دیاردەی هێدی باژۆ

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-22-17:00:00 - کۆدی بابەت: 7666
دیاردەی هێدی باژۆ

ناوه‌ڕۆك

هێدی باژۆ

هێدی باژۆ، هێواش باژۆ یەکێکە لەو دەستەواژانەی لەگەڵ بەفربارین و سەرماوسۆڵەی زستانی ٢٠٢٢ ناوبانگێکی زۆری لەنێو خەڵکی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو. لەکاتی سەرما و بەستنی ڕێگاکاندا بەهۆی ئەوەی خەڵکی دەخلیسکان و دەکەوتن زۆرجار ڤیدیۆی کەوتنەکەیان بڵاودەکرایەوە و ئەم پارچە گۆرانییەی دەخرایە سەر.

ناساندن

گۆرانی "هێدی باژۆ" گۆرانییەکی کوردی فۆلکلۆرە و لەلایەن گۆرانیبێژ، ئەلیاس نەدیر وتراوەتەوە و دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا.

"هێدی باژۆ" گۆرانییەکی فۆلکلۆری گۆرانیبێژی شنگالی "برۆ شەرقی"ـیە کە مێژووی گۆرانییەکەی بۆ ١٠٤ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، گۆرانیەکە لەلایەن چەندین هونەرمەندی تروە وتراوەتەوە، برۆ شەرقی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گرێ جەتلێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەخاک سپێردراوە.

واتای شیعرەکە

"هێدی باژۆ" بە زاراوەی سۆرانی واتە "لەسەرخۆ لێبخوڕە"، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ گۆرانییەکە لەسەر گرتە ڤیدیۆکانی تیک تۆک و فەیسبووک و تۆڕەکانی تر بڵاودەکرایەوە، وەک ڤیدیۆی کەوتن و خلیکسانی کەسێک، یان خلیسکانی ئۆتۆمبێلەکان و پێکدادانیان. ئەم دەستەواژەیەش شێوەیەکی کۆمیدیای بە کەوتن و ڕووداوە ناخۆشەکان دەبەخشی و بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت.

لە ڕاستیدا ئەو لاواندنەوەیە باسی مێژوی ڕاوەدونان و کۆمەڵکوژیی کورد دەکات لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی و بە فەرمان نێوی دەبات. لە ماوەی پێنج سەدەدا زیاتر لە ٧٣ فەرمان و کارەسات بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە. کاتێک هێرش دەکریتە سەر هەموو کورد بەجارێک، ئێزیدییەکانیش بۆ بەرگری دێنە پێشەوە و ڕاوەدونانەکانیان بە فەرمان ناوناوە. کە فەرمان، لەنێو ئێزدی بە هێرشی کاولکاری و کۆمەڵکوژی دەگوترێت.

سەرەتای لاوکەکە بەم سێ نیوە دێڕە دەست پێدەکات:

هێدی باژۆ لمە فەرمانە

هێواش باژۆ لمە فەرمانە

گران باژۆ شەڕێ گرانە

پاشان دەڵێت؛

ئیڕۆ فەرمان رابوو سەیدێ سوڵتانە

دیسانە فەرمانە...

فەرمان رابوو ژ ئیستەمبوڵێ

لە کۆتایی لاواندنەوەکە باسی ئەوە دەکات کە لە هەموو شوێنێک گرتن و کوشتن و شەڕ و کۆمەڵکوژییە.

دەڵێت؛

لە عەشانە میراتبوێ شەڕە

لە تلحەنێ شەڕە

لە تلحەمسێ شەڕە

لە هەموو عەردێ خودێ شەڕە..

ئەلیاس نەدیر

ئەلیاس نەدیر لە ساڵی ١٩٤٩ لەدایکبووە و لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، لە ساڵی ١٩٦٣ لەسەر دەستی هونەرمەندان وسو شێخو و قاسمی مەیرو فێری گۆرانی وتن بووە، زیاتر گرنگی بە وتنەوەی گۆرانی فۆلکلۆر و مەقام دەدات، لە بەناوبانگترین مەقامەکانی (عەمێ گۆزێ، تەمەر بەگێ زری، نواخی، فاتیمە ساڵح ئاغا).


سەرچاوەکان



1139 بینین