بڕۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-21-21:50:00 - کۆدی بابەت: 8346
بڕۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توخمی بڕۆم یان بڕۆمین (بە ئینگلیزی: bromine) توخمێکی کمیاییە و هێماکە بریتییە لە (Br)، گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە ٣٥، دەکەوێتە کۆمەڵەی ١٧ خشتەی خولییەوە کە پێیان دەوترێت هالۆجینەکان، سێیەم سووکترین هالۆجینە، لە پلەی گەرمی ژووردا شلێکی قاوەیی سوورباوە کە بە ئاسانی دەبێت بە هەڵمێک کە بەنزیکەیی هەمان ڕەنگی هەیە، تایبەتمەندییەکانی دەکەوێتە نێوان تایبەتمەندی کلۆر و یۆدەوە.

مێژوو

برۆم لە ساڵی ١٨٢٦ لەلایەن کیمیاگەری فەڕەنسی (ئەنتۆنی جڕۆم بالارد) لە کاتی کارکردن لەسەر پاشماوەی خوێی دەریا دۆزرایەوە، توخمی بڕۆمی بە تێپەڕکردنی کلۆر بەناو گیراوەی ئاویی پاشماوەکەدا جیاکردەوە، کە ئەم پاشماوەیە مەگنیسیۆم و بڕۆمیشی تێدابوو، دڵۆپاندنی ئەو ماددەیەی کە دەستی کەوت لەگەڵ دووانە ئۆکسیدی مەگنیسیۆم و ترشی گۆگردیک هەڵمێکی سووری لێ بەرهەم هات، کە دواتر چڕبوویەوە بۆ شلێکی ڕەنگ تاریک، چونکە پڕۆسەی جیاکردنەوە بڕۆم لە پرۆسەی جیاکردنەوە کلۆر دەچوو، (بالارد) پێشبینی ئەوەی کرد کە توخمێکی نوێی دۆزیەوەتەوە کە لە کلۆر دەچێت. لەبەر ئەوەی توخمی بڕۆم بۆنێکی ناخۆشی هەیە ناوەکەی لە دەستەواژەی یۆنانی بڕۆمۆز (bromos) هاتووە، کە بە مانای بۆنی ناخۆش دێت.
پێش (بالارد) کیمیاگەری ئەڵمانی (جەستس ڤۆن لێبیگ) بڕۆمی دۆزیبوویەوە، بەڵام بەهەڵە وای دانابوو کە ئەوە کلۆریدی یۆد بێت.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ٣٥
کۆمەڵە کۆمەڵەی ١٧ (هالۆجینەکان)
خول خولی ٤
خشتۆک p-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ar] 3d10 4s2 4p5

فیزیایی

دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) شل
پلەی شلبوونەوە −7.2  پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان 58.8 پلەی سیلیزی
چڕی  3.1028 g/cm3

بڕۆم شلێکی قاوەیی سوورباوە، هەڵمەکەی ڕەنگێکی زەردباوی هەیە، بۆنێکی توندی هەیە کە سووتێنەرە بۆ پێست و چاو و کۆئەندامی هەناسەدان، بەرکەوتن لەگەڵ هەڵمی خەستکراوی بڕۆم تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، دەکرێت کوشندە بێت.

کیمیایی

نزیکەی 3.14 گرام کە بڕۆم لە ١٠٠ میلیلیتر ئاودا لە پلەی گەرمی ژووردا دەتوێتەوە، گیراوەکە بە گیراوەی ئاویی بڕۆم ناسراوە، کە هەروەک گیراوەی ئاویی کلۆر ئۆکسێنێکی بەهێزە، هەروەها زیاتر بەسوودە چونکە بەخێرایی شی نابێتەوە. توانای لێکردنەوەی یۆدی هەیە لە ئەو گیراوەیەی کە یۆدیدی تێدایە، توانای لێکردنەوەی گۆگردی هەیە لە گۆگردیدی هایدرۆجین H2S. ترشی گۆگردۆز H2SO3 بە گیراوەی ئاویی بڕۆم دەئۆکسێنرێت بۆ ترشی گۆگردیک H2SO4. بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر گیراوەی ئاویی بڕۆم شی دەبێتەوە و ئۆکسجینی لێ دەردەچێت، لەم کارلێکەدا ڕوونکراوەتەوە:

