مەولەوی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-24-22:30:00 - کۆدی بابەت: 8381
مەولەوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەیید عەبدولڕەحیمی کە ناسناوی (مەعدوومی) بووە و بە (مەولەوی) (بە ئینگلیزی: Mawlawi) ناسراوە، کوڕی مەلا سەعیدی تاوگۆزی و لە نەوەی مەلا یوسف جانی کوڕی مەلا ئەبووبەکری چۆڕییە، ڕشتەی پشتیان دەچێتەوە سەر خواناسی ناودار سەیید محەمەد زاهیدی کوڕی سەیید مەحمودی مەدەنی، کە بە ( پیر خدری شاهۆ) ناسراوە و لە نەوەی حەزرەتی حوسەینی کوڕی حەزرەتی عەلیی کوڕی ئەبوتاڵیب و فاتیمەی زەهرایە خوایان لێ ڕازی بێ. مەولەوی لە ساڵی ١٨٠٦ زایینی لە گوندی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوگۆز لەدایکبووە.

ژیاننامە

هێشتا منداڵ بووە ماڵی باوکی ناوچەی تاوگۆزییان بەجێهێشتووە و لە گوندی (بێژاوە) جێگیر بوون، لەوێ لەلای باوکی قورئانی پیرۆز و کتێبە وردەکانی خوێندووە و فێری نووسین بووە. پاشان بەپێی دابوونەریتی فەقێییەتی ڕۆیشتووە بۆ هەڵەبجە و لەوێ دەستی کردووە بە خوێندن. لە قوتابخانەکانی دەوروپشتی هەڵەبجە وەک خەرپانی و خورماڵ و بیارە و تەوێڵەش خوێندوویەتی، پاش ئەوە چووە بۆ پاوە و ماوەیەکیش لەوێ خوێندوویەتی، دواتر ڕۆیشتووە بۆ چۆڕ لە مەریوان کە مەڵبەندی کۆنی خۆیان بووە، دوای ماوەیەکیش خوێندن لەوێ چووە بۆ شاری سنە و لەوێ لە مزگەوتی وەزیر دامەزراوە. ئەو سەردەمە  سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەمانوڵڵاخانی گەورە بووە کە یەکێ بووە لە پیاوە بەناوبانگەکانی ئەردەڵان و مزگەوتی دارولئیحسان ئەو دروستی کردووە. دوای ماوەیەکی تریش لە سنەوە ڕۆیشتووە بۆ بانە و دواتر بۆ بۆ سلێمانی، لە سەردەمی ژیانی شێخ مەعروفی نۆدێدا بە فەقێیەتی لە مزگەوتی گەورە دامەزراوە .

پاش ماوەیەک مانەوە لە سلێمانی چووەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە قوتابخانەی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی لە مزگەوتی جامیعە دامەزراوە، لەلای مەلا صادقی تەوێڵەیی خوێندوویەتی. لە ئەو سەردەمەدا کە باوکی مەولەوی کۆچی دوایی کردووە، مەولەوی ماوەیەک خوێندنی پشتگوێ خستووە و خەریکی بەخێوکردنی براو خوشکەکانی بووە . پاشان دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و چووە بۆ قەڵای جوانڕۆ بۆ لای مەلا محەمەدی قازی و ماوەیەک لەوێش خوێندوویەتی، دواتر بۆ جاری دووەم چووەتەوە بۆ سنە لە مزگەوتی دارولئیحسان دامەزراوە. مەولەوی ئەم جارە زیاتر لە جاری پێشوو لە سنە ماوەتەوە و پاشان دیسانەوە هاتووە بۆ سلێمانی، لە خزمەتی مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشەییدا کە وانەبێژی قوتابخانەی مەڵکەندی بووە، خوێندوویەتی و لەلای ئەو تەواوی کردووە و مۆڵەتی مەلایەتیشی لەلای ئەو وەرگرتووە.

