تاهیر تۆفیق

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-04-25-15:01:00 - کۆدی بابەت: 8386
تاهیر تۆفیق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاهیر تۆفیق ئاوڕەحمان حەمەد شێخانی ناسراو بە تایەر تۆفیق (بە کوردیی باکووری: Tahîr Tewfîq) گۆرانیبێژێکی کورد بوو. نازناوی بنەماڵەکەی شێخانییە. لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری کۆیە لە گەڕەکی بەفری قەندی لەدایکبووە.

ژیاننامە

لە ساڵى ١٩٢٩ لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی بردوویەتی بۆ حوجرەی (مەلای ڕەش) و لەوێ خوێندنی قورئانی تەواو کردووە. هەر لەوێشەوە فێری ئەلف و بێی کوردی و عەرەبی بووە. لە ساڵی ١٩٣٢ دەچێتە خوێندنگای سەرەتایی و لەبەر زیرەکیی لە پۆلی دووەم دادەنرێت و تاکو پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە. لە ساڵى ١٩٣٦ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەهرەی گۆرانیبێژیی هەبووە و مامۆستاکانی هانیان داوا سروود و گۆرانی بڵێت. لە ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٤٣ بەهۆى گرانى و هەژارییەوە دەست بەرداری خوێندن دەبێت و لە شارەوانی کۆیە دەبێتە کرێکار ماوەیەکیش لەگەڵ حەمە تەیاری حەمە فەندی بە فەرمانبەری چووەتە پارێزگای بەسڕە. لە ساڵی ١٩٤٥ دەچێتە ئێستگەی ڕادیۆی بەغداد حەفتانە بۆ نیو سەعات گۆرانی دەڵێت، بۆ یەکەم جاریش گۆرانی (ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ) و بەستەی (کراس زەردێ)ـی تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە. تایەر لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دەگەڕێتەوە هەولێر و دەبێتە فەرمانبەر بە کاتبی ناحیەی سیدەکان. لە ساڵی ١٩٥٧ دەچێتەوە بەغداد و لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە کۆیە. ساڵی ١٩٧٥ ژیانی هاوسەریی پێک هێناوە و خاوەنی پێنج کوڕە بەناوەکانی ( سروود، سامان، سەنگەر، ماردین و ڕابەر). تایەر لە ساڵی ١٩٨٠ تووشی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە دەبێت چەند جاریش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چووە بۆ دەرەوەی وڵات بەڵام بێ سوود بووە.

ژیانی هونەری

تایەر تۆفیق لەسەرەتای ژیانی هونەریدا کەوتووەتە بەر کاریگەریی گۆرانیبێژە لێهاتووەکانی ئەوسای کۆیە وەک سێوە و مەلا ئەسعەد و سوودێکی زۆریشی لە هونەرمەند ئەحمەدی ‌حەمە مەلا وەرگرتووە، بەڵام کاتێک کە بازووی هونەری گۆرانی وتنی بەهێز بووە، هەوڵی داوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی هەبێ و لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی.

لە بەناوبانگترین گۆرانیی «شیرن بەهارە» کە هۆنراوەی ئیبراهیم ئەحمەدە و بە یەکێک لە بەچێژترین گۆرانییە کوردییەکان دادەنرێت.

تایەر تۆفیق لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە بووەتە سەر دەستەی مەقامبێژانی سەر شانۆی ئاهەنگەکانی نەورۆزی کورد و گەلێک گۆرانی نیشتمانی و نەتەوەیی بە دەنگە خۆشەکەی چڕیوە و گوێگرانی سەرسام کردووە، تایەر خاوەن دەنگێکی زوڵاڵی دڵگیر بووە و باشترین دەقی شاعیرە مەزنەکانی کوردی بۆ ئاوازەکانی هەڵبژاردووە.

تایەر تۆفیق شیعری شاعیرانی زۆری کردووە بە گۆرانی، وەکوو:

  • لەسەر شەو و ڕۆژی داناوە لە سەر شیعری حاجی قادری کۆیی
  • لەباخان ئاه و ناڵێن دێ لە سەر شیعری وەفایی
  • شیرین بەهارە لە سەر شیعری ئیبراهیم ئەحمەد
  • گولی سەربەستی لە سەر شیعری بەختیار زێوەر
  • بیست و ‌حەوت ساڵە لە سەر شیعری فایەق بێکەس
  • تۆراوە دڵی من لەسەر شیعری بێخود
  • شاعیرانی تر وەکوو: مستەفا بەگی کوردی، سافیی هیرانی، تایەر بەگی جاف، عوسمان عەونی، هەژار، هێمن، گۆران، مەدهۆش، دڵدار، دڵزار، مەجید ئاسنگەر و شار‌ەزا.

تایەر تۆفیق بەهونەرمەند و کەسێکی خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی ناسراوە و لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا گۆرانی بۆ کاربەدەستانی میریی نەوتووە و هەموو گۆرانییەکی بۆ کورد و بۆ شادکردنی دڵی هونەردۆستانی چڕیوە.

بەرهەمەکانی

  • تایەر تۆفیق لەماوەی ژیانیدا شەش نامیلەکە و پەرتووکی بەو دەقە شیعریانەی بەگۆرانی وتوویەتی بەچاپ گەیاندووە و لە هەموویان باشترین پەرتووکەکەی گوڵی سەربەستییە کە بە پێشەکی کەریم شارەزا لە ساڵی ١٩٨٣ بەچاپی گەیاندووە.
  • لە بەرهەمەکانی تری کراس زەردێ، شلێرە وای شلێرە، نەسرین ئەوڕۆ نەورۆزە.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە شاری کۆیە لە گۆڕستانی غەریبان بە خاک سپێردرا. ڕۆژی کۆچی دواییشی بە ڕۆژی هونەر ناسێنراوە لە کۆیە.


سەرچاوەکان



764 بینین