یاری خەیاڵیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-13-17:00:00 - کۆدی بابەت: 7590
یاری خەیاڵیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

یاری خەیاڵی

یاری خەیاڵی (بە ئینگلیزی: Imaginary game) بەو چالاکییانە دەوترێت کە لە بیر و خەیاڵدا ڕووداوەکان دروست دەکرێت، بە بێ ئەوەی ڕاستەخۆ هەست بە شتەکە کرابێت یان بەرکەوتن هەبووبێت لەگەڵی، واتە مێشک لەکاتی خەیاڵکردن پەیوەندی نوێ دروست دەکات کە پێشتر بەرکەوتنی لەگەڵیان نەبووە.

یاری خەیاڵی بۆ منداڵان لە چی تەمەنێکەوە دەست پێدەکات؟ 

خەیاڵکردن لە هەموو تەمەنێکدا دەکرێت، بەڵام بەگشتی لە دوو ساڵییەوە دەست پێدەکات، لە یاری خەیاڵیدا منداڵ بەشێوەیەکی کاتی لە دونیای ڕاستی جیادەبێتەوە و دەچێتە دونیای خەیاڵ و ئارەزووەکانەوە، منداڵێک کە داهێنەرە زیاتر خەیاڵ دەکات، خەیاڵکردن لای منداڵ ئاساییە و نابێت ببێتە هۆی نیگەرانی دایک و باوک، مەگەر لەو کاتانەدا کە لە شوێنی نەگونجاو بکرێ و زۆر بێت و ژمارەی دووبارەبوونەوەکانیشی زۆر بن، بۆ نموونە، خەیاڵکردن لە قوتابخانە باش نییە و منداڵ ئاگای لە وانەکان نامێنێت بەڵام ئەوەندەی نەبوونی یارییە خەیاڵییەکان جێی نیگەرانییە، ئەوەندە خەیاڵکردنی منداڵ جێی نیگەرانی نییە. 

بۆچی یارییە خەیاڵییەکان بۆ منداڵ گرنگن؟

باشتر تێگەیشتن لە دونیای دەوروبەر یەکێکە لە گرنگییەکانی یاری خەیاڵی، یاری خەیاڵی یارمەتی منداڵ دەدات لە خۆیان، لە شێوەی گوفتاری، فیزیکی، کاردانەوە دەربخەن و ڕۆڵ و سیناریۆی جیاواز لە سنووری خەیاڵی خۆیان دروست بکەن، ڕۆڵگێڕان بۆ گەشەی منداڵ گرنگە چونکە یارمەتییان دەدات ئەوەی بینیویانە و ئەزموونیان کردووە، ڕاهێنانی لەسەر بکەن، ڕۆڵەکان دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدەن کە سنوورەکان تێپەڕێنن و دەرئەنجامی هەر کارێک بە شێوازێکی پارێزراو و کۆنتڕۆڵکراو هەڵسەنگێنن، منداڵان لەڕێی یارییە خەیاڵییەکانەوە، دەستەواژەکانیان بەهێز دەکەن و بە ئاسانی زمان بەکار دەهێنن، منداڵ دەتوانێت لە ژینگە و کاتی گونجاودا بە بێ شەرمکردن لە ڕێی بەکارهێنانی وشەی هەڵەوە قسە بکات و بازنەی دەستەواژەکانی تەواو بکات، لە لایەکی ترەوە لە یارییە خەیاڵییەکاندا منداڵ دەتوانێت هەستە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بە شێوازێکی تر دەربخات، کەواتە دەتوانین بڵێین: 
ـ گەشە بە توانا مەعریفی و کۆمەڵایەتی و هەڵچوونییەکانی منداڵ دەدات. 
ـ باری دەروونی منداڵ ئارام و ئاسوودە دەکات. 
ـ دەتوانرێت لە ڕێگای ئەم یارییانەوە، درک بە حەز و تواناکانی منداڵ بکرێت. 

پەروەردەکردنی یارییە خەیاڵییەکان لای منداڵ:

 • داهێنان لای منداڵەکانتان بەهێز بکەن: بۆ منداڵەکانتان قەڵەم، کاغەز، قەڵەم بۆیە و پێویستییەکانی تری وێنەکێشان و کاری دەستی فەراهەم بکەن، کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنی، داوای لێبکەن کارێکی هونەری لە خەیاڵی خۆیەوە دروست بکات، لەبری ئەوەی داوای لێبکەن لەسەر شتێکی ڕاستییەوە دروستی بکات.  

 • کتێب خوێندنەوە و گێڕانەوەی چیرۆک: داهێنان لای منداڵ بە خوێندنەوەی کتێب بۆی و هاندانی لەسەر دروستکردنی چیرۆک بەهێز دەبێت، داوا لە منداڵ بکەن چیرۆکەکەتان بۆ تەواو بکات و پێشنیاری کۆتاییەکی باش بکات، لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆک، منداڵ بە کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکە یان یەکێک لە کەسایەتییە تەواوکەرەکان دابنێن. 

 • یاری لەگەڵ بکەن: منداڵان حەزیان لە یاریکردنە لەگەڵ دایک و باوکیان، کاتێک منداڵ پیاڵەیەک چایی خەیاڵیتان بۆ دەهێنێت، لەگەڵی بەردەوام بن و داوا بکەن شەکریشتان بداتێ، پەرۆشی خۆتان نیشان بدەن بۆ ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن.


سەرچاوەکان



1002 بینین