مەغریب

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-21-21:54:00 - کۆدی بابەت: 7868
مەغریب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

وڵاتی مەغریب یان شانشینی مەغریب (بە عەرەبی: المغرب، بە ئینگلیزی: Morocco)، ئەم وڵاتە دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژئاوای کیشوریی ئەفریقا، لە بەشی باکوورەوە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاست هاوسنوورە، لە ڕۆژئاواوە زەریای ئەتڵەسی دەوری داوە، هەر یەک لە وڵاتەکانی جەزائیر و موریتانیا لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە هاوسنوورن لەگەڵ مەغریب، هەروەها کەناڵێکی دەریایی تەسک هەیە لەنێوان ئیسپانیا و مەغریب، چەند ناوچەیەکی کێشەلەسەر لەنێوان سنووری هەردوو وڵات هەیە نموونەی ناوچەکانی مەلیلە و سیبتە و چەند دوورگەیەک، بە دووریی 15 کیلۆمەتر لە کیشوەری ئەورووپاوە دوورە.
پایتەختی مەغریب شاری "ڕەباتە" و گەورەترین شاری وڵات "دار ئەلبەیزایە" و پاشان شاری "مەراکیشە"، پانتایی و ڕووبەری وڵات نزیکەی 710.850 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
کەشوهەوای مامناوەند و تاڕادەیەک چەند ناوچەیەکی وشک و بیابانییە، ڕێژەی بارانبارینیشی ئاستێکی مامناوەندی هەیە.
سیستمی دەسەڵاتی وڵات پادشایی دەستوورییە، لە ساڵی 1956 مەغریب سەربەخۆیی بەدەستهێناوە. 

مێژووی مەغریب

ـ لە کۆندا ئەفسانەیەک هەبووە کە پێیان وابووە وڵاتی ژاپۆن شوێنی هەڵاتنی خۆر بووە، هەروەها ناوچەی وڵاتی مەغریب شوێنێ ئاوابوونی خۆربووە، "المغرب" لە زمانی عەرەبیدا واتا ساتی ئێوارە و شێوان، لە زمانی ئینگلیزیش ناوی Morocco لە دەستەواژەی لاتینی Morrochـەوە هاتووە، ئەو دەستەواژەیەش لە شاری مەڕاکیشی وڵاتی مەغریب وەرگیراوە.
ـ زۆرێک لە بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش چەندان هەزار ساڵ ژیان لە مەغریب بوونی هەبووە.
ـ هەریەک لە شارستانیەتی فینیەقییەکان، بۆنیقییەکان، مۆریتنییەکان و ڕۆمانییەکان لە دووهەزاری چوارەمی پێش زایینەوە تاکوو سەدەی یەکەم دەسەڵات و فەرمانڕەوایی مەغریبیان کردووە.
ـ لە سەدەکانی ناوەڕاستی زایینیدا دەسەڵاتی ئیسلامی گەیشتە ناوچەکە لەلایەن "عوقبەی کوڕی نافع" 
ناوچەکە ڕزگارکرا و خرایە سەر دەسەڵاتی ئومەوییەکان.
ـ مەغریبییەکان بە دەسەڵاتی ئومەوییەکان ڕازی نەبوون، بۆیە دژایەتیان کرد و خۆیان دەسەڵاتێکیان دامەزراند بە ناوی ئیدریسییەکان، دواتر ئەو دەوڵەتە ڕوخێندرا و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی عەباسییەکان.
ـ لە سەردەمی پیشەسازی و پێشکەوتنی ئەورووپا، مەغریب وڵاتێکی دواکەوتوو و هەژار بووە، بۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەم لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا داگیر کرا.
ـ تاکوو ساڵی 1956 مەغریب ژێردەستەی دەسەڵاتی ئیسپانیا و فەڕەنسا بوو، دوای چەند پەیماننامەیەک سەربەخۆیی بەدەستهێنا. 

ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان

لە سەرژمێرییەکانی ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتوانی مەغریب بە نزیکەی 36 ملیۆن کەس خەمڵێندراوە.
ڕێژەی 99%ـی دانیشتوان ڕەچەڵەکیان مەغریبیە و ڕێژەی 1% ڕەچەڵەکیان ئەمازیغییە.
هەروەها ژمارەی هەرەزۆری دانیشتوانی مەغریب پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و سەر بە ڕێبازی مالیکیین، ئایینەکانی تری نموونەی مەسیحی و جوولەکە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو و کەم بوونیان هەیە.
زمانی فەرمی وڵات زمانی عەرەبییە، مەغریب شێوەزارێکی عەرەبی تایبەت بەخۆی هەیە و تاڕادەیەک بەهۆی داگیرکارییەکانی فەڕەنساوە زمانەکەی کاریگەر بووە بە زمانی فەڕەنسی، هەوەها مەغریبییەکان بەوە ناسراون کە زوو فێری زمان دەبن بەڵام شێوەزارەکەی خۆیان بۆ فێربوونی کەسانی تر قورسە، چەند زمانێکی نموونەی ئەمازیغی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ئیسپانی لە مەغریب بڵاوە و زۆرینەی دانیشتوان ئەو زمانانە دەزانن و قسەی پێدەکەن.
نزیکەی 10%ـی دانیشتوانی مەغریب لە دەرەوەی وڵاتی مەغریب نیشتەجێن. 

ئابووریی وڵاتی مەغریب

گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم وڵاتە بریتییە لە چەند کانزایەک نموونەی فۆسفات کە 70%ـی یەدەگی فۆسفات لە جیهاندا لەو وڵاتەیە، هەروەها چەندان بەروبوومی دەریایی نموونەی ماسی بە تایبەتی ماسی سەردین و ڕۆبیان، لەگەڵ بەرووبوومی کشتوکاڵی نموونەی زەیتوون، خورما، دانەوێڵە بوونیان هەیە، هەروەها ئەم وڵاتە لە جیهاندا لە بەرهەمهێنانی هەنجیر و زەیتووندا پلەی سێیەمی هەیە.
پیشەسازی چنین و ئاوریشم لە پێشەنگی پیشەسازییەکانە، ڕێژەی 27%ـی ئابووریی مەغریب پێکدەهێنێت.
هەروەها لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی و پارچەکانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە پلەی دووەمی هەیە لە ئەفریقا و پلەی 26ـی هەیە لە نێو وڵاتانی جیهاندا.
پیشەسازیی دەرمانی مەغریب پلەی دووەمی هەیە لە ئەفریقیا و لەو بوارەدا ئاستێکی باڵای هەیە.
دراوی فەرمی وڵات درهەمی مەغریبییە تا ڕادەیەک ئاستی جێگیرە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی

کەرتی گەشتوگوزار 

بەهۆی شوێنی جوگرافی و کەشوهەوای لەبار و بوونی چەند پانتاییەکی فراوان لە بیابان شوێنێکی گونجاوە بۆ گەشتیاران، ساڵانە نزیکەی دە ملیۆن گەشتیاری ئەورووپی سەردانی دەکەن.

چەندان فیلم و زنجیرەی ناوداری لێ وێنەگیراوە نموونەی "شکاندنی بەندینخانە"، "ئەرکە مەحاڵەکە"، "یاریی تەختە پاشاییەکان".
وڵاتی مەغریب نۆ ناوچەی شوێنەوار و مێژوویی  ناوداری هەیە کە بەفەرمی لە یۆنیسکۆ تۆمارکراون.
شارەکانی فاس، تەنجە، مەڕاکیش، دار ئەلبەیزا و ڕەبات لە پێشەنگی شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی مەغریبن.


سەرچاوەکان



3306 بینین