سیستمی دەسەڵاتی پادشایاتەی 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-07-16:13:00 - کۆدی بابەت: 7939
سیستمی دەسەڵاتی پادشایاتەی 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیستمی پادشایەتی (بە عەرەبی: نظام الحکم الملكي، بە ئینگلیزی: Monarchy)  یەکێکە لە کۆنترین سیستمەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن، بریتییە لەو سیستمەی کە پادشا کەسی یەکەمی دەسەڵاتە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە بڕیاری ڕەها و تاکڕەوییانە دەدات، دوای مردنی دەسەڵاتەکەی بۆ نەوەکانی دەگوازرێتەوە، کەسی پلە یەکی نزیکی دەبێتە جێگرەوە و جێنشینی دەسەڵاتی.

مێژووی دەسەڵاتی پادشایەتی

سیستمی پادشایەتی لە سەردەمی شارستانییەتە دێرێنەکانەوە بوونی هەبووە، نموونەی شارستانیەتی میسڕی کۆن و شارستانییەتەکانی دۆڵی دوو ڕووباری کۆن.
لە پاش پەرەسەندنی دەسەڵات و ئیمپڕاتۆڕیی ڕۆمانیی دەسەڵاتی پادشایەتی زیاتر پەرەی سەند.
لە ئەورووپا لە دوای جەنگی "سی ساڵە"ـی نێوان هەردوو ڕێبازی پڕۆستانت و کاسۆلیکی مەسیحییەت کە لە ساڵی 1618 بۆ ساڵی 1648 ئەو جەنگە بەردەوام بووو و ڕاگەیاندنی "پەیماننامەی ویستفالیا"، ڕۆڵی پادشا و دەسەڵاتی تاکڕەویی و دەسەڵاتی ڕەهای پادشایەتی پەسەند کرا و لە زۆر ناوچەی ئەورووپا جێبەجێ کرا. 

بنەماکانی سیستمی پادشایەتی

1ـ دەسەڵاتی پادشایەتی بە درێژیی ماوەی دەسەڵات لە سیستمە جیاوازەکانی تری حکوومەت جیادەکرێتەوە، ماوەی حکومەت کاتێکی سەرەتا و کۆتایی دیاریکراوی نییە، ئەو ماوەیە لە کاتی مردنی پادشا کۆتایی دێت و  بە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ شازادەی جێنشین ماوەی دەسەڵاتەکە دەستپێدەکات.
2ـ سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی بەراورد بە جۆری دەسەڵاتەکانی تر زیاتر جێگیرترە.
3ـ سیستمی دەسەڵات لەپاش مردنی پادشا ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ کەسی جێنشین، بەبێ وەرگرتنی ڕای گشتی یان دەسەڵاتی یاسادانان.
4ـ بەگشتی کەسی جێنشینی پادشا کوڕە گەورەی شایە، بەڵام ئەگەر پادشا کوڕی نەبوو دەسەڵات دەدرێت بە برا بچووکی شا، ئەگەر برایشی نەبوو کە ئەم حاڵەتە دەگمەنە دەسەڵات دەدرێتە مام یاخود کوڕە مامی شا. 

جۆرەکانی سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی 

سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەها

ئەم جۆرەی دەسەڵات دەرکردنی هەموو بڕیار و یاساکان بەتەواوی لەژێردەسەڵاتی شایە، دەسەڵاتی بەسەر هەموو بڕیارێکدا هەیە و هیچ ڕێگرێکی نییە، بەجۆرێک کە شا دەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاریی و دادوەریی و یاسادانان لە ئەستۆ بگرێت.
ئەم جۆرەی دەسەڵات لەسەردەمی کۆندا زۆر باوبووە نموونەی سەردەمی:
ـ ئەسکەندەری مەقدوونی مەزن 
ـ شا چارلسی ئینگلتەرا
ـ لویسی چواردەیەمی شای فەڕەنسا

سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی دەستووری

لەم سیستمەدا سەرەڕای بوونی شا و وەرگرتنی دەسەڵاتی وڵات، بەڵام بڕیار و دەسەڵاتەکانی دیاریکراو و سنووردارە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی یاسادانانەوە چاودێری دەکرێت و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی دەکرێت، سەروەزیران زۆرترین پشکی کارە کارگێڕییەکانی بەردەکەوێت.
هەندێک وڵات نموونەی وڵاتی کوێت دەسەڵاتی یاسادانان و بڕیاردانانی زۆر بەهێزە توانای هەیە بڕیارەکانی شا ڕەتبکاتەوە، تەنانەت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە ڕێگری لە وەرگرتنی پلەی پادشایەتی بکات ئەگەر زانرا کە شا شایستەی ئەو پۆستە نییە. 

دەسەڵاتی پادشایەتی و دەسەڵاتی کۆماریی لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا

سەردەمی دەسەڵاتی پادشایەتی وڵاتی بەریتانیا بە تێپەڕبوونی کات، دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەهایی لەدەستدا و بووە دەسەڵاتی پاشایەتی دەستووریی، بەو واتایەی شای وڵات دەسەڵاتی ڕەهای نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی سنووردار و دیاریکراوی هەیە بە گەڕانەوە بۆ دەستوور و پەرلەمان بڕیارەکانی شا جێبەجێ دەکرێت.
وڵاتی فەڕەنسا لەدوای شۆڕشی پیشەسازیی لە ساڵی 1789 بە تەواوی کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنرا و سیستمی کۆماری جێگەی گرتەوە.
لە ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 1776 بۆ 1783 پاش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، سیستمی یەکگرتووی کۆماری لیبڕاڵی کلاسیکی دامەزراند و بووە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات.
زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا نموونەی بەلجیکا، نەرویج، سوید، هۆڵەندا و ئیسپانیا پەیڕەوی سیستمی پادشایەتی دەستووری دەکەن.
هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال و پۆڵەندا پەیڕەوی سیستمی کۆماریی دەکەن. 

سیستمی پادشایەتی وڵاتانی جیهان

32 وڵاتی جیهان پەیڕەوی سیستمی پادشایەتی دەکەن کە بریتیین لە:

ئیسپانیا
ئوستڕالیا
هۆڵەندا
تایلەند
نیوزیلەندا
باهاما
نەرویج
بەریتانیا
توڤالۆ
تۆنگا
جامایکا
سوید
گرینادا
دوورگەکانی سلێمان
ئەنتیگوا
باربادۆس
پاپوا گینێی نوێ
بەلجیکا
بیلێز
سانت ڤێنسێنت
سانت لوسیا
سانت کیتس
گرینداین
کەمبوودیا
کەنەدا
لۆکسەمبۆرگ
سعودییە
بەحرەین
ئوردن
کوەیت
دانیمارک
مەغریب


سەرچاوەکان



933 بینین