حەوت ڕێگەی ئاسان بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە جلوبەرگ 

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-02-20:14:00 - کۆدی بابەت: 8111
حەوت ڕێگەی ئاسان بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە جلوبەرگ 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بنێشت یەکێکە لەو ماددانەی زۆر بە خراپی بە جلوبەرگەکاندا دەنوسێت، لەوانەیە لەسەر کورسییەکی گشتی دابنێشتبیت و بنێشت بە پانتۆڵەکەتدا نوسابێت. هەوڵدان بۆ لابردنی بنێشت بە بێ تەکنیکێکی گونجاو لەوانەیە زیاتر دۆخەکە بشێوێنێت و زیان بە جلوبەرگەکەت بگەیەنێت. 

حەوت ڕێگەی ئاسان بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە جلوبەرگ 

- سەهۆڵ: بنێشتەکان جۆرێک ماددەیان تێدایە کە کاردانەوەیان هەیە بۆ گۆڕانی پلەی گەرما و بە سەرما توند دەبنەوە، ئەم تەکنیکە کاتێک بەکار دەهێنرێن کە بنێشتەکە زۆر تێکەڵ بە جلوبەرگەکان نەبووبێت، ئەم ڕێگەیە دەکرێت بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە هەموو جلوبەرگ و کەلوپەلێک بەکاربهێنرێت. 

پارچە سەهۆڵێک لەسەر بنێشتەکە دابنێ بۆ ماوەیەک تا بنێشتەکە توند دەبێت پاشان بە نینۆک یان بە چەقۆیەک بە هێواشی لە قوماشەکەی بکەرەوە.

- ئوتو کردن: وەک چۆن بنێشت کاردانەوەی بۆ سەرما هەیە بە گەرمکردنیش شل دەبێتەوە و بە ئاسانی لا دەبرێت. 

پارچە کارتۆنێک دابنێ و قوماشەکەی بەسەردا بدە، پاشان ئوتووی بکە تا بنێشتەکە گەرم دەبێت و دەنوسێت به کارتۆنەکەدا ئەگەر پاشماوەی بنێشتەکە بەجێمابوو چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە.

- گەرمکردن: کاتێک بنێشتەکە بە توندی بە جلوبەرگەکاندا نوساوە یان بۆ ماوەیەکی زۆرە ماوەتەوە لەو کاتەیا هەڵم یان قژوشککەرەوە بەکاربهێنیت بە ئاسانی لێ دەبێتەوە. 

قوماشەکە دابنێ و قژوشککەرەوەی بۆ بەکار بهێنە پاشان بە نینۆک یان بە چەقۆیەک بە وریاییەوە لێی بکەرەوە.

- ئاوی گەرم: ئاوی گەرم یان سرکەی گەرم ڕێگەیەکی ئاسان و باشە بۆ لێکردنەوەی بنێشتەکە، هەندێک ئاو بکوڵێنە و قوماشەکەی تێبکە و بۆ ماوەیەک بیهێڵەرەوە تا بنێشتەکە نەرم دەبێت پاشان بە فڵچەیەک لێی بکەرەوە و چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە تا بە تەواوی لێدەبێتەوە.

- ڕۆنی گوێزی هیندی:  ڕۆنی گوێزی هیندیش یەکێکە لە ڕێگا باشەکان بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە جلوبەرگەکان و یارمەتی نەرمکردنەوەی بنێشتەکە دەدات و بە ئاسانی لێدەبێتەوە. 

هەندێک زەیتی گوێزی هیندی گەرم بکە و قوماشەکەی تێبکە و بۆ ماوەیەک جێی بهێڵە پاشان بە فڵچەیەک هەوڵی لێکردنەوەی بدە و ئەگەر بە یەکجار لێنەبوویەوە چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە و پاشان قوماشەکە بشۆ بۆ لێکردنەوەی زەیتەکە.

- شامپۆی جلشۆردن: شامپۆی جلشۆردنیش دەتوانێت یارمەتی لێکردنەوەی بنێشتەکە بدات، شامپۆکە لەسەر قوماشەکە دابنێ و بە فڵچەیەک هەوڵی لێکردنەوەی بدە ئەگەر پێویستی کرد بە وریاییەوە چەقۆیەک بەکاربهێنە بۆ لێکردنەوەی و دواتر قوماشەکە بشۆ.

- نەوت و بەنزین: نەوت و بەنزین شلەی بەهێزن بۆیە تەنها پێویستە لەو کاتانەدا بەکاربهێنرێت کە بنێشتەکە زۆر بە توندی بە جلوبەرگەکاندا نوساوە و ڕێگاکانی تر سەرکەوتوو نەبوون لە لێکردنەوەیدا. 

پارچە ئیسفنجێک بە نەوت یان بەنزینەکە تەڕ بکە و بۆ بنێشتەکەی بەکاربهێنە دڵنیاببەرەوە لەوەی قوماشەکە بە بەنزین یان نەوتەکە تەڕ بووە و پاشان بە چەقۆیەک بە وریاییەوە هەوڵی لێکردنەوەی بدە و پاش لێکردنەوەی قوماشەکە بشۆ بۆ لێکردنەوەی پاشماوەی بنێشتەکە و بۆنەکەی.


سەرچاوەکان



878 بینین