کارڵ ساگان 

له‌لایه‌ن: - دڵگەش حەسەن - به‌روار: 2022-01-17-20:13:00 - کۆدی بابەت: 7623
کارڵ ساگان 

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

ناوی تەواوی (کارڵ ئێدوارد ساگان) (بە ئینگلیزی: Carl Sagan)، گەردوونناس و نووسەرێکی زانستیی ئەمریکییە، لە ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٤ لە ناوچەی بروکلینی شاری نیویۆرک لەدایکبووە. کەسایەتییەکی بەناوبانگ و کاریگەری ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە، یەکێک بووە لەو کەسانەی لە بازنەی بابەتەکانی زانستی، سیاسی، و ئایینی گفتوگۆی لەگەڵ کراوە بەهۆی زیرەکییە بێسنووریەکەی لەبارەی دەرەوەی هەسارەی زەوی، چەکی ئەتۆمی، و ئایینەوە. ساگان بابەتێکی بە ناوی (ژیان - Life)ەوە نووسی کە ١٤ جار تا ساڵی ١٩٧٠ لە چاپ درایەوە.
ساگان لە زانکۆی شیکاگۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری فیزیادا لە ساڵی ١٩٥٥ و ١٩٥٦ بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری گەردوونناسی و فیزیای گەردوونی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٦٠ تاکوو ١٩٦٢ لە زانکۆی کالیفۆرنیا و بێرکڵی ئەندامی بەشی گەردوونناسی بووە و پاشانیش لە ساڵی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٨ لە زانکۆی هارڤارد و ناوەندی چاودێری فیزیای گەردوونی سمیثسۆنیەن کاری کردووە. کارەکانی سەرەتای تیشک خستنەسەر حاڵەتە فیزیاییەکانی هەسارەکان بووە، بەتایبەت کەشوهەوای هەسارەی ڤینۆس و موشتەری. لەو ماوەیەدا دەستی کرد بە گرنگیدان بە ئەگەرەکانی ژیان لەودیو زەوییەوە و گەڕان بەدوای زیرەکی بوونەوەرەکانی بۆشایی ئاسمان. بۆ نموونە، لەسەر بنەمای کارەکانی پێشتری کیمیاگەرانی ئەمریکی ستانلی میللەر و هارۆلد ئورێی، ساگان ڕوونیکردەوە کە ترشی ئەمینی و ترشی ناوکی دەکرێت لە ڕێگەی پشاندانی گیراوەیەکی سادەی کیمیایی بۆ تیشکی سەرو بنەوشەیی بەرهەم بهێنرێن. هەندێک لە زانایان ڕەخنەیان لە کارەکانی ساگان دەگرت، مشتومڕیان دەکرد کە بە ڕای ئەوان بەکارهێنانی سەرچاوەی گەڕان بەدوای زیرەکی بوونەوەرەکانی بۆشایی ئاسمان بێ هۆکارە، و پڕۆژەیەکی خەیاڵی شایان بە شکستە.
ساگان لە ساڵی ١٩٦٨ بە بەڕێوبەری تاقیگەی زانستەکانی هەسارەیی لە زانکۆی کۆرنۆڵ دانرا، پاشان هەر لەو زانکۆیە لە ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی پرۆفیسۆری وەرگرتووە. یارمەتیدەری دیاریکردنی شوێنی نیشتنەوە بووە لەسەر مەریخ بۆ پشکنەرانی (ڤایکینگ)، و پەیامەکانی لە زەوییەوە دەکرد بە کۆد کە بۆ پشکنەری (پایونیر) و (ڤۆیاجەر) هاوپێچ کرابوون و لە سیستمی خۆرەوە دەردەچوون.

