ماسیی سمێڵە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-03-15:25:00 - کۆدی بابەت: 7916
ماسیی سمێڵە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سمێڵە (بە ئینگلیزی: catfish)،  جۆرێکی ماسییەکانە و نزیکەی ٣٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە کە لە ٣٥ خێزاندا پۆلێنکراون، نشینگەکەی زۆرینەی ناوچە ئاوییەکانی کیشوەرە جیاوازەکان دەگرێتەوە، لە ئاوە سازگارەکانی ڕووبارە خێراکان و دەریاچەکاندا دەژی، لە هەندێک لە ناوچە و کولتوورە جیاوازەکاندا ماسی سمێڵە بە خۆراکێکی بەچێژ دادەنرێت و خەڵكی ئارەزووی خواردنی دەکەن، هەروەها چەندین ناوی ناوخۆیی و جیاوازی بۆ دانراوە، بۆ نموونە لە ئەمریکای باشوور پێی دەوترێت پشیلەی قوڕ یان پێکەنینی بێدەنگ، بە مەبەستی بازرگانی ئەم ماسییە دەبرێتە ئەو جێگایانەی کە نشینگەی بنەڕەتی نین بۆی، بەهۆیەوە دەکرێت ماسییەکە لە ئەنجامدا ببێتە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە درەخت و گیانەوەرەکانی ناوچەکە، زۆرینەی جۆرەکانی ئەم ماسییە ژمارەیان زۆرە و مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نییە، بەڵام هەندێکی تریان بەهۆی پیسبوونی نشینگەکەیان و ڕاوکردنی بێ سنووریان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و ژمارەیان کەمدەبێتەوە.  

شێوەی دەرەوەی

شێوازی جەستەی ماسی سمێڵە درێژکۆلەیە واتە لوولەییە و سەرێكی تەختیشی هەیە، جەستەی بە پوولەکە داپۆشراوە و ڕەنگەکەی دەکرێت هەریەک لە ڕەش، قاوەیی، ڕەساسی، زەرد یان سپی بێت، درێژی جەستەی بە گوێرەی جۆرە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت لە نێوان ١-٢٧٠ سانتیمەتر بێت، بە سوود وەرگرتن لە تۆڕێک وەرگری کیمیایی لە جەستەیدا و سمێڵ لەسەر ڕووخساری دەتوانێت بە بەردەوامی ئاگاداری گۆڕانگارییەکانی ژینگەی دەوروبەری بێت، ئەم سمێڵانە دیارترین تایبەتمەندی ئەم جۆرە ماسییەن، دەکرێت تەنها جووتێک سمێڵی هەبێت و دەکرێت هەندێک لە جۆرەکانیش زیاد لە جووتێكیان هەبێت کە لە دەوربەری دەمیاندا ڕێکخراوە، دەمی ماسی سمێڵە فراوان و گەورەیە بۆ ئەوەی بە یەکجار بڕێکی زۆر خۆراک بخوات.   

خۆراک

ئەم ماسییە گیانەوەرێكی گۆشتخۆرە، و نێچیرە سەرەکییەکانی بریتین لە بۆق و کرم و ماسی، دەکرێت قەوزە و مێروو یان قرتێنەریش بخوات بە گوێرەی جۆری ماسییەکە، سمێڵە زۆرینەی کاتەکانی لە گەڕان بە دوای خۆراکدا بەسەر دەبات لە ناوچەی لمی یاخود بنکی نشینگە ئاوییەکەی، دەکرێت گەڕانەکەی لە ڕۆژدا ئەنجام بدات بەڵام زۆرینەی جارەکان چالاکییەکانی لە شەودا دەبێت، لە هەما کاتدا ماسی سمێڵەش دەبێت بە نێچیری گیانەوەری دیکە وەک ماسییە گەورەکان، مەمکدارەکان، باڵندەکان و خشۆکەکان.  

زۆربوون

بەهۆی زۆری جۆرەکانییەوە شێوازی زۆربوونەکەشیان جیاوازە، بە گشتی وەرزی زۆربوون لە کۆتایی بەهارەوە دەستپێدەکات، مێینەکان توانای دانانی هەزاران هێلکەیان هەیە، بەڵام ڕێژە باوەکەیان بریتییە لە ٤٠ هێڵکە، جێگەی هێلکەکان دەبێت پارێزراو و شاراوەبێت، کە دایکەکە هێلکەکانی لە نێو ڕووەکە چڕەکان و درزی بەردەکاندا دادەنێت، پاشان بە خێرایی و دوای ٥-١٠ ڕۆژ بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن،  باوکی ماسییە بێچووەکانیش ئەرکی زۆری باوکایەتی و گرنگیپێدانی لەسەرە، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم ماسییانە لە سروشتدا لە نێوان ٨-٢٠ ساڵ دەبێت، هەندێکیشیان کە دەبن بە نێچێری گیانەوەرەکانی دیکە زۆر خێراتر لەناودەچن.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرە جیاوازەکانی ماسی سمێڵە بە گوێرەی نشینگەکانیان هۆکاری مانەوە و ڕاهاتنیان هەیە، هەریەکەیان تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە زۆرینەی جۆرەکانی تردا نییە، هەندێکیان دەتوانن لەسەر زەوی هەناسە بدەن و ڕێبکەن لە کاتێکدا جۆری تریان دەتوانن ڤۆڵتی کارەبایی بەرهەم بهێنن لە نێو ئاودا، و هەندێک لە جۆرەکانیش مرەکەبی ژەهراوی دەردەدەن، کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە باوترین جۆرەکانە:

  • ماسی سمێڵەی شین: نشینگەکەی دەکەوێتە مەکسیک و باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ڕەنگی شینێکی نزیک لە ڕەساسییە و توانای بەرگەگرتنی ئاوە سوێرەکانی هەیە، لەبەر ئەوەش دەتوانێت بڵاوببێتەوە بۆ زۆرینەی ڕووبار و دەریاچەکان.
  • ماسی سمێڵەی کەناڵ: نشینگەی ئەم جۆرەیان مەکسیک و زۆرینەی ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری لێ ڕاودەکرێت، بۆیە هەڵگری نازناوی زۆرترین ڕاوکراوە، هۆکاری ڕاوکردنی زۆریشی ئەوەیە کە خەڵکی خواستێکی زۆریان لەسەر تامی هەیە.
  • ماسی سمێڵەی کۆری: ئەم جۆرەی سمێڵە لە بواری بازرگانی پێکردندا باوە.
  • ماسی سمێڵەی بچووک: جۆرێکی تایبەتی ئاوە سازگارەکانی هێڵی کەمەرەییە، لە بچووکترین جۆرەکانی ماسی سمێڵەیە و درێژییەکەی لە ٠.٣-٠.٧ سانتیمەتر زیاتر تێپەڕ ناکات.
  • ماسی سمێڵەی میکۆنگی گەورە: جۆرێکی گەورەیە و نشینگەکەی دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چین.
  • ماسی سمێڵەی شەیتانی گەورە: ئەم جۆرەش قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی دەگاتە زیاتر لە ٩٠ کیلۆگرام، بە گشتی لە ناوچەکانی هیندستان دەژی، بەڵام ئەم جۆرە بەهۆی گەورەیی و شێوەیە بووە بە هۆکاری ترساندن و تۆقاندنی دەوروبەرەکەی.


سەرچاوەکان



922 بینین