داگیرکردنی قرم لەلایەن ڕووسیاوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-12-23:41:00 - کۆدی بابەت: 7971
داگیرکردنی قرم لەلایەن ڕووسیاوە

ناوه‌ڕۆك

دەستپێک

قرم یان کریمیا نیمچەدوورگەیەکی باشووری وڵاتی ئۆکرانیایە و تاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری بوو لە ناوچەکە، لە ئازاری ٢٠١٤ وڵاتی ڕووسیا لەدوای کێشەکانی ئۆکرانیا و خۆپێشاندانەکانی قرم و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بە هێزی سەربازی چووە نێو نیمچەدوورگەکە و پایتەختەکەی (سیمفرۆپۆل)ـی داگیرکرد. دوای ئەوە نیمچەدوورگەکە بە کۆماری قرم ناسرا و بوو بە یەکێک لە کۆمارەکانی ڕووسیای فیدراڵ. ساڵی ٢٠١٦ ناونرا بە ناوچەی قرمی فیدراڵ.

لە ٢٢-٢٣ی شوباتی ٢٠١٤ ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی شەوانەی لەگەڵ سەرۆکی دەزگا ئاسایشییەکانی ڕووسیا ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ڕزگاربوونی سەرۆکی لەسەرکارلادراوی ئۆکرانیا کە پشتیوانی ڕووسیا بوو. هەر لەوێ بڕیار دەدات کە قرم بگەڕێننەوە بۆ ڕووسیا. لە ٢٣ـی مانگ کۆمەڵێک خۆپێشاندانی پاڵپشتی بۆ ڕووسیا لە قرم بەڕێوەچوون. لە ٢٧ی شوباتدا هێزە شاراوەکانی ڕووسیا بەبێ هیچ ئاماژەیەکی سەربازی دەستیان گرت بەسەر ئەنجوومەنی باڵای قرم و تەواوی ناوچە ستراتیجییەکاندا. دواتریش سێرگی ئەکسیۆنۆڤ وەک سەرۆکی نوێی قرم دانرا و ڕیفراندۆمێک لەسەر دۆخی قرم ئەنجام درا و لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٤ سەربەخۆیی کۆمارەکە ڕاگەیەندرا. لە ١٨ـی مانگیش ڕووسیا کۆمارەکەی وەک یەکێک لە کۆمارە فیدراڵییەکانی ڕووسیا ناساند.

کاردانەوە

ئۆکرانیاو زۆرێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان ئیدانەی لکاندن و داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامە واژووکراوەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و شکاندنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا ناویان برد. لەوانە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٩١ی یەکیەتی وڵاتانی هاوقازانج (سی ئای ئێس) و ڕێککەوتننامەی هێلسنکی و یاداشتی بوداپست بۆ گەرەنتی ئاسایش (١٩٩٤) و پەیمانی دۆستایەتی و هاوکاری و هاوبەشی نێوان فیدراسیۆنی ڕووسیا و ئۆکرانیا. 

ئەم کارە وایکرد (کۆمەڵەی هەشت) ڕووسیا لە کۆمەڵەکە دەربکەن و کۆمەڵێک سزای بەسەردا بسەپێنن، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جیاکردنەوەی قرمی لە ئۆکرانیا ڕەتکردەوە و بە داگیرکاریی کاتی ناوبرد.

پاشخان

لە ساڵی ١٧٨٣ قرم بوو بە بەشێک لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا، پاشان بوو بە بەشێک لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ڕووسیا تا ساڵی ١٩٥٤. لە تشرینی یەکەمی ١٩٢١ کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی خۆبەڕێوبەری قرم دامەزرا کە بەشێک بوو لە کۆماری ڕووسیای سۆڤیەت. دوای جەنگی جیهانیی دووەم و ناردنەوەی هەموو تاتارە ڕەسەنەکانی نیمچەدوورگەکە، کۆماری سۆڤیەتی قرم لە ساڵی ١٩٤٦دا لە سەربەخۆیی خۆی بێبەش کرا و بوو بە ئۆبلاستێکی کۆماری ڕووسیای سۆڤیەت لەنێو یەکێتیی سۆڤیەتدا. ساڵی ١٩٥٤ بە فرمانێکی باڵای سۆڤیەت ئۆبلاستی قرم خرایە سەر کۆماری ئۆکرانیای سۆسیالیستی سۆڤیەتی. ساڵی ١٩٨٩ و لە ماوەی چاکسازییەکانی میخائیل گۆرباچۆڤدا جیاکردنەوەی تاتارە ڕەسەنەکان لە سەردەمی ستالیندا بە هەڵە دانرا و ڕێگە درا دانیشتوانە ڕەسەنەکەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ساڵی ١٩٩٠ دووبارە مافی خۆبەڕێوبەری بە کۆماری قرمی سۆڤیەتی بەخشرایەوە. ساڵی ١٩٩١ ڕیفراندۆم بە مەبەستی دامەزراندنی قرم وەک یەکێک لە کۆمارە سەربەخۆکان ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت سەرکەوتوو نەبوو. 

دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتییەکە قرم وەک بەشێکی ئۆکرانیا بە مافی خۆبەڕێوبەرییەوە مایەوە. لە ئەیلولی ٢٠٠٨ ڤۆلۆدیمیر ئۆریسکۆ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕووسیای بە پێدانی پاسپۆرتی ڕووسی بە هاوڵاتیانی قرم تۆمەتبار کرد و بە "کێشەیەکی ڕاستەقینە" ناوزەندی کرد. بەهۆی ئەوەی ڕووسییەکان زۆرینەی دانیشتوانی قرم پێک دەهێنن، لە ساڵی ٢٠٠٩ خۆپێشاندان دژی حکوومەتی ئۆکرانیا دەستی پێکرد و داوایان کرد ڕووسیا وەک کۆماری ئەبخازیا و ئۆسیتیا مامەڵە لەگەڵ قرم بکات.


سەرچاوەکان



799 بینین