دوای مۆڵەت وەرگرتنی مەولەوی، بەپێی دابوونەریتی پادشاکانی بابان کە هەر فەقێیەک لە سلێمانی مۆڵەتی وەربگرتایە، یەکێک لە پاشازادەکان فەقێ مۆڵەت وەرگرتووەکە و کۆمەڵێک مەلا و فەقێی شار و کۆمەڵێک دەستە و دائیرەی خۆی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرت و ئەچوون بۆ سەیران بۆ سەرچنار، ئەحمەد پاشای بابانیش کە میانەی دۆستایەتیی لەگەڵ مەولەوی زۆر بووە، مەولەوی و کۆمەڵێک مەلا و فەقێ لەگەڵ خۆی بردووە بۆ سەیران. لە ڕێگەدا جووتیارێک سەری ڕێیان لێ دەگرێت و دەست دەکات بە سکاڵای حاڵی خۆی لای ئەحمەد پاشا، دەڵێت پارچە زەوییەکم هەیە هەموو ساڵێک دەیکەم بە تەڕەکاڵ و پێی دەژیم، ئەمساڵ یەکێک لە پیاوەکانی تۆ لێی داگیر کردووم و زۆریشم لێ دەکات بە جووتی خۆم بیکێڵم و بیکەم بە تەڕەکاڵ بۆ ماڵی پاشا. مەولەوی دێتە پێشەوە خۆی لە کابرای جووتیار تووڕە دەکات و ناهێڵێت ئەحمەد پاشا وەڵامی بداتەوە. کابرای جووتیار تووڕە دەکات و دەڵێت: "مەلا! تۆ لای خۆت مەلا و پیاوی ئایینیت، کە تکایەکم لای پاشا بۆ ناکەیت، بۆ وا لێم تووڕە دەبیت؟"، مەولەوییش پێی دەڵێت: "کابرا! مردووت بمرێت، من لەبەر بێ عەقڵیی تۆ تووڕە بووم لێت. ئاخر تۆ نەتبیستووە دنیا کێڵگەی قیامەتە؟ جا ئەگەر پاشا ئێستا بە جووتی بێگاری زەویی داگیرکراو نەیکێڵێت و نەیکات بە تەڕەکاڵ بۆ ماڵی خۆی، دنیای چۆن بۆ دەبێتت بە کێڵگەی قیامەت؟" ئەحمەد پاشا کە ئەم قسەیەی مەولەوی دەبیستێت، شەرم دەیگرێت و بە مەولەوی دەڵێت: "تکا دەکەم ئیتر بەس! کابرا تۆش بڕۆ زەویی خۆت بۆ خۆت و هەرکەس هات بەنزیکتدا لێت داگیر بکات و زۆرت لێ بکات، گوێی مەدەرێ و لە کەس مەترسە.

مەولەوی پاش مۆڵەتوەرگرتنی دەڕوات لە گوندی چرۆستانە کە گوندێکە لە نزیکی هەڵەبجە، دەبێت بە مەلا و مزگەوتێکی تێدا دەکاتەوە و چەند فەقێیەک ڕادەگرێت و دەست دەکات بە وانە وتنەوە پێیان. شوێنەکەی زۆر پێخۆش دەبێت تەنانەت باخێکیشی تێدا دروست دەکات. بەڵام دوای ماوەیەک دەگوێزرێتەوە بۆ گوندی گونە (گوندە) لە ناوچەی نەورۆڵی لە نزیکی چرۆستانەوە. لەوێش مزگەوتێک دروست دەکات و فەقێ ڕادەگرێت و حوجرەیان بۆ دەکاتەوە و بەپێی خوێندنی ئەوان و ئامۆژگاریکردنی موسوڵمانانەوە چەند ساڵێکیش لەوێ دەبێت.

پاشان لەوێشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کانی کەوە لە ناوچەی شەمێران کە نیشتمانی هۆزی (یەزدان بەخشی)ـیە. لەو سەردەمەدا سەرپەرشتی کردنی ئەو ناوچەیە بە دەست شێخ عەلیی عەبابەیلێییەوە بووە کە زۆر دۆستی مەولەوی بووە و ڕێزی گرتووە و خزمەتی کردووە. دواتر محەمەد پاشای جاف ناوچەکەی لەسەر خۆی تاپۆکردووە، بەڕێوەبردنی لە شێخ عەلی سەندووەتەوە و داویەتییە دەستی عوسمانی خاڵە کە پیاوموناسبی یەزدان بەخشی بووە. پاش ئەمە مەولەوی کانی کەوە بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەرشاتەی زێد و نیشتمانی کۆنی خۆی.