کارەکانی

هەرچەندە ساگان توێژینەوەی گرنگی کرد لەسەر کەشوهەوای هەسارەیی لە زیندەزانی گەردوونیدا و بنچینەی ژیان لەسەر زەوی، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ناوبانگی خۆی وەک وتەبێژێک بۆ زانست و بەتایبەت گەردوونناسی دروست کرد. لە ساڵانی حەفتاکان تاکوو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ناسراوترین زانای ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو. هەم داکۆکیکار و هەم نمایشکارێکی زانست بووە، بەشێکی زۆری پیشەکەی لە پێشخستنی تێگەیشتنی گشتی لە زانست و بەرگریکردن لە سرووشتی عەقڵانی تەرخان کرد. لەگەڵ جێرۆم ئەیگڵ لە ساڵی ١٩٧٣دا بابەتی (پەیوەندی گەردوونی: ڕوانگەیەکی دەرەوەی زەوی)یان بڵاو کردەوە، کە وەک نووسەرێکی زانستی ناوبانگی بەدەستهێنا. ساڵی دواتر لە دیبەیتێکی جەماوەریدا لەسەر بیردۆزەکانی ڤێلیکۆڤسکی لە مێژووی سیستمی خۆردا ڕووبەڕووی ئیمانوێل ڤێلیکۆڤسکی نووسەری ئەمریکی بوویەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ ساگان (کۆمەڵەی هەسارەیی) دروست کرد، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی نێودەوڵەتی بۆ گەڕانی ئاسمانی بوو. هەر لەو ساڵەدا بە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی بە ناوی (کۆسمۆس) کە لەگەڵ هاوسەرەکەی ئان درویان نووسیبووی گەیشتە بەرزایی ناوبانگی، بە هەمان ناونیشان کتێبێکی نووسی کە بوو بە باشترین فرۆشی. چەند کتێبێکی تری بەدوادا هات، لەوانە ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (کۆنتاکت - Contact) لە ساڵی ١٩٨٥، کە لە ساڵی ١٩٩٧دا کرا بە فیلمێکی سەرکەوتوو، و کتێبی (خاڵێکی شینی کاڵ: بینینێک بۆ داهاتووی مرۆڤ لە بۆشایی) کە لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوی کردەوە. هەروەها (سەرما و تاریکی: جیهانی دوای جەنگی ناوکی) لە ساڵی ١٩٨٤ یەکێکی دیکە بوو لە بەرهەمەکانی. داکۆکیکارێکی ماندوونەناسانەی عەقڵانییەتی زانستی بوو، بە توندی دژی ڕەوتی نیمچە زانستی (سەرجەم ئەو باوەڕ و تیۆری و کردارانەی کە بەهەڵە وەک زانست دادەنرێن) گفتوگۆی کرد. هەرچەندە ئەو ڕەتی کردەوە کە ئەو کەسێکی بێ دینە، بەڵام ساگان گومانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئایینە تەقلیدییەکان، کە دەیویست بە سیستمێکی باوەڕی زانستیانە جێگەی بگرێتەوە. هەندێک لە ڕەخنەگران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە مشتومڕەکانی ساگان لە دژی بیروباوەڕە ئاینییە تەقلیدییەکان سادەیە و نەبوونی تێگەیشتنی ئایینی خۆیەتی.

خەڵاتە وەرگیراوەکان

ساگان چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی پولیتزەر (بە ئینگلیزی: Pulitzer) لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ کتێبەکەی بە ناوی (ئەژدیهاکانی ئێدن)، مەدالیای خزمەتە گشتییەکانی نەتەوەیی و بەڕێوبەرایەتی بۆشایی ئاسمان (١٩٧٧ و ١٩٨١) و مەدالیای Ørsted لە کۆمەڵەی مامۆستایانی فیزیای ئەمریکی لە ساڵی ١٩٩٠ وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ئەکادیمیای نەتەوەیی زانستەوە مەدالیای خۆشگوزەرانی گشتی پێبەخشرا، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو لە بوون بە ئەندامی ئەو ئەکادیمییە شکۆدارە.

کۆچی دوایی

ساگان تا کاتی مردنی لە کۆرنێڵ مایەوە، کە بە هەوکردنی سییەکانی لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە ناوچەی سییتڵی شاری واشنتۆن کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



503 بینین