خاتوون (٢٠٢١)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-13-20:34:00 - کۆدی بابەت: 8236
خاتوون (٢٠٢١)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاتوون (بە ئینگلیزی: Khatoon) (بە فارسی: خاتون) زنجیرەیەکی ئێرانییە کە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بڵاوکرایەوە، لە جۆری مێژووی و ڕۆمانسییە، نمرەی ٨.١/١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMdb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان.
ژمارەی ئەڵقەکانی ٢٣ ئەڵقەیە و لە دوو وەرز پێکهاتووە، وەرزی یەکەم هەشت ئەڵقە و وەرزی دووەم پانزە ئەڵقەیە.
زنجیرەکە لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەر (تینا پاکرەوان)ـە و هەریەکە لەم نواندنکارانە بەشدارییان تێدا کراوە:

  • نگار جەواهریان لە ڕۆڵی خاتوون
  • ئەشکان خەتیبی لە ڕۆڵی شێرزاد
  • میهران مودیری لە ڕۆڵی خاڵی خاتوون
  • شەبنەم موقەدەمی لە ڕۆڵی دایکی شێرزاد
  • بابەک حەمیدیان لە ڕۆڵی مفەوەز ڕەجەب ئۆف

چیرۆک

چیرۆکی دراماکە باس لە سەرەتاکانی مانگی ئابی ساڵی ١٩٤١ دەکات کە سەردەمانی جەنگی جیهانی دووەم بووە، وڵاتی ئێران لەلایەن هاوپەیمانانەوە داگیر کراوە، خاتوون چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە بەناوی (خاتوون) کە بۆ ژیان و وڵاتەکەی دەجەنگێت و چارەنووسی وڵات و خێزانەکەی دەردەخات دوای داگیرکردنی وڵاتەکەی.

کەسایەتیی خاتوون 

خاتوون ژنێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بووە لە سەردەمێکدا دەژیا کە ژنان دەچەوسانەوە و هیچ جۆرە ئازادییەکیان نەبوو، لەو هەموو کۆت و بەندەدا توانی بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵ ببێت کە ڕووبەرووی دەبوونەوە.
هەروەها ژنێکی چاونەترس و بوێر بوو، هونەری تەقەکردن بە چەکی دەزانی و دەیتوانی ڕووبەرووی دژمنان ببێتەوە.

خاتوون کێ بووە؟

خاتوون لەڕاستیدا کەسایەتییەک بووە بەناوی (بی بی مریەم بەختیاری) لە ساڵی ١٨٧٤ـدا و ناسراو بووە بە سەردار بەختیاری نووسەرێکی ئێرانی و لە ژنە چالاکوانەکانی ئەو کاتە بوو، خێزانەکەی بە یەکێک لە بەناوبانگترین خێزانە ئێرانییەکانی سەردەمی قاجارییەکان لە قەڵەم دەدران، کەسێکی ڕۆشنبیر و خوێندەواری سەردەمی خۆی بووە و پارێزگاری لە مافی ژنان دەکرد و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە باوک و براکانییەوە فێری هونەری گواستنەوەی سەرباز بۆ بەرەکانی جەنگ بووە.
هەروەها دەستی هەبووە لە ڕزگارکردنی شاری تاران و ئەسفەهان و جەنگی جیهانی یەکەمیشدا، سەرمایەی ماددی و مەعنەوی خێزانەکەی بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هاوپەیمانان، بی بی مریەم لە ساڵی ١٩٣٧ـدا کۆچی دوایی کردووە.
دراماکە کەسایەتی بی بی مریەم دەگێڕێتەوە لە ڕووی ڕووبەڕوبوونەوەی هاوپەیمانان و بوێری و چاونەترسییەوە، بەڵام دراماکە باسی کاتی جەنگی جیهانی دووەم دەکات لەکاتێکدا کە بی بی مریەم پێش جەنگی جیهانی کۆچی دوای کردووە.


سەرچاوەکان



1917 بینین