کە محەمەد پاشای جاف لەمە ئاگادار دەبێت نامەیەکی گلەیی ئامێز بۆ مەولەوی دەنووسێت. مەولەوییش لە وەڵامدا نامەیەکی بۆ دەنووسێت و بۆی باس دەکات کە لە پاش دەرچوونی شێخ عەلی یەوە لە شەمێران، دۆخی عەشیرەتەکەی وەک جاران نەماوە و بۆیە ناچاربووە لەبەر ئەوان بڕوات.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ناوچەی تاوگۆزی ژیانی تێدا گران بووە، مەولەوی هەر لەوێ ماوەتەوە و نەجووڵاوە و بە هەرجۆرێک بووە ژیانی بەسەربردووە، مەولەوی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا نابینابووە و حەوت ساڵی بە نابینایی بەسەر بردووە و کەپرەکەی ئاگری گرتووە و پەرتووکەکانی سووتاون، خۆی لە پارچە هۆنراوەیەکیدا ئاماژە بۆ ئەو ڕووداوە دەکات کە چۆن هۆنراوەکانی تێدا سووتاوە. لەمەوە دەرەکەوێت کە دەبێت مەولەوی هۆنراوەی زۆری لەناوچووبێت. چونکە بچووکی دیوانەکەی نە لەگەڵ ژیانی درێژی پڕ لە خۆشی و لە دەرد و مەینەتی و نە لەگەڵ دەستی باڵای لە هۆنراوەدا ڕێک ناکەوێت.

ئەو کتێبانەی مەولەوی دایناون

مەولەوی لەبەر ئەوەی کە شوێنێکی گونجاوی نەبووە تیایدا ئاسوودەبێت و ڕێگایەکی شک نەبردووە گوزەران و ژیانی خۆی بە ڕێکوپێکی لێوە دابین بکات، زۆر کاتیش ژیانی لە گواستنەوەدا بووە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەبوو هیچ نووسراوێکی لەدوا بەجێنەمایە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا چەند کتێبی بەنرخی نووسیوە و ماونەتەوە، دیوانێکی هۆنراوەشی لەدوا بەجێماوە کە لەبەرگیراوەی زۆر لێ نووسراوەتەوە، بە زۆر ناوچەی کوردستانیشدا بڵاوبووەتەوە. ئەم دیوانە هۆنراوەی یەکەمجار لە ساڵی 1935 بە دوو بەرگ لەگەڵ وەرگێڕانیدا بە هۆنراوە بۆ کرمانجی خواروو لەلایەن پیرەمێردەوە بڵاوکراوەتەوە.

کتێبە دانراوەکانی مەلەوی جگە لە دیوانەکەی ئەمانەن:

  1. کتێبێکی کوردی بە هۆنراوە لەبارەی عەقیدە و بیر و باوەڕی ئیسلامەوە. ئەم کتێبە هێشتا چاپ نەکراوە. 
  2. کتێبێکی تری کوردی بە هۆنراوە بەناوی (العقیدة المرضیة)وە لەبارەی عەقیدەی فیرقەی ئەشعەرییەوە کە لە دوو هەزار بەیت زۆرترە و لەوپەڕی جوانی و ڕەوانیدایە. ئەم کتێبە زۆر بەسوودە و مەولەوی خۆی حاشیەی زۆری لێ کردووە، هەروەها حاجی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ عوثمان سیراجودینیش زۆر حاشیەی لێ کردووە. لەبەرگیراوەی تەواوی ئەم کتێبە لەلای حاجی مەلا خالیدی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای موفتیی سنە و لەلای حاجی مەلا سەعیدی ساداوایی هەیە.
  3. کتێبیکی بە فارسی بە هۆنراوە لەبارەی عەقیدە و بیروباوەڕی موسوڵمانانەوە کە ناوی (الفوائح)ـە واتە شتە بۆن خۆشەکان یان بۆنی خۆش گەیەنەکان. ئەم کتێبەش لە هەزار بەیت زیاترە. ئەم کتێبە و کتێبی دووەم بە یەکەوە لە میسر لەلایەن خوالێ خۆشبوو (محی الدین صبری النعیمی الکانی مشکانی)ـیەوە چاپکراون. 
  4. نامیلکەیەکی لەبارەی چەسپاندنی دروستی (رابطە)وە کە یەکێکە لە ئادابی تەریقەتی نەقشبەندی. ئەم نامیلکەیە بە فارسییە و هێشتا چاپ نەکراوە.
  5. کتێبێکی هۆنراوەی ڕەنجەزە بە عەرەبی ناوی (الفضیلة)یە، 2031 هۆنراوەیە لە بارەی زانستی ئوسووڵی دینەوە. ئەم کتێبە کتێبیکی زۆر بایەخدارە، مەولەوی بە فەرمانی شێخ محەمەد بەهائەدین دایناوە و لە سەردەمی ژیانی خۆیدا زۆر خوێنراوە.

