ناپاکی

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-03-17:03:00 - کۆدی بابەت: 8123
ناپاکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ناپاکی یاخود خیانەتکردن کە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (Infidelity) یەکێکە لەو شتە دڵتەزێنانەی کە دەکرێت لە پەیوەندییەکی ڕۆمانسیدا ئەزموونی بکرێت، بۆیە زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە چی دەبێتە هۆی هاندانی خۆشەویستان بۆ ئەنجامدانی ناپاکی و بێ ئەمەکی.

لە توێژینەوەیەکدا، کە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی ٤٩٥ کەس ئەنجامدراوە کە ناپاکییان لە خۆشەویستەکانیان کردووە، چەند پاڵنەرێکی بنەڕەتییان بۆ ئەنجامدانی ناپاکی دۆزیوەتەوە، بەشداربووەکان بە گشتی گەنج بوون و تەمانیان نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبوو، بەڵام هۆکارەکانیان بۆ ئەنجامدانی ناپاکی هۆکاری باون و کە دەکرێت بە درێژایی تەمەن ئەنجامبدرێت.

هۆکارەکانی ناپاکی

١-کەمیی خۆشەویستی: هەستکردن بەوەی کە خۆشەویستەکەت ئەو کەسە نییە کە تۆ دەتەوێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیتر هەست بە خۆشەویستی و سۆزداری نەکەیت یان تەنانەت لە خۆشویستنیش بۆی پاشگەز بببیتەوە و هەست بە پەیوەندییەکی بێزارکەرانە دەکەیت، لەبەرئەوە نەبوونی خۆشەویستی هاندەرێکی بەهێزە بۆ ناپاکی و بەهێزترین هۆکارە.

٢- ئارەزووی سێکسی: یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە هەستکردن بە ڕازینەبوون بەو ژیانە سێکسییەی کە لە پەیوەندییەکەتدا هەیە، کە لەوانەیە لەبەرئەوە بێت کە هاوسەرەکەت ئارەزووی سێکسکردنی لەدەست داوە یان کەمبووتەوە یان تۆ دەتەوێت شتێکی نوێ تاقی بکەیتەوە کە کەسی بەرامبەر ناتوانێت پێت بدات، هەموو ئەمانەش دەبێتە هۆی ئەنجامدانی ناپاکی.

٣- پشتگوێخستن: یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە هەستکردن بەوەی کە خۆشەویستەکەت یان هاوسەرەکەت گرنگی تەواوت پێنادات و کاتی تەواوت لەگەڵ بەسەر نابات و تۆ وەک کەسێکی گرنگی ژیانی دانانێت. 

٤- لەڕادەبەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بە یەکێک لە ئاسانکارییە گرنگەکانی ناپاکی، چونکە بەهۆیەوە دەتوانیت زۆر بە ئاسانی پەیوەندی بە خەڵکەوە بکەیت و بەردەوام بیت لە قسەکردن لەگەڵیان بە درێژایی چەند کاتژمێرێک ئەگەر لە ماڵەوە بیت یان کار بکەیت یان تەنانەت ئەگەر لە هەندێک شوێنی گشتیشدابیت، چەندین ماڵپەڕ هەن کە خەڵکی دەتوانن تێیدا کۆببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستپێکردنی پەیوەندییەکی نوێ و هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی ناپاکی.

٥- نەبوونی توانای مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا: خۆلادان لە کێشەکان و نەتوانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا هۆکارێکی سەرەکی ناپاکییە، هەندێکجار لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان هاوسەرەکان کۆتایی بە بیانووەکان دەهێنن و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکی تر دەدەن کە دەبێتە هۆی کرانەوەی دەرگای ناپاکی، چەندین نموونە هەن کە هاوسەرەکان باس لەوە دەکەن کە هاوخەمێکیان دۆزیوەتەوە تا بتوانن کێشەکانیان لەگەڵ هاوبەشی پێبکەن و هەست بە ئاسوودەیی بکەن و دواتر ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی خۆشەویستی و پاشان ناپاکی. 

٦- ئالوودەبوون بە سایتە سێکسییەکان (پۆڕن): سایتە سێکسییەکان یاخود (پۆڕن) زۆر بە ئاسانی لە ئینتەرنێتدا بەردەستە و ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناپاکی و تێکچوونی پەیوەندییەکان لەمڕۆدا، ئینتەرنێت جیهانی (پۆڕن) بە فراوانی بەردەست دەخات، دەچیتە سەرهێڵ و لە گەڕانێکدا لە گوگڵ دەنووسیت، ئەوە زۆر ئاسانە، کاریگەرییە درێژ خایەنەکانی تەماشاکردنی (پۆڕن) زۆر زیانبەخشن، هەر بۆیە ئالوودەبوون بە پۆڕن یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بۆ ناپاکی لە پەیوەندییەکاندا.

٧- ئالوودەبوون بە خواردنەوە کحولییەکان یاخود ماددە هۆشبەرەکان: خواردنەوە کحولییەکان یان ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکن لە هۆکارە باوەکانی ناپاکی لە پەیوەندییەکاندا، زۆرجار ئالوودەبوون وا لە مرۆڤ دەکات بچێتە ناو خووێکی زیانبەخشەوە وەک درۆکردن و دزی و تەنانەت فێڵکردن.

٨- نەبوونی ڕێز و پێزانین: هەندێک جار هاوسەرەکان وا هەستدەکەن کە لەلایەن یەکترەوە ڕێز و پێزانینی تەواویان لێ نەگیراوە لە پەیوەندییەکەیاندا، کە ئەمەش لە کۆتایدا خۆشەویستی و پەیوەندی نێوان دوو هاوسەرەکە دەسووتێنێت، لە لایەکی ترەوە هاوسەرە ناڕازییەکان زۆرجار هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە بە دۆزینەوەی کەسێکی تر پڕبکەنەوە، لە کۆتاییدا لەوانەیە سنووری دۆستایەتی و خۆشەویستییەکەیان ببەزێنن و پەنا بۆ ناپاکیکردن بەرن.


سەرچاوەکان



732 بینین