواوی دارستانە سەرخۆشەکە لە خاکە بەستەڵەکییە هەمیشەییەکاندا بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندەکانەوە لەناوببرێت، دارە خوارەکان کە نالەقێن دەشێت بە بەکارهێنانی  داشکانەوە "لاگەری"یەوە چاک ببنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشەی ستوونییان، بەم شێوەیە شێوەی چەماوە دەگرنەبەر.

پەیوەندی نێوان دارە سەرخۆشەکان و گۆڕانی کەشوهەوا

دارە سەرخۆشەکان دیاردەیەکی نوێ نییە و بەڵگەی سەر بە تەمەن‌ناسی دار دەتوانێت ئەوە دیاریبکات کە مێژووی دابەزینی زەوی و درەختە خوارەکان بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم، لە ماوەی چەرخێکی بەستەڵەکی کەمدا لە سەدەی 16 و 17دا، خاکی درێژکراوەی باشووری بەستەڵەکی هەمیشەیی تایبەت بە ناوچەی دەوروپشتی تەوەرەی باکوور گەیشتە لوتکە و لەو کاتە بەدواوە لە کەمبوونەوەدایە، خاکی بەستەڵەکی هەمیشەیی بەزۆری ناهاوسەنگن لەگەڵ کەشوهەوادا، وە زۆربەی ئەو خاکە بەستەڵەکە هەمیشەییانەی کە ماونەتەوە نەگۆڕن، هەرچەندە ڕێژەی توانەوەیان لە زیادبووندایە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سەدەی 21دا بڕێکی زۆر لەو بەستەڵەکە هەمیشەییانەی کە ماونەتەوە بتوێنەوە، ئەل گۆری (Al Gore)ی ژینگەپارێز بەڵگەی لەسەر ئەوە هێنایەوە کە هۆکاری توانەوەی بەستەڵەکی هەمیشەیی ژێر دارە سەخۆشەکان لە ئالاسکا دەگەڕێتەوە بۆ گەرمبوونی زەوی، وەک بەشێک لە پێشکەشکردنەکەی لە بەڵگەنامەیی 2006 دا ڕاستییەکی ناخۆشی تۆمارکرد، هەروەها گەرمبوونی هاوشێوە کە دەبێتە هۆی توانەوەی بەستەڵەکی هەمیشەیی لە سیبریای دراوسێ دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵەیەک لە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ.


سەرچاوەکان



702 بینین