تێترای تیشکی X

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-02-19:40:00 - کۆدی بابەت: 7911
تێترای تیشکی X

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێترای تیشکی X ( بە ئینگلیزی: X-Ray tetraماسییەکی بچووکە و لە کۆمەڵەی تێتراکاندا پۆلێنکراوە، یەکێکە لە ئەو جۆرە ماسییانەی کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ئاوی کەنارەکانی ڕووباری ئەمازۆن لە ئەمریکای باشووردا دەژی، واتە نشینگەکەی هەریەک لە بەڕازیل و ڤەنزوێلا و ناوچەکانی دەوروبەریان دەگرێتەوە، هەروەها تێترای تیشکی X بە چۆلەکەی ئاڵتوونی ئاوی ناسراوە، ئەم ناوەش بەهۆی دەرکەوتنی ڕەنگی ئاڵتوونییە کە لە ڕووی دەرەوەی جەستەیدا هەستی پێدەکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٤ز ناسراوەتەوە، پاشان لە ئەو کاتەوە هەتا ئێستە یەکێکە لە ماسییە زۆر بە ناوبانگەکان کە لە پێشانگا دەستکردەکانی ماسییەکاندا دادەنرێت و بوونی هەیە، یەکێک لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ئەم جۆرەی تێترا لە جۆرەکانی تر ئەوەیە کە توانای هەیە لە ئاوی سوێردا بژی.  

شێوەی دەرەوەی

ڕەنگی ئەم ماسییە تەنها ڕەنگێک نییە بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زەرد و زیوی و سپی و ڕەش، جەستەی بە پوولەکە دەورەدراوە، درێژییەکەشی لە نێوان ٣.٢-٥ سانتیمەتر دەبێت، دیارترین تایبەتمەندی هەبوونی چینێک پێستی تەنک و ڕوونە کە بە هۆیەوە دەتوانرێت ئێسکی پشتی ببینرێت، بە گشتی نێرینە و مێینەکان هاوشێوەی یەکترن بەڵام قەبارەی مێینەکان گەورەترە و شێوەیان خڕترە بە بەراورد بە نێرینەکان، ئەم ماسییە جۆری تری نییە و تەنها خۆیەتی، ڕەنگی پەڕەکەکانی هەریەک لە هێڵی زەرد و سپی و ڕەشی تێدایە، هەستی بیستنی زۆر پەرەسندووە، بەجۆرێکە کە ئەم ماسییە شەپۆلی دەنگی دەنێرێت و بە نێو بڕبڕەدارەکاندا تێدەپەڕێت، دواتر جەستەی خۆی دەبێتە وەرگر بۆ دەنگەکە و دەیگوازێتەوە بۆ گوێچکەکانی، هەروەها ڕوونی ڕەنگی جەستەی هاوکارێکی گەورەیەتی لە خۆحەشاردان، کە بەهۆیەوە دۆزینەوەی لەلایەن گیانەوەرە دڕندەکانەوە قورس دەبێت.   

خۆراک

وەک زۆرینەی جۆرەکانی تری ماسییە بچووکەکان ئەم ماسییەش دەتوانێت هەردوو گیانەوەرە دەریاییە بچووکەکان و ڕووەکەکانیش بخوات، ژەمە خۆراکییەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە توێکڵدارە بچووکەکان لەگەڵ کرمەکان و مێرووەکان، بێچووەکانیشیان ئارەزووی خواردنی کرمۆکەی مێرووەکان دەکەن، واتە سەرەڕای ئەوەی توانای خواردنی ڕووەکیشیان هەیە بەڵام زیاتر ئارەزووی خواردنی بێ بڕبڕەکان دەکەن، شێوازی ژیانکردنی لە نێو ئاوی ڕووبارەکاندایە و پێویستە ئاوەکە خاوێن و سازگار بێت، بۆیە گەورەترین مەترسی بۆسەر ژیانی ئەم جۆرە ماسییە پیسبوونی ئاوی نشینگەکەیتی، لە وەرزە گەرم و وشکەکاندا لە کەناڵ و جۆگەکاندا دەژی، بەڵام دواتر بە هاتنی سەرما و باران بارین کۆچدەکات بۆ ئاوی نوێ کە سازگار و گونجاوترە چونکە بڕێکی زۆرتر خۆراکی تێدایە، لە نشینگەکەیدا لەگەڵ هەموو ماسییە قەبارە بچووکەکان بە شێوەیەکی ئاشتی دەژی، بەڵام کاتێک ماسی گەورەتری تێدابێت، ئەوا ماسییە گەورەکان دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی و دەیانخۆن، جگە لە ماسییەکانیش هەریەک لە بۆق و باڵندە و مارەکان دەیانکەن بە نێچیری ژەمە خۆراکییەکانیان، لە کاتێکدا کە پۆلی ماسی تێترای تیشکی X نزیک بن لەسەر ڕووی ئاوەوە. 

زۆربوون

لە وەرزی زستاندا و لە کاتی بارانبارینی زۆردا ئەم جۆرە ماسییانە دەڕۆن بۆ جێگەی لافاو و مێینەکانیان گەرا دادەنێن، واتە شێوازی زۆربوونیان لە ڕێگەی هێلکەدانانەوە دەبێت، لەبەر ئەوەی جەستەی ئەم ماسییە ڕوونە و بەشی ناوەوەی دەبینرێت بۆیە بە ئاسانیش ئەو هێلکانە دەبینرێت کە ئامادەن بۆ پیتاندن، دواتر مێینەکە نزیکەی ٣٠٠-٤٠٠ هێلکە دادەنێت، بێچووەکانیش دوای نزیکەی ٢٤ کاژێر لە هێلکەکانیان هەڵدێن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا توانای مەلەکردنیان دەبێت، هەرکاتێک کە ماسییە بێچووەکان دەستدەکەن بە مەلەکردن ئەوا دەبنە ماسی سەربەخۆ و پێگەیشتوو و توانایان هەیە پشتبەخۆیان ببەستن بۆ دابینکردنی جێگە و خۆراک،  لە وەرزی زۆربووندا ژمارەیەکی زۆریان لێ دروستدەبێت، واتە بەرهەمهێنانیان بە ڕادەیەکی زۆرە، هەر بۆیە بە شێوەیەکی بازرگانی لە وڵاتەکاندا زۆردەبن بە تایبەتی لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ماسییە تازە لەدایکبووەکان لە ماوەی ٥-٨ مانگدا دوای لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبیت، بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان لە نێوان ٢-٥ ساڵ دەبێت، بەڵام لە جێگەی تایبەتدا کە گرنگی زیاتریان پێبدرێت دەکرێت تەمەنیان لە ئەو ڕێژە دیاریکراوە زیاتربێت.


سەرچاوەکان



710 بینین