نموونەی هۆنراوە

ئیمشەو تەنیا بێ جەستەی زەبوونم

ئیمشەو تەنیا بێ جەستەی زەبوونم

دیسان سەرواز کەرد دڵەی پڕ هوونم

خەیاڵانی خام هاوردم بەردم

هاوار جە دەمەی هەناسەی سەردم!

زووخاو گێج مەدا دیگی دەرووندا

هووناو هورشاناش جەستەی زەبووندا

ڕەنگا ڕەنگ ڕەنگ، ڕەنگ گوڵگوون هوونم

قرچەی برێشتەی کوورەی دەروونم

چون دانەی سەر ساج هور ئامام جارجار

جە تاوی دووکەڵ، جە شەرارەی نار

سۆزیام هەی سۆزیام، وێنەی شوعلەی نوور

بیم سورمەی سوبحان ئاوەردەی کۆی توور

من قەقنەس نەویم، ها بیم وە قەقنەس

یەکجاریچ ئیمشەو، ها بەرشیم جە دەس

ئەوەند خەیاڵان بەردم وە دەروون

پەی دووریی یاران بەتەر بیم زەبوون

ڕۆ جە شەو فێشتەر، زار و زەلیلم

ساقی! سا جامێ، ئەمجار دەخیلم

بدەر پێم نۆش کەم چون هەردەجاران

وە ڕەغمی گردین گرۆی مەیخاران

خێزان

مەولەوی هاوسەرگیری لەگەڵ (عەنبەرە خاتوون)ـی ئەفغانی کردووە، كە یەكێک بووە لە ئەو چەند ئەفغانییانەی لە وڵاتی خۆیانەوە كۆچیان كردووە بۆ كوردستان، مەولەوی تەمەنێکی باش و خۆش و پڕخۆشەویستی لەگەڵ عەنبەر خاتوون بەسەربردووە. ئەمەش بەوەدا دەردەكەوێت كە بە مردنی عەنبەر خاتوون دنیا لە پێش چاوی مەولەوی تاریك بووە، چەند پارچە هۆنراوەی ناسكی پڕسۆزی لە لاواندنەوەیدا وتووە، كە بەرزترین نموونەی هۆنراوەی خۆشەویستی و لاواندنەوەن لە ئەدەبی كوردیدا.

مەولەوی و عەنبەر خاتوون چەند كوڕ و كچێکیان بووە. کە ناوی كوڕەكانی ئەمانەن: سەیید محەمەد كە گەورەبووە و ژنی هێناوە، بەڵام پێش مردنی مەولەوی بە گەنجی مردووە و لە گوندی (گوندە) بە خاك سپێرراوە. کوڕی دووەمی شێخ محەمەدە كە ئەمیش بە هەمان شێوە گەورە بووە و ژنی هێناوە، بەڵام بە گەنجی مردووە و كوڕێكی لێ بەجێماوە كە ناوی عەلی بووە. 

کوڕی سێیەمی سەید عەبدوڵڵا كە زۆر ژیاوە و چەند ژنی هێناوە و چەندین وەچەی لێ كەوتووەتەوە. کوڕی چوارەمی ناوی هیدایەت بووە كە بە گەنجی بەر لە ژن هێنان مردووە. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٨٨٢ زایینیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە گوندی (سەرشاتە) لەسەر بەرزایییەک بەخاک سپێردراوە.

 


سەرچاوەکان



2356 بینین