بڕۆم لە گیراوەی ئاوی هایدرۆکسیدی ئەلکالییەکاندا دەتوێتەوە. 
بڕۆم دەکرێت لە ئاو دەربهێنرێت بە بەکارهێنانی توێنەری ئەندامی وەک چوارەکلۆریدی کاربۆن، کلۆرۆفۆڕم یان دووانە گۆگردیدی کاربۆن.
حەزی ئەلیکترۆنی بڕۆم بەرزە و لە هی کلۆرەوە نزیکە، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئۆکسێنێکی لاوازترە، کە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ لاوازتری ئاوێتەبوونی ئاویی بڕۆم دەگەڕێتەوە بە بەراورد بە ئایۆنەکانی کلۆرید. بەهەمان شێوە بەندی بڕۆم لەگەڵ کانزایەک لاوازترە لە بەندی کلۆر لەگەڵ کانزایەک. بڕۆم بە توندی لەگەڵ کانزا ئەلکالییەکان و فۆسفۆر، ئارزنیک، ئەلەمنیۆم و ئەنتیمۆنی کارلێک دەکات.

بەرهەمهێنان

سەرچاوەی سەرەکی پیشەسازی توخمی بڕۆم ئاوی زەریایە، کە لە ڕێگەی جێگۆڕکێی کیماییەوە بە بەکارهێنانی کلۆر و بوونی ترشی گۆگردیک دەردەهێنرێت، وەک لەم کارلێکەی خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە:

بەرهەمی کارلێکەکە گیراوەیەکی ڕوونی بڕۆمە، کە بە تێپەڕکردنی هەوا بەناویدا توخمەکەی لێ جیادەکرێتەوە، پاشان توخمی بڕۆم لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی گۆگرددا تێکەڵ دەکرێت، دواتر ئەم گازە تێکەڵبووانە بەناو کەلوویەکدا تێپەڕدەکرێن کە ئاوی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەم کارلێکە لەناو کەلووەکەدا ڕوودەدات:

ئەنجامی ئەم کارلێکە تێکەڵەیەکی ترشەکانە کە بە بەراورد بە ئاوی دەریا ئایۆنی بڕۆمیدی زیاتریان تیدایە، پاشان بەکارهێنانی کلۆر بۆ جاری دووەم دەبێتە هۆی لێکردنەوەی بڕۆم، کە دواتر بە تێپەڕکردنی بە شێی هەڵگری ئاسندا خاوێن دەبێتەوە و لە کلۆر جیادەبێتەوە.

بەکارهێنان

  • بڕۆم لە چەندین بواری جیاوازی وەک کیمیای کشوکاڵ، ڕەنگ، مێرووکوژ، دەرمان و ماددەی نێوانی کیمیاییدا بەکاردێت. هەندێک لە بەکارهێنانەکانی لەبەر ژینگەپارێزی قەدەغەکراون، بەڵام بەکارهێنانی نوێ بەردەوام لە دۆزینەوەدایە.
  • دەکرێت ئاوێتەکانی بڕۆم وەک دواخەری ئاگر بەکاربێن، دەکرێنە جۆرێکی ئیسفنج و پلاستیک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گڕگرتن، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەکارهێنانی بڕۆم بۆ ئەم مەبەستە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەر زیانە ژەهراوییەکەی بۆ ژینگە قەدەغەکراوە.
  • ئاوێتە ئەندامییەکانی بڕۆم لە دروستکردنی ئاگرکوژێنەوەی دەستیدا بەکاردێن.
  • بڕۆمیدی زیو لە فیلم فۆتۆگرافیدا بەکاردێت.


سەرچاوەکان



1139